شاعیر: دڵدار کتێب: دیوانی دڵدار سەرناو: نامەیەک بۆ دڵزار (خاوەنی کتێبخانەی کۆیە) سەبارەت: کۆیە - ١٩٤٨ دڵزار شعرەکەت، دڵزار شعرەکەت دڵزار نامەکەی پڕ شعوورەکەت گەییشتە دەستم لە وەختێکی وا کافر بە حاڵم نەبیتن، خوا! ئەڵێی شەش سەد و کسوور قەرزاری ئایا بۆ پارە زۆر گیانە هاری؟ زرنگ و هۆڕی درهەم و پارە بۆ من خەیاڵی خەونی بەهارە! درهەم بزانی لە جێیێ من هەم بەگوڕ ڕائەکا لەم چەم بۆ ئەو چەم من پیادەم و پارە سوارە ڕاوکەری ئەوم لە ئەم دیارە جارجار لە دۆڵێک ئەحەسێتەوە کە ئەچمە سەری ئەسڵەمێتەوە گومبەتە ئەدا و بە تاو ڕا ئەکا من بێ مەلجەء و بێ پەروا ئەکا بەڵام ڕۆژێک دێ دەردەستی بکەم بە پەت وەکوو سەگ دەسڕستی بکەم چەکمە حەساری ئەکەم وەکوو شێت ڕاکێشی ئەکەم ئەیخەمە ژێر پێت ++++++++++++++++++++++