دڵزار شعرەکەت، دڵزار شعرەکەت
دڵزار نامەکەی پڕ شعوورەکەت
گەییشتە دەستم لە وەختێکی وا
کافر بە حاڵم نەبیتن، خوا!
ئەڵێی شەش سەد و کسوور قەرزاری
ئایا بۆ پارە زۆر گیانە هاری؟
زرنگ و هۆڕی درهەم و پارە
بۆ من خەیاڵی خەونی بەهارە!
درهەم بزانی لە جێیێ من هەم
بەگوڕ ڕائەکا لەم چەم بۆ ئەو چەم
من پیادەم و پارە سوارە
ڕاوکەری ئەوم لە ئەم دیارە
جارجار لە دۆڵێک ئەحەسێتەوە
کە ئەچمە سەری ئەسڵەمێتەوە
گومبەتە ئەدا و بە تاو ڕا ئەکا
من بێ مەلجەء و بێ پەروا ئەکا
بەڵام ڕۆژێک دێ دەردەستی بکەم
بە پەت وەکوو سەگ دەسڕستی بکەم
چەکمە حەساری ئەکەم وەکوو شێت
ڕاکێشی ئەکەم ئەیخەمە ژێر پێت