ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار چێشتی مجێور
٨٠. بەرەو بەغدا
زۆر کەس بە دایمی هاتوچۆی ماڵی شێخیان دەکرد. لەوانە دوو لاوی برا و زۆر نۆجوان و جوانچالاک بوون کە شێخ زۆری خۆشدەویستن و بە گفتی سەعدی: «سەر و سیڕێکی» دەگەڵیان هەبوو. زۆر شتی تری پشتی پەردەشمان دەبیستەوە کە باسیان شیاوی گێڕانەوە نییە...

قزڵجی و من هەردووکمان لەو ژیانە پەنابەریە وەڕەز ببووین؛ بڕیارم دا دوایی پێ بێنم. شێخ گوتی: مەڕۆ! من دوو گوندت تەسلیم دەکەم، بە سەریان ڕابگە.
- یا شێخ تۆ دەفەرمووی من دزی بکەم؟ بۆیە نەگەیوومە ئیرە. دەچمە بەغدا و کار دەکەم.

نامەیەکی بۆ عەلی کەماڵ بەگ نووسی کە ملیۆنیڕێک بوو. نووسی کارم بداتێ. قزڵجیش بەو هەوایە کە مام و ئامۆزای لە بەغدان، ملی دا و چووینە بەغدا. لە پێنج سەد تمەنەکە - کە دینار دوازدە تمەن بوو - شازدە دینارم مابوو. قزڵجیش بیست دینارێکی هەبوو. عارەبیمان نەدەزانی؛ بەڵام لە ترسان چووینە ئوتێلێک کە هیچ کوردی لێ نەبێ. شەو دەمانەویست شیو بخۆین، کابرای خاوەن ئوتێل - کە خۆی جەرگی برژاوی دەخوارد - حاڵی کردین کە ئێمەش وەک ئەو بکەین. جەرگیان بۆ هێناین. پاش تاوێک منداڵێکی چڵکنی بۆرەلۆکە، دەتگوت مشکی چەورە و دە خاکە ڕەژیدا گەوزاوە، هات گوتی: کوا قاپەکان؟

- قاپی کێ؟ (خاوەن ئوتێل پرسی)
- قاپی ئێرانییەکان!
وشەی «ئێرانی» لە قزڵجی بوو بە عیزرایل: ئەوە جاسووسە و بە گرتمان دەدا!
- کاکە! هەر کەس عەرەب نەبێ بە ئێرانی ناوی دەبەم ئەم هەتیوە پیسە چووزانێ جاسووس ماسووس چییە؟ !
هەر چی کردی دەگەڵی نەڕۆیشتم کە جێگە بگۆڕین و ئەو شەوە خەوی لێ نەکەوت.

لە زەمانی ڕەزاخاندا کەچەند هاودڵێکی کورد بوون و دڵی خۆمان دەداوە، باس باسی عەلی کەماڵ بوو کە دەمانبیست شەوانە سەر لە ئوتێلی بەغدا دەدا، هەر کوردێکی دەسکەوێ یاریدەی دەدا و هێندەهێندە کوردپەروەرە. بە دڵی خۆشەوە نامەی شێخمان هەڵگرت و دەفتەری کەماڵ بەگ بگرە و هاتم! زەلامێکی چاو هەڵپزاوی سوورە زرتە بوو. نامەی وەرگرت؛ بەر لەوە بیخوێنێتەوە بە تاڵییەوە گوتی: دەستم لێ هەڵناگرن! بابە من پووڵم لە کوێ بوو بیدەم بەو خەڵکە؟ بۆ ناڕۆنە سولەیمانی؟ !

گوتم: جەنابت نامەکەت نەخوێندۆتەوە؛ ئێمە سواڵکەر نین. نووسراوە کارمان پێ بسپێری.
خوێندیەوە، گوتی: ناوێرم کارتان بدەمێ؛ ئێوە خەتەرن. بۆ خۆتان کار پەیدا کەن! من دەتوانم سێ دینارتان بدەمێ!
- جەناب! سێ دیناریش مەدە و خوداحافیز...

بەڵام نابێ جوانان بشکێنین: عەلی کەماڵ کۆنە ئەفسەری عوسمانی، مودیری ئەمنیەتی عێراق بووە. دەستی کردووە بە تیجارەت؛ بۆتە ملیۆنێر. زۆری یاریدەی حیزب و کۆمەڵانی ئازیدیخوازی کورد کردووە. پووڵی بۆ شۆرشی مەلامستەفا ناردووە و زۆر دۆستی بووە. لە هەموو دەورانی پەرلەمانی عێراقدا وەکیلی سولەیمانیە بووە. موڵکی زۆری لە دەوری شاری «کووت» دەبەر دەستا بوو. هەموو ساڵێک منداڵی فەقیری سولەیمانی بە جلک و کاغەز و قەڵەمی عەلی کەماڵ خوێندوویانە. منداڵی فەقیری شاری کووتیش - ئەگەرچی کورد نەبوون - هەروەتر. ئەمما هەولێر و کۆ و کەرکووک و شارەکانی کوردنشینی عێراق لەو خێراتە بێبەش بوون. پیاوێک بوو دەیزانی دەوڵەمەند دەبێ چ بکا و عەرەب گوتەنی: «لە کوێوە شان دەخورێ». لە سولەیمانیە هەڵیدەبژێرن؛ لە کووت لە کێشەی موڵکدا یاریدەی دەدەن و قازانجی دوو سەرەیە. مانگی دە دیناری داوە گۆڤاری «گەلاوێژ» بەو شەرتەی هەموو ژمارەیەک شتێکی دەربارەی پیاوەتی عەلی کەماڵ تێدابێ. بەڵام دوو ڕووتەی لێقەوماوی شۆرشی فەوتاوی قازی محەممەد و بارزانی (قزڵجی و من) هەرچی دەگەڵیان دکرێ، بە فیڕۆ دەڕوا و هەرگیز خێر ناداتەوە. بەڵام دیسان ئیدارە تەبلیغاتەکەی بڵاویان کردبۆوە کە دوو کوردی ئێرانی لێقەوماو هاتنە لای کەماڵ بەگ؛

بڕیاری دا هەر مانگێ یەکێ پێنج دیناریان بداتێ. پیاوەتی ئاوا دەبێ!!

پەراوێز edit