شاعیر: هەژار کتێب: چێشتی مجێور سەرناو: بەرەو بەغدا زۆر کەس بە دایمی هاتوچۆی ماڵی شێخیان دەکرد. لەوانە دوو لاوی برا و زۆر نۆجوان و جوانچالاک بوون کە شێخ زۆری خۆشدەویستن و بە گفتی سەعدی: «سەر و سیڕێکی» دەگەڵیان هەبوو. زۆر شتی تری پشتی پەردەشمان دەبیستەوە کە باسیان شیاوی گێڕانەوە نییە... قزڵجی و من هەردووکمان لەو ژیانە پەنابەریە وەڕەز ببووین؛ بڕیارم دا دوایی پێ بێنم. شێخ گوتی: مەڕۆ! من دوو گوندت تەسلیم دەکەم، بە سەریان ڕابگە. - یا شێخ تۆ دەفەرمووی من دزی بکەم؟ بۆیە نەگەیوومە ئیرە. دەچمە بەغدا و کار دەکەم. نامەیەکی بۆ عەلی کەماڵ بەگ نووسی کە ملیۆنیڕێک بوو. نووسی کارم بداتێ. قزڵجیش بەو هەوایە کە مام و ئامۆزای لە بەغدان، ملی دا و چووینە بەغدا. لە پێنج سەد تمەنەکە - کە دینار دوازدە تمەن بوو - شازدە دینارم مابوو. قزڵجیش بیست دینارێکی هەبوو. عارەبیمان نەدەزانی؛ بەڵام لە ترسان چووینە ئوتێلێک کە هیچ کوردی لێ نەبێ. شەو دەمانەویست شیو بخۆین، کابرای خاوەن ئوتێل - کە خۆی جەرگی برژاوی دەخوارد - حاڵی کردین کە ئێمەش وەک ئەو بکەین. جەرگیان بۆ هێناین. پاش تاوێک منداڵێکی چڵکنی بۆرەلۆکە، دەتگوت مشکی چەورە و دە خاکە ڕەژیدا گەوزاوە، هات گوتی: کوا قاپەکان؟ - قاپی کێ؟ (خاوەن ئوتێل پرسی) - قاپی ئێرانییەکان! وشەی «ئێرانی» لە قزڵجی بوو بە عیزرایل: ئەوە جاسووسە و بە گرتمان دەدا! - کاکە! هەر کەس عەرەب نەبێ بە ئێرانی ناوی دەبەم ئەم هەتیوە پیسە چووزانێ جاسووس ماسووس چییە؟ ! هەر چی کردی دەگەڵی نەڕۆیشتم کە جێگە بگۆڕین و ئەو شەوە خەوی لێ نەکەوت. لە زەمانی ڕەزاخاندا کەچەند هاودڵێکی کورد بوون و دڵی خۆمان دەداوە، باس باسی عەلی کەماڵ بوو کە دەمانبیست شەوانە سەر لە ئوتێلی بەغدا دەدا، هەر کوردێکی دەسکەوێ یاریدەی دەدا و هێندەهێندە کوردپەروەرە. بە دڵی خۆشەوە نامەی شێخمان هەڵگرت و دەفتەری کەماڵ بەگ بگرە و هاتم! زەلامێکی چاو هەڵپزاوی سوورە زرتە بوو. نامەی وەرگرت؛ بەر لەوە بیخوێنێتەوە بە تاڵییەوە گوتی: دەستم لێ هەڵناگرن! بابە من پووڵم لە کوێ بوو بیدەم بەو خەڵکە؟ بۆ ناڕۆنە سولەیمانی؟ ! گوتم: جەنابت نامەکەت نەخوێندۆتەوە؛ ئێمە سواڵکەر نین. نووسراوە کارمان پێ بسپێری. خوێندیەوە، گوتی: ناوێرم کارتان بدەمێ؛ ئێوە خەتەرن. بۆ خۆتان کار پەیدا کەن! من دەتوانم سێ دینارتان بدەمێ! - جەناب! سێ دیناریش مەدە و خوداحافیز... بەڵام نابێ جوانان بشکێنین: عەلی کەماڵ کۆنە ئەفسەری عوسمانی، مودیری ئەمنیەتی عێراق بووە. دەستی کردووە بە تیجارەت؛ بۆتە ملیۆنێر. زۆری یاریدەی حیزب و کۆمەڵانی ئازیدیخوازی کورد کردووە. پووڵی بۆ شۆرشی مەلامستەفا ناردووە و زۆر دۆستی بووە. لە هەموو دەورانی پەرلەمانی عێراقدا وەکیلی سولەیمانیە بووە. موڵکی زۆری لە دەوری شاری «کووت» دەبەر دەستا بوو. هەموو ساڵێک منداڵی فەقیری سولەیمانی بە جلک و کاغەز و قەڵەمی عەلی کەماڵ خوێندوویانە. منداڵی فەقیری شاری کووتیش - ئەگەرچی کورد نەبوون - هەروەتر. ئەمما هەولێر و کۆ و کەرکووک و شارەکانی کوردنشینی عێراق لەو خێراتە بێبەش بوون. پیاوێک بوو دەیزانی دەوڵەمەند دەبێ چ بکا و عەرەب گوتەنی: «لە کوێوە شان دەخورێ». لە سولەیمانیە هەڵیدەبژێرن؛ لە کووت لە کێشەی موڵکدا یاریدەی دەدەن و قازانجی دوو سەرەیە. مانگی دە دیناری داوە گۆڤاری «گەلاوێژ» بەو شەرتەی هەموو ژمارەیەک شتێکی دەربارەی پیاوەتی عەلی کەماڵ تێدابێ. بەڵام دوو ڕووتەی لێقەوماوی شۆرشی فەوتاوی قازی محەممەد و بارزانی (قزڵجی و من) هەرچی دەگەڵیان دکرێ، بە فیڕۆ دەڕوا و هەرگیز خێر ناداتەوە. بەڵام دیسان ئیدارە تەبلیغاتەکەی بڵاویان کردبۆوە کە دوو کوردی ئێرانی لێقەوماو هاتنە لای کەماڵ بەگ؛ بڕیاری دا هەر مانگێ یەکێ پێنج دیناریان بداتێ. پیاوەتی ئاوا دەبێ!! ++++++++++++++++++++++