ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار چێشتی مجێور
٨١. بەدووی کارێکدا
پەنامان بە مام و ئامۆزای قزڵجی برد. ئامۆزاکەی جەمەنانێکی داینێ؛ مامیشی نسحەتی کردین ببینە واکسی لە بەغدا ئیتر نەماندیتنەوە. با بۆ خۆمان حەولی کار بدەین. ئوتێل دەری نەدەهێنا؛ بەجێمان هێشت. کۆنە خانێک هەبوو بە ناوی «منزل السرور»، چەند وەتاغێکی شڕ و شەوێفی تێدابوو؛ وەتاغێکمان مانگی بە دینارێک گرت. دوو تەختی هەرزانی نووستن، مەنجەڵێکی ئەڵمونیۆم، دوو قاپ و کەوچکێک، کەتری و چادان و ئیستیکان، تاوەیەکی قوڕکێشی بۆ جلشوتنمان کڕی؛ دامەزراین. وەتاغەکنی تەنیشتمان هەر یەکەی یەکی لە ئێمە بەدبەختتری تێدابوو. من کەرستەم لە بازاڕ دەکڕی و قزڵجی ئاشپەز و چاپەز بوو. سەر و حەسیر و پەتووشمان هەبوو. بە قەوڵی قزڵجی «سیرمان دەخوارد و زوڕنامان لێ دەدا». چێشتی هەرە خۆمان یارەڵماسی و پیوازاو بوو.

هەر لە بەیانییەوە تا نیوەڕۆ، لە پاش نیوەڕۆ تا ئێوارە، سەر لە بەری جادە و بازاڕم دەپێوا؛ بە بەر هەموو دوکانانەوە ڕادەوەستام؛ بە ملکەچییەوە دەمپرسی: شوغڵ ماکو؟ (کارت نییە؟ ). بۆ کابرایەکی کەس نەناسی زماننەزان کار کوا؟ بە ناهومێدی دەگەڕامەوە و تێرم گلەیی لە زەمانە دەکرد و لە خەمخانەدا کزوولە کزوولە دەنووستین.

وەتاغەکەمان دیوارەکانی زۆریان قەڵش تێدابوو کە پڕ بوون لە مارمێلکەی ماڵی؛ کە بەغدایی پێیان دەڵێن: «باڵداری سولەیمان». هاتوچۆی مارمێلکە بەدیواراندا ببوە ئاودەنگی خەمڕەوێنمان. جیرانێکی دیوار بە دیوار بوو بە ناو «ساڵح ئەفەندی» پیرەمێدێکی بێکەس بوو؛ خۆی بە خودا دەزانی. ئەوەشمان بەوەدا بۆ دەرکەوت کە هەمیشە قورعانی دەخوێند؛ جار جار سەرێکی بۆ بادەدا، لیچی لێ هەڵدەقرچاند، لەبەر خۆیەوە بە بۆڵە دەیگوت: با وابێ! دەمانپرسی: ها! ساڵح دەفەندی؟ دەیگوت: لە بیرم نییە من وام گوتبێ؛ بە غەڵەتیان نووسیوە؛ بەڵام دەسەڵات چییە؟ !

خانەکە هەر ئەو چەند وەتاغە شرە نەبوو. شەوانە پتر لە سەد کەس پیاوی بێ جێگە، دەحەسارەکەیدا دەنووستن؛ شەوی بە بیست فلس. ئاویش لە بۆشکە دەکرا و بە دەستندە دەماندرایە. دوکانێکی کابرایەکی جوولەکەی «منەشێ» ناویان نیشاندام کە خزمەتکار بۆ ماڵان دەگرێ. پەنام پێ برد. گوتی: نە دەتناسم، نە زمان دەزانی. ئەگەر هەر بتزانیبا قاوەی تاڵیش دروس کەی شتێک بوو. کاری تۆم نییە.

بەیانییە بە قرپ و هۆڕی پێکەنینی قزڵجی وەخەبەر هاتم:
- خێرە؟
- خونم دیوە؛ کابرایەک لە خەوما گوتی: بۆ ناچنە مەرقەدی غەوس بۆ کار بپاڕێنەوە؟
قزڵجیەک کە بە عومری خۆی عەقیدەی بەو شتانە نەبوو، لەو ناچارییەدا تەواو دڵگەرمی خەونەکەی بوو. چووینە زیارەتی غەوس و پاراینەوە؛ بەهرەی نەدا. چەند ڕۆژێکی پێ چوو؛ خەونێکی دیکەی دیبوو:
- کابرایەک لە خەوما گوتی: غەوس چکارەیە؟ بۆ ناچینە زیارەتی ئیمام مووسا کازم؟

ناچاری هەموو کار بە پیاو دەکا. چووینە کازمین و داوای کارمان کرد؛ بەڵام لە گەڕانەوەدا بیست فلسی ئوتووبووسمان نەبوو. بە پیادەیی گەڕاینەوە بەغدا. ئیمامیش وەک غەوس گووی بە کڵاوی نەپێواین.

گوتیان: «حەمە سەعید کانی ماران» لە بەغدا دەخوێنێ. ئۆخەی! برادەرێکم پەیدا کرد کە لە سەفەری مەرگەوەڕ دەگەڵی بوومە ئاشنا و مانگێک لە سابڵاغ میوانم بووە. بەپرسباران دۆزیمەوە. دیتمی گریا... قەولی دا کارمان بۆ پەیدا کا. جارێک گوتی: ئاسنگەرێک دەناسم، تکام لێ کردووە؛ قەولی داوە بتکاتە شاگرد؛ بەڵام تا شەش مانگ هیچت ناداتێ.
- برا گیان وا بکە ڕۆژێ دوو نانی وشکم بداتێ قبووڵمە.
- نانت داتێ؟ !
بۆ خۆی کوڕە دەوڵەمەندێکی زۆر زل بوو؛ ئەوەندەی دەخۆ ڕانەدەدی بڵێ من دوو نانەکە دابین دەکەم. ئەو کارەشم بە نەسیب نەبوو.

زۆر لە مێژ بوو شتێکی چەورمان نەخواردبوو. شەوێک کە بە خەیاباندا دەگەڕاین، دیتمان قاشە باینجانی ڕەش سوور دەکەنەوە؛ هێندێکامان کڕی و دە کاغەزمانەوە پێچا و هاتینەوە ماڵ کە چاشی بۆ لێنێین و ئەمشەو جەژنی بکەین! بەڵام داخەکەم باینجان تاڵێک بوو لە قوزەڵقورت تاڵتر.

قزڵجی و من دوو کراسمان دە بەردا بوو کە هەردووکیان یەخەیان لە پشتەوە زۆر شڕ ببوو. نەشماندەتوانی کراسە کۆنیش بکڕین. گوتمان با بچینە لای خەیاتێک یەخەکەمان بۆ وەرگێڕێ؛ بەڵام سەودای دەگەڵ دەکەین، نابێ لە دە فلس زیاتر بدەین. هەر خەیاتێک چووین، بێ سەودا کردن دەریدەکردین: ئەوە کاری من نییە! کاکە با خەیاتێکی خوێڕیلەی بێکاری برسی پەیدا کەین. بە کۆڵاناندا دەگەڕاین، عەرەبێکی عەگاڵ بە سەر لە پشت ماشینێکی خەیاتییەوە دانیشتبوو. بە ملکزی و مینگە مینگ گوتمان: برا ئەو کراسەمان بۆ وەرگێڕە.

گوتی: بدەن!
- ئاخر چەندمان لێ دەستێنی؟
- ئێوە بێنن، دوایی پێتان دەڵێم.
- نا بە خوا پووڵمان نییە. ئێستا بڵێ چەندەت دەوێ؟
- دە فلس بۆ هەر یەکیان.
- هەی ماڵت ئاوا!
یەخەی کراسی وەرگێڕا. دڕاوی لای ژوورەوەشی پینە کرد. دە برمان کردەوە. بیست فلسمان دەرێنا. گوتی: هیچم ناوێ، بەو شەرتەی هەر کەرێکی واتان هەبوو بێنەوە لام. من عەکسی جوانی خۆم لە ئێوەدا دیت.
- چۆن؟

لە نەجەف هاتمە بەغدا کار بکەم. دورمانی بە دەستم دەزانی. یەک فلسم دە گیرفاندا نەبوو. خودایە! لە کوێ بنووم؟ نان چۆن پەیدا کەم؟ پاش نوێژ بوو، بە بازاڕی ئەحمەدیدا بە خەیاتانەوە دەگەڕام. بە دوگمە و دڕاو دروونەوە بیست فلسم پەیدا کرد. چوومە مزگەوتی ئەحمەدی، لە سەر حەسیری بەر هەیوان بەردەمۆرەم دانا نوێژ بکەم، مجێور هات بەردەمۆرەیکەی فڕێ دا و بە پاڵەپەستۆ دەریکرد. مەلای مزگەوت بەزەی پێمدا هات، خۆی لە مجێور تووڕە کرد؛ گوتی: کوڕم! بڕۆ نوێژی خۆت بکە. ئەگەر جێگەی خەویشت نییە شەوانە لە حەساری مزگەوت بخەوە. ڕۆژانە دەچوومە کار پەیدا کردن و پاش عەسر دەهاتمەوە حەوشی مزگەوت. پاش عەسر کە مزگەوت چۆڵ دەبوو، چارەگە قالبێکم سەهۆڵ بە بیست و پێنج فلس دەکڕی و دەمخستە کووپەی ئاوخواردنەوە و کەس نەیدەزانی منم. ڕۆژێ سەهۆڵم خستە ناو کووپە، مەلا خۆی لێ گرتبووم، دیتی من ئەو کارە دەکەم. لە پاش جەماعەتی نوێژێ شێوان گوتی: ئێوە چەند ساڵە لەم مزگەوتە نوێژ دەکەن قەت دەستتان بۆ گیرفانتان نەچووە سەهۆڵ بکرن. ئەم کابرا غەریبە نەجەفییە کە لە حەسار دەنوێ، سەهۆڵاوی بۆ ئێوە ساز کردووە... ئیتر لەو ساوە لە بەر هەیوانی مزگەوت لە سەر حەسیر دەنوستم. جا دێستا ڕەنگە ئێوە بە فەقیرم بزانن. نەخێر ئەم دوکانەم هەیە؛ خانووبەرەشم لە شارۆکەی وەششاش کڕیوە؛ ژن و منداڵیشم هەیەو زۆر سازم. بەڵام ئێوە ئەو ڕۆژانەتان بیر خستمەوە.

ئیتر لەو ساوە تەواو ببوە دۆستمان و ئەگەر لە هەفتەدا جارێک سەرمان نەدابا، گلەی لێ دەکردین.

پەراوێز edit