ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار چێشتی مجێور
٨٢. مەرقەدی غەوس و مام حوسێنی کەڕەناچی
جارێکی تر حەمە سەعید گوتی: ئەگەر «عەنباری» دەکەن کارم بۆ دیتوونەوە. دیارە عەنباری یانێ «عەنبارداری» و زۆر کەرێکی چاکە. بەڵێ زۆر مەمنوونین. بردینە لای تاجرێک. تاجر تەلەفۆنی کرد و ئادرێسێکی داینێ کە بچن لای «ڕەشید جەودەت» عەمباری بکەن. چەند ئوتووبووسمان گۆڕێ و نزیکەی چوار کیلۆمیتر بە جادەی خاکیدا بە پیادە ڕۆیشتین. گەیشتینە کارخانەیەکی سەهۆڵ و خۆمان ناساند کە ئێمەین تەلەفۆنمان بۆ کراوە. ڕەشیدی خاوەنی کارگە کوردێک بوو؛ قەدەرێک ڕوانیە سەر و سووکتمان و سەرێکی ڕەوەشاند و گوتی: برا عەنباڵی سەهۆڵ بار کردن کاری ئێوە نییە؛ وەرن! بردینیە سەیری حەمباڵەکان، لە ناو قوڕ و تەڕیدا تلیسابوونەوە، هەموو زەردی ڕەنگ توڵخی بە کۆخەکۆخ.

گوتی: هەر سەعاتەی دەبێ کامیۆنێک بار کەن. شەو و ڕۆژ هیچیان لە بیست دەقیقە پتر ئیستراحەت ناکەن. هیچ کارگەرێک دوو مانگ بەرگەی ناگرێ و دەمرێ و ئیدیکە پەیدا دەکەم. من دڵم بڕوا نادا ئێوە بکوژم.
من حیرس گرتمی، گوتم: هەر چەند عەنبارم بە عەنبارداری دەزانی بەڵام ئەو حەماڵییەش دەکەم.
کابرا قبووڵی نەکرد و بەو ڕێگە دووڕەدا هەناسەسارد گەڕاینەوە.
گوتیان جولەکەیەکی سابڵاغی دەڵاڵی بازاڕە و لە خانێکە. چوومە لای و دەردی بێکاریم لە لا هەڵڕشت.
- سابڵاغیت؟
- بەڵێ.
دە بچۆ لای «منەشێ» بڵێ «یەرمیا لاوی» ناردوومی.
- چوومە لای منەشێ، جوابی کردم.
- ئەو جاریش بچۆ...

«منەشێ» کە زانی «یەرمیا» ڕایسپاردووم، گوتی: ئەمڕۆ بیست و سێە؛ سەری مانگ وەرە کارت بۆ پەیدا دەکەم. خەبەرەکەم بۆ یەرمیا هێنایەوە.

- باشە ڕاوەستە.
- کوڕە چۆن حەوت ڕۆژ ڕاوەستم؟ هەر ئێستا ئەوە لە برسان قۆڕەی زگمە، چوار فلس شک نابەم بیدەم بە نانێک.
- من خواردنت دەدەمێ.
- خوا بتهێڵێ؛ بەڵام بڕیارم داوە ڕەنجی شانی خۆم نەبێ نانی کەس نەخۆم.
هەرچی کردی و کڕاندی فایدەی نەبو. پووڵی دەرێنا بمداتێ نەمویست، گوتی:
- دەسا بچۆ مەرقەدی غەوس، حوسێنی کەڕەناچی ببینە و بڵێ یەرمیا ناردوومی؛ کارم بدەیە. کابرایەکی ڕیش سپی، لیباسی عارەبی، لە حەساری دیوەخانی نەقیبی غەوس لە سەر کورسییەک بەرانبەر بە قاوەجاخ قلیان ئاوی دەکێشا و لینگی لەسەر لینگی دانابوو. ئەسپاردەی یەرمیام پێگوت. گوتی دانیشە.
- چای بۆ بێنن!
- دەی مامە کارت هەیە بیکەم؟
- بەڵێ، من چیم کرد و چیم خوارد، تۆش وەک من. هەستە با حەسار ئاوپرژێن کەین.
نیوەڕۆ گۆشت و پڵاو بە پێی فیلان بوو؛ زۆرمان لە بەر مایەوە. بە شەرمێکەوە گوتم: هەواڵێکم هەیە، دەتوانم تۆزێکی بۆ بەرم؟
- چۆن ناتوانی؟ هەموو ڕۆژ بۆی بەرە.
بە پڵاوی ماڵە نەقیبەوە مژدەی کارم بۆ قزڵجی هێنا و گەڕامەوە سەر کار. هەر دڵەتەپەشم بوو کە نەوەکا ناهومێدەم کەن و دەربکرێم.

نانی نیوەڕۆ و شەوم دابین بوو؛ بەڵام بەرچیی باسی نەبوو؛ پووڵیش نەبوو؛ نەشمدەکرا تا نیوەڕۆ هیچ نەخۆم. فکرێکم کردەوە: بەیانیان چوار فلسم دەدا بە خورما، هەم نان و هەم چا؛ تا نیوەڕۆ هەر دەمبەم دەهات. چابوو شوکور ئەودەمە جگەرەم تەرک کردبوو؛ دەنا مەخسەرەی سەگم بە سەر دەهات.

مام حوسێن کۆنە سابڵاغی بوو. زۆر لەمێژ ساڵ بوو لە زەمانی عوسمانیدا بووە جەندەرمە؛ ببوە قاوەچی. پاش هەڵگێڕ وەرگێڕ کردنێکی زۆر جۆرە کاسبی، کەوتبووە ماڵی نەقیبان و ببوە سفرەچی. جا چونکە زۆر کاردارێکی لە مێژینەیان بوو، حورمەتێکی زۆری دەگیرا. بە نەقیبی غەوسی گوتبوو - کە ئەو دەم سەید عاسم بوو - ئەو کوڕە خزممە و زامنی دەکەم. ئەمینە با دەگەڵ من کار بکا. ژنەکەشی بێوەژنی ئەحمەداغا ناوێک و کچی فاتمە سووری دەفەزەنی سابڵاغی بوو. کوڕێکی ئەحمەد ئاغاشی پێ بوو. منیشی وەک کوڕی خۆی تماشا دەکرد. ڕۆژانە دەگەڵ مام حوسێن وەتاغمان دەماڵی و کاشیمان بە گونیەی تەڕ دەستڕێوە و حەسامان گەسک دەدا و ئاوپڕژێنمان دەکرد. بۆ دانان و هەڵگرتنی چێشت و نانی زۆر بەرماو دەمایەوە؛ مام حوسێن لە نێوان قاوەچی و خۆیدا بەشی دەکرد. کابرای قاوەچی ئەوی لە خۆی و ماڵی زیاد بوایە دەیفرۆشت. مام حوسێن بەشی زیادی خۆی دەدا بە فەقیران. لەو چێشتەز و حەڵاڵ و زەڵاڵەی کە بەرهەمی ئەرکدانم بوو، بەشی قزڵجیشم دەبر کە هەر لەخانەکە مابوو. شەوانە هەر لە دوەخانی نەقیب لە سەر نیمکەت دەنووستم. زۆر ماندوو دەبووم؛ بەڵام تەواو دڵم ڕەحەت بوو؛ کارم دەست کەوتبوو.

نەقیبی غەوس
ئامۆزایەکی قزڵجی شیرەشوانەی هێناوبۆوە! دوکانۆکێکی پەیدا کردبوو کە قزڵجی شەرتەبی تێدا بفرۆشێ. بەختی قزڵجی، لە تەنیشت ئەو ئوتێلێک دروست دەکرا کە پێشی دوکانەکەی ئەو گیرابوو؛ کەسی پێدا ڕانەدەبرد. شەربەت گەرم دادەهات و سەهۆڵی تێ دەخرایەوە و بە نەفرۆشراوی دەمایەوە. ئەویش چی لێ پەیدا نەبوو.

ڕۆژێک لە چێشتەنگاودا چوومە لای قزڵجی، بۆ هەوەڵجار دیتم گریابوو.
- خەبەر چییە؟
- کاکە ئەوە ژیان نییە؛ وەرە با بچینەوە سولەیمانی. هیچ نەبێ کوردستانە و ئاشنا و ڕۆشنایەکمان هەیە.
- تۆ خۆت دەزانی، بەڵام هەر گا بیستتەوە کەلاکێکی لە برسان مردوویان لە کۆڵانی بەغدا دیتۆتەوە، ئەوە بزانە منم. یان کار پەیدا دەکەم یان بە ناهومێدی سەر دەنێمەوە.
- ئێستا پووڵی قەتارم هەبا دەچوومە کوردستان.
دەست بەجێ چوومە هەڕاجەبازاڕ، تەختە تێلەکانی نووستنمان بە چوار دینار لە کابرایەک کڕیبوو، پێم گوت: بە چەندی لێم دەکڕیەوە؟
- سێ دینار، حەمباڵیش لە سەر خۆم.

پووڵم لێ ساند و شووتیەکم کڕی و دەگەڵ حەماڵ هاتمەوە و تەختەکانی برد. قزڵجی بڵیتی کڕی و ئێوارە لێم دوور کەوتەوە. وردە کەلوپەلم هێنا ماڵی مام حوسێن و بە تەنیا مامەوە.

ڕۆژێک گوتیان وەرە نەقیب بانگت دەکا. سەیرە فیرعەونێک بانگی مارمێلکەیەک بکا. چوومە خزمەتی. ڕاوەستابوو. دوازدە سەر حاجی کورد نیودایرە دەورەیان دابوو. نەقیب پرسی: ئەمەیە؟

حاجی یەک یەک تماشایان کردم؛ گوتیان: نەخێر هەو نییە!
مام حوسێن کە لە پشت نەقیبەوە بوو، دەمدی زەرد هەڵگەڕاوە و زۆر پرێشانە، ڕەنگی هاتەوە بەر و نەڕاندی:
- مامە نەقیب لە پاش سەید عەبدوڕەحمان پیاویان لێ پەیدا نەبووە. هیچ شەرم نەیگرتی کوڕێکی کە من بوومە زامن و گوتوومە خزمی خۆمە بە دز بزانی؟ بە ڕاستی نەقیبێکی نامەردی! نەقیب زۆری دەنەواند و عوزرخوایی لێ کرد و دڵی دایەوە تا خاوی کردەوە.
- مام حوسێن مەسەلە چییە؟
- کوڕە هەر خوا پاراستمی. ئەم دوازدە گوێرەکەیە دەچنە حەج. لە حەساری غەوس لە ژوورێکدا بوون. یەکێک چووە خزمەتی کردوون؛ شتی لە بازاڕ بۆ کڕیبوون. گوتووشیە من ناوم عەزیزە و خزمەتکار دیوەخانی نەقیبم. پێی گوتوون: حاجی! خاولی ئیحرام لێرە بە پێنج دینارە و لە مەکە بە بیستی نادەن. سەر و پێنج دینار بدەن تا بۆتان بکڕم. ئێستاش ئەوە دەیکڕێ! شکایەتیان لە نەقیب کردووە. تۆش کە ناوت عەزیزە کەوتوویە بەر تۆمەت. دەمگوت کە من نەمناسیوە، چۆن گوتوومە خزممە و زامنی دەبم؟ بەڵام کە تۆ بێ تاوان دەرچووی، کوڵ و کۆی خۆم بە نەقیبی ماکەر ڕژاند!

دوایی ڕوونمان کردەوە ئەو عەزیزەی منی لە باتیان بانگ کردبوو؛ عەزیز ناوێکی قەد بڵیندی شنۆییە بەناوی کەلانتەر؛ گیرفانبڕێک بوو لە بەغدادا ناوی دەرکردبوو.

با بزانین نەقیب چییە؟ بە عارەبی «نەقیب» یانێ سەردەستە؛ «شەریف» یانێ سەید و عولادی پێغەمبەر. بنەماڵەیەک لە بەغدا بە سەید سەردەستەی سەیدان ناسراون و بە گەورەیان دەڵێن «نەقیب الاشراف» واتا سەردەستەی سەیدان. ئەمانە دەڵێن ئێمە لە ئەولادی غەوسین. ئەگەرچی لە ڕاستیدا غەوس سەید نەبووە؛ بەڵام تاریخی دوای خۆی بە سەیدی حەسەنی داناوە. مەوقووفەجاتی بارەگای غەوس - لە مەزرا و دوکان و خانوو - لە ڕادە بەدەرە.

هەر چەند زۆریشیان وەچە لێ کەوتۆتەوە، هەموویان زۆر دەوڵەمەندی قورسن. جگە لە دارایی خۆیان، پووڵی نەزر و ناو شباکی مەرقەد و خێری هیندی و کورد و عەرەبیان بە لێشاو. لەو نەقیبانەی ئەم چەرخە «سەید عەبدوڕەحمان» و «سەید مەحموود» و «سەید ئەحمەد»یان بەناوبانگ بوون.

ئەوسا کە من نۆکەری دیوەخانیان بووم، نەقیب «سەید عاسم» بوو. پیاوێکی زۆر جوان و بەسەروسیما و تەڕپۆش بوو. دەیانگوت نوێژ ناکا؛ بەڵام هەموو ڕۆژی جومعان دەچووە نوێژی جومعە و هەژ نۆ مەلای زگزلی فشوفۆڵی دەگەڵ خۆی دەهێناوە بۆ نەهار خواردن. دەشیانگوت هەموو شەو ئارەق دەخواتەوە و دەیانگوت و دەیانگوت... بەڵام من ئەمانەم پێوە نەدییوو. هێندە دەزانم کچ و کوڕیان لە هەموو کەس بێشەرمتر بوون. کچ نیوەڕووت و کوڕ کاکۆڵ لە فڕداو، هەرچی پاکی و خۆپارێزی بوو ڕووی تێ نەکردبوون. تەنانەت جاریکیان کە لە بن مێزی نان خواردن نوستبووم، دیتم دوو لە کوڕە جحێڵەکان خەریکن پێکەوە بنووسێن؛ بەڵام یەکیان گوتی: با لێرە بڕۆین نەوەک ئەو کوڕە بەخەبەر بێ...

سەید عەلی ناوێکیان هەبوو؛ چل ساڵێک عومری دەبوو. بەرگی شباکی غەوس - کە ماهووتی بە زێڕ چندراو بوو - ساڵەو ساڵ هێندوستانی دەیانگۆڕی؛ کۆنەکەشی بەشی سەید عەلی بوو کە پاچەی باریکی بە حاجی و زیارەتکەران بوو منفەرک دەفرۆشرا. ژنەکەی دڵپیسی لە سەید عەلی دەکرد. ئەو ساڵە شباک گووم ببوو. ڕۆژێک ژنەتیو ژنێکی بانگ کردبووە ماڵە خۆی کاری پێ سپاردبوو، بۆ خۆی چووبووە ماڵەکەی، پڕ و پێسکەی گەڕابوو. شباک کرابووە کراسی ژنەکە؛ کە ناوی «نووریە» بوو؛ باشیشیان نەدەگوت. بوو بە چەققە و شیڕە شیڕێک، دەتگوت کاسەی قەرەچی ئاو بردوویە.

سەید عەلی سیلی هەبوو؛ مرد. لە وەتاغێکی بارەگادا ناشتیان و شباکێکیان لە سەر قو کردەوە و هەر زیرەتکەرێک دەهاتە زیارەتی بارەگای غەوس، زیارەتی سەید عەلیشیان پێ دەکرد و زیرەتانەیەکیان لێ وەردەگرت. خۆم سەید عاسمی ملیۆنێڕم دیت کە سەربازانی هێندی لە لەشکری ئینگلیس دەوریان لێدابوو، پووڵیان دەدایە. ئیوا هەبوو چوار فلسی دەدایە. تەشەکورێکی لێ دەکرد و دەریدەگرت.

لە موکربان بیستبووم کە ئەگەر گۆشت بە بن سێبەری غەوسدا بڕوا ئاگر کاری لێ ناکا؛ بۆیە مردووان بەر لە ناشتن دەبەنە بەر سێبەری بارەگا تا ئاگری جەهەندە نەتوانێ بیانسووتێنێ. تەنانەت جارێک دەگەڵ «تورجانیزادە» چوومە بەخێرهێنانەوەی «حاجی عەبدوڵڵای تۆکمەچی» لە سابڵاغ کە لە حەج دەهاتەوە. گوتی: لە بەغدا من و حاجی فڵان چووین لە دوکانێک بۆرەکی زێڕتواندنەوەمان کڕی. هاتینەوە سابڵاغ. بۆرەکی من کاری نەکرد، لام وابوو دەستمان بڕاوە. چوومە لای هەواڵەکانم. گوتیان بۆرەکی ئێمە زۆر باشە. خۆ هی تۆش هەر لە قوتووەکەی ئێمە تێکرا. ئای دڵی خافڵ! وە بیرم هاتەوە کە لە زیارەتی غەوس دەرمانەکە دەبەر پشتێندم دابووە!

لەسەر ئەو باوەڕانە ڕۆژێک لە چاوشی شێخ! واتا کاربەدەستی بارەگام پرسی: ئایا ڕاستە گۆشت بکەوێتە بەر سێبەری مەرقەد ئاگر کاری لێ ناکا؟ زڕتێکی زۆر زەلامی بۆ کێشام: کەرە! ڕۆژێ سی کیلۆ گۆشن دەکڕین و لە بەر سێبەری بارەگاوە دێتە ژوور و دەکرێتە شۆرباو و دەکوڵێندرێ! ئیتر نەموێرا باسی بۆرەکی حاجی عەوڵا بپرسم!

وە بیرم دەهاتەوە کە بەچکە خەلیفەیەکی باب مردوو، سەفەرێکی دە ڕۆژەی کرد و گوتی چوومە لای نەقیبی بەغدا کردمیە خەلیفە.
مانگی ڕەمەزان تێپەڕی و جێژن هات. مام حوسێن زۆر بە تووڕەیی هاتە لام گوتی:
- کوڕە ئەو دەوڵەمەندە زەلامە! کوردستان ئەو کوڕەمان دوو مانگە لە لاتە. تۆ بۆ حقووقێکی نادەیەی؟ چارەگە دینارێکی دامێ کە بە جێژنانە بتدەمێ و گوتی: حقووق نییە؛ نان دەخوا بەسە!
چاڕەگە دینارم تووڕ هەڵدا و گوتم: لە لات نابێ.
- مام حوسێن من بە نانەزگ ڕازیم کار بکەم.
- نا، مەترسە! کارت هەر بۆ پەیدا دەکەم. کاری ئەو خوێڕییە مەکە!

لەو بەینەدا کە نۆکەری دیوەخان بووم، یەکێک هات گوتی: خوزنی موکریانی بیستوویە هەژار لێرەیە. حوزنی بە جاسووسی ئینگلیس ناوی زڕابوو؛ نەعووزوبیللا! مام حوسێن گوتی: شتی وا لێرە نییە. ڕۆژێکی دی - سەر لە ئێوارە - سەیدێکی ڕیشسپی تەنک، دەستەباڵای لاوازە هاتە حەوشەی دیوەخان و قسەی دەگەڵ مام حوسێن کرد. مام حوسێن هات گوتی: ئەوە سەید حوسێن حوزنییە؛ دەیەوێ بتبینێ. چار نەمابوو. تەلەفۆنێکم لە دوکتور «جەعفەر محەممەد کەریم» کرد کە دەمناسی و ناوێ زۆر چاکی هەبوو. گوتی: سەید حوزنی پیاوی چاکە و دیتنی زیانێکی نییە. دەگەڵ حوزنی بوومە ئاشنا. ئێستاش لە بیرم ناچێ کە دیتمی، فرمێسک بە ڕیشەسپیە جوانەکەیدا هاتنە خوار... ئادرێسی ڕۆژنامەی «دەنگی گیتی تازە»ی دامێ کە خۆی سەرمودیر و هاوکارێکی بە ناوی «حەمە عەلی بەگ» خەڵکی سولەیمانی، سەرهەنگی بازنشستە هەبوو. جارجارە ئێجازەم لە مام حوسێن وەردەگرت دەچوومە لای. ئەو کابرا پیرە موحتەرەمە یەکپێ لە بەرم ڕاست دەبۆوە؛ دەیگوت: تۆ یادگاری جمهوری کوردستانی.

حوزنی لە گوندی «نیچکە»ی نزیک «بوغدەکەندی» سەر بە بۆکان هاتۆتە دنیاوە؛ کە ئێستا نیچکە نەماوە و زەمانی من شوێنەواری دێیەکە مابوو. باوکی لەو سەیدەکانی بوغدەکەندی و ناوی «سەید لەتیف» بووە و زوو مردووە و دایکی (خات سەلما) مێردی کردۆتەوە بە کابرایەکی ورمزیار کە «گیوی موکریانی» دەبێتە دایک برای حوزنی. هەر لە منداڵیەوە حوزنی پەەڕەوازەی وڵاتان بووە: لە تەستەمبووڵ فێری مۆرهەڵکەنی کراوە و بەو پیشەوە گەڕاوە. بۆتە سەیاح لە کوردستاندا. سەری لەکوردەکانی تورکیا و ئەرمەنستان و عێراق داوە و لە زەمانی فەرمانداری «سەید تەها» لە ڕەواندز دامەزراوە. بە سەلیقەی خۆی کەتە چاپخانەیەکی لێک ناوە. کڵیشەی لە دار ەەڵکەندووە و بۆ یەکەمجار لە کوردستانی عێراقدا نووسراوی بە کوردی بڵاو کردۆتەوە. لە زەمانی ڕەئیس ستادی «قایق کاکەمین»دا - کە کوردێک بووە - لە عێراق دەرکراوە. چۆتە شاری حەڵەب؛ لەوێش چاپخانەیەکی چکۆلەی دەست و پا کردووە و ملی لە کاری کوردایەتی ناوە. لە حەڵەبیش ئاویان دەبن کردووە و بێ دەرەتان ماوەتەوە. لە سەرەتای شەڕی ئاڵمان - کە فەڕانسە لە سووریە لە ڕێگەی گۆڤاری ڕووناهیەوە دڵی کوردیان خۆش دەکرد - ئینگلیس لە بەغدا بۆ کوردیزمانی خوێندەوار گەڕان و داوایان لە حوزنی کردووە بێتەوە بەغدا و گۆڤاری «دەنگی گیتی تازە»یان بۆ بەڕێوە بەرێ. حوزنی لە «ڕەوابیتی فەرهەنگی ئێران و عێراق» بە ناوی «عەلاقاتی عاممە» دەست بە کار بووە. لە ڕووپەڕێک و دواندا خەبەری شەڕ و لە پتر لە پتر لە حەفتا ڕووپەڕدا فۆلکلۆری کۆنی کوردی زیندوو کردۆتەوە؛ شیعری شاعیرە باشەکانی لە چاپ داوە. ئێستاش هەر کەس هەموو ژمارەکانی لابێ، زۆر بختیارە و زۆر مەعلووماتی باشی لێ دەست دەکەوێ.

حوزنی لە کوردایەتیدا سووتابوو. دین و ئێمانی کوردستان و ئازادی کورد بوو. جسنی عارەبی زۆر ناخۆش دەوسیت. لاشی وابوو هەر بەڵایەک لە دنیادا هەیە تاوانی ئینگلیسە. تەنانەت دەیگوت: بە دووری نازانم ستالین کاربەدەستی ئینگلیس بێ.

جارێ گوتم: تۆ سەیدی؛ دەبێ ڕەسەن عەرەب بێ.
پێکەنی، گوتی: بیستم کە ئاڵمان لەخوێنەوە ڕەسەنی گەلان دەناسن. خوێنی خۆم نارد و جوابم بۆ هاتەوە کە تۆ ئاریاییت. شوکور ئە. سەی سەیەم لە کۆڵ بۆوە!

جارێ گوتی: کوڕە سەیری کەریەتی من کە! لە گەشت و گوزادەکەم لە ناو کوردستانی ترکیەدا، شەوێک لە گوندێکی حەنەفی مەزەب لەسەر ئێمامی شافیعی - کە گوتم باشە - ئەوەندەیان دارکاری کردم، دوو ڕۆژ وەهۆش نەهاتمەوە. کەس نەیگوت بۆ کوردێکی، چت لە شافیعی داوە؟ !

ئەوەندە گفت و لفت خۆش و ئاگادار بوو، پیاو حەزی دەکرد هەر گوێی بۆ ڕادێرێ. ڕۆژێک گوتی: بە داخەوە کورد چونکە هەمیشە ژێر چەپۆکە بوون، شاعیر و نووسەری گاڵتەچیمان لێ هەڵنەکەوتوون؛ کە گەپ و گاڵتەش بەشێکی گرینگە لە ئەدەبیاتدا. من باسی «مەلا حەسەنی دزڵی»م بۆ کرد کە زۆر گاڵتەچی بووە و بە داخەوە لە برسان مردووە. نموونەی کردەی ئەو پیاوەی لێ خواستم. شیعرێکم بۆ خوێندەوە کە لە مەریوانەوە بۆ فەقێیەکی برادەری خۆی بە ناوی «حەمەدەمین هەمەوەندی» بۆ شاری سابڵاغی نووسیوە. من - وەک عادەتمە - لە خوێندنەوەی شیعری لەبەردا، چاو لە سەر یەک دادەنێم. لەو ناوەدا چاوم هەڵێنا: ئەو پیرە ڕیشسپییە بە دەست و پێ سەمای دەکرد. گوتی: پیاوێک دەنێرم کە بە دوو نووسراوی ئەو پیاوەدا بگەڕێ و لە ڕۆژنامەی دەنگی گیتی تازەدا بڵاوی دەکەمەوە؛ کە بە داخەوە مەرگ ڕێگەی نەدا. ئەمەش بڵێم کە لە پاش نەمانی شەڕ، گۆڤارەکە هەڵگیرا و ئێمتیازەکەیان دابوو بە حوزنی؛ بە ڕۆژنامەیەکی چوار لاپەڕی دەری دەکرد و ئەدەبیاتی کوردی تێدا دەنووسی.

شیرەکان ئەوەندی لە بیرم ماون ئەمانەن:

ای عازم ساوجبلاغ! عرض سلام این حزین
برخوان برای آنکە نامش در دهانم انگبین
چابک هموندی کە او، در وقت غارت بارها
برکندە بزها پوست را، درویشها را پوستین
از نام او پرسی اگر، احمد امین اسمش بود
اول محمد آمدە، آخر نقیض لا امین
باری اگر مرسولەای ننوشت سوی این طرف
منعش نباشد زان مکان، گر غافل است از ما چنین
شهر سیه چشمان وی همچون غزالان ختن
تعطیر ناف دلبرش چون نافه‌ی آهوی چین
پیکان مژگان سیه بر سینەی هر کس زنند
فواره‌اش بالا رود، تا آسمان هفتمین
بەرخۆلةٌ، دوو شحمةٌ، تاقانةٌ فی بلدة
قتالەٌ بالغمزەٌ، با آن دو چشم نرگسین
آتش بە جانها افگنند، وقتی کە چون کبک دری
آیند بیرون از حمام با آن خدود آتشین
پشمینە پوش اطلسی، زنگاریان طاوسی
جنبیدن دسمالشان گە بر یسار و گە یمین
لو عانق الانسان بالبنت التی من قربکم
صادر شود بی اختیار، از وی ریاح فا و سین (فس)
درویشهای کوڵکنین، ڕیش نێری و زوڕنا کەپۆ
سەرچۆلەکەی، گون کوولەکە، مانند جامووس بطین
بینند چون آن لعبتان، چون دیوشان دربر کشند
با بۆڵەبۆڵ و فشەفیش، با لرفە لرف و ئاخنین
ڕەنگە چەند بەیتێکم لە بیر نەمابێ.


لە خۆشەویستی موکریان و تایبەتی سابڵاغدا لە ڕادەی تیپەڕاندبوو. ڕۆژێک کە منی دەدواند و زۆر باسی سابڵاغی کرد، محەممەد عەلیەکەی یاریدەری پرسی: مامۆستا وا دیارە تۆ خەڵکی سابڵاغت زۆر خۆش دەوێ؟

گوتی: بەڵێ، سەگێکی سابڵاغم لە کاکەحمەدی شێخ خۆشتر دەوێ!
گوتم: کاکە حوزنی! چونکە کاری ئینگلیسانت کردووە، هەموو کەس بە جاسووس و خەتەرت ناو دەبا و منیش لام وابوو تووشم بی، دەمخۆی!
- خوا دەیزانێ، بەڵام لە عێراق دەرکرام پەنام بە عەلی کەماڵ برد کە زۆر دەستی دەڕۆیشت. لەگەرمای نیوەڕۆی چل و هەشت دەرەجەدا لە دەرگام دا، هاتە دەر:
- مامۆستا خێرە؟
- لە عێراق دەرم دەکەن.
- ڕاوەستە ئێستا دێم.

تاوێک لە بەر درگا وێستام. درگا کرایەوە. هەر نووسراوێکی بە دیاریم بۆ ناردبوو دە باوەشیدا بوو، لەبەر درگا هەڵیڕشت و دەرگای لە ڕوو پێوەدام. زۆر کەسی تری وەک ئەو، وەک ئەویان لەگەڵ کردم. کە بە ناوی کارمەندی ئینگلیسیان هاتوومەوە، ئێستا نە شەرم و نە حەیا، هەموو ئەو پیاوە زلە کوردانە فەخر دەکەن کە قسەیان لەگەڵ بکەم. بەدناویم لە ناو لاوە کوردەکانیش هەر ئەوەندەیە دەڵێم زگئێشەی بە تەنێتان نەبێ. ئێوە عاشقی ڕووس و ستالینن و مەعشووقە تفیشتان پێدا نادا. با بۆ بەرژەوەندی کوردستان خەبات بکەین و لە ڕێگەی ئازادیدا دەگەڵ شەیتانیش ببینە دۆست. با جگە لە ئازادی کورد کەس نەپەرستین...

لە ئاکاری شێخ مەحموود زۆر ناڕەحەت بوو، کە ئینگلیس کردیانە فەرمانڕەوای کوردستان؛ کەچی بە هەوای دین و دنەدانی تورکان، دەگەڵ ئینگلیس بە شەڕ دەهات؛ دەنا هەر وەک یاریدەی فیسەڵیان دا و دەوڵەتی عێراقیان بۆ دامەزراند، ئەویشیان - کە جێگەی متمانە بوایە - دەکردە دەوڵەتۆکێک و لە مەسڵەحەتیان بوو. دەیگوت: کاتێ خەبەری تێکچوونی کوردستانی موکریم بیست، زۆر بە تاڵی گلەم لە سەفیری ئینگلیس کرد. گوتی: حوزنی! ڕەفیقانی ئێران ڕاستین کرد و ڕەفیقانی کورد درۆزن دەرچوون...

مەحموود ئەحمەد گوتی: خریکن بمگرن و حقووقم ببڕن. دەگەڵم وەرە؛ حوزنی دەڵێن تۆی خۆش دەوێ. مەحموود وەک هەموو کوردێکی دیکە، جووتێک سمێڵی ستالینی و کراواتێکی سووری نیشانەس کومۆنیستی پێوە بوو. حوزنی زۆری بە خێراتن کرد و کە باسەکەم پێ گوت گوتی: باشە هەرچی لە دەستم بێ قوسوور ناکەم؛ بەڵام کام مەحموود تۆ دەزانی عەرەب عەقڵیان لە چاودایە و لە مێشکدا نییە. ئەگەر دەکرێ تۆزێک سمێڵەکانت سووک بکە تا بتبەمە لای کاربەدەستان.

مەحموود خۆی لێ تووڕە کرد: جەناب تۆ جاهێلی! نازانی کومۆنیست چییە! من فەخر دەکەم کە بە کومۆنیستم بزانن!
حوزنی زۆر بە نەرمی گوتی: ڕاستە جاهیلم. تۆ دەتوانی بە زمانێکی سادە پێم بڵێی کومۆنیستی چی زۆر باشە؟
- تۆ نازانی لە ڕووسیە هەموو کەس نان و کاری دەدرێتێ؟
- کاکە مەحموود گیان! خۆ زیندانی بەغدایش نان و کاری تەواویان هەیە!
کاری مەحموودی هاسان جێبەجێ کرد و زۆری مەمنوونی خۆی کرد.

جارێک باسی بەدفەڕی هێندێک نەجیمزادان بوو؛ حوزنی گوتی: من لە ئیدارە گۆڤار بووم قەت نەچووبوومە سەفارەتی بریتانیا. تەلەفۆن کرا کە سەفیر دەیەوێ بتبینێ. بردمیە پەنایەک و بە سرتە گوتی: کوردێکی زۆر گرینگی ڕووسیەمان لە لایە؛ تۆ بیدوێنە و دڵخۆشی بدەوە.

لە ژوورێکی تایبەتی کوردەکەم دیت. خوایە من وەک ئەو کابرایە بناسم وایە.
- کاکە! ناوت بەخێر؟
- مامۆستا حوزنی! نامناسی؟ من عەمەراغام، نۆکەری حاجی سەید عەوڵا؛ چەندم چایی بۆ داناوی؟
ئۆ و ئێرە چی؟
- بەدبەختی. سەید پۆشۆی سەید تەها هەڵیفریواندم: وەرە دەتکەمە کوردی ڕووسیە و دەتبەم بۆ سەفیری بریتانیا و پووڵێکی باشت دەست دەکەوێ. وا لیرە وەک حەپسی وام و ئەوا لە ترسانیش زراوم چووە. دەخیلە ڕزگارم کە!

سەفیر لە دەرێ دەهات و دەچوو؛ چاوەنۆڕی خەبەری خۆش بوو. نووک و بەدەم بۆ گێڕایەوە. وەک بیست کەس قدیلکەی بدەن ملی لە پێکەنین نا: ئەو پۆشۆیە پتر لە بیست جاران دەستی بڕیوم؛ بەڵام دیسان فایدەی لێ دەبینم!

پووڵێکم بۆ عەمەراغا ساند و ناردمەوە سنووری ئێران.

هەر حوزنی گێڕایەوە کە: لە هەولێر بوو. دەچوومە دیدەنی حاکمی ئینگلیس، مەلایەکی لەباری کەڵەگەتم دیت لە دەرگای حاکم کز وێستابوو. گوتی: سەید توخوا وا بکە حاکم ببینم؛ چەد ڕۆژە ڕێم نادا.

حاکم لە جوابما گوتی: ئەوە مەلا خەلیلی گۆڕۆمەرە؛ ئەوی پێمان سپاردبوو، باشی پێک نەهێنا؛ ئێستا داوای پووڵ دەکا! پێی بڵێ ئەگەر خۆی نەشارێتەوە پۆلیسی عێراق دەیگرن.

ئەوسا تێگەیشتم کە ئەو پیاوە ممبارەکەی ئەو هەموو مەنگوڕەی بە کوژ دا ماڵوێران کرد، کێ ناردوویە و ڕەسووڵ ناجی کە ئێمە لە سابڵاغ گرتمان و دەرکەوت جاسووسێکی گەورەی بریتانیایە و دامانە دەست ڕووسان، لە خەزای مەلا خەلیلدا ڕاوێژکەری هەرە نزیکی بووە.

«توفیق وەهبی» وەزیری کار و ڕێ و بان بوو؛ لە ئەدیبە بەناوبانگەکانیشە. ڕۆژێک شیعری «لێفە شڕە»ی من بۆ حوزنی دەخوێنێتەوە و دەڵێ: کەمتر شیعری وا باشم دیوە؛ خۆزگە ئەو شاعیرەم بدیبا.

حوزنی دەڵێ: ئەوە لە بەغدایە و پێخواس و ڕووت و برسییە؛ بیکە بە کارگەرێکی سادە.
- ئەوە دەغیلە خوزنی! پێی بڵێ خۆی بشارێتەوە نەوەک بیگرن!

حوزنی ئیمتیازی مەجەللەی «زاری کرمانجی» - کە لە ڕواندز دەینووسی و لێی هەڵواشێنرابوو - وەرگرتەوە. بڕیاری دا کە بیداتە دەست من.

بەیانییەک برادەرێک هات، گوتی: حوزنی کوتوپڕ مردووە؛ با بچینە سەر قەبران. چەند دیمەنێکی دڵتەزێن بوو: جەنازەکەی لە سەر خاک درێژ کرابوو تا قەبری تەواو دەبێ، جگە لە من و برادەرەکە هیچ کەسی لە لا نەبوو. بیرم لە قەدرنەزانی کوردان دەکردەوە، گریانێکی زۆر بە کوڵ گرتمی و پێم وایە تەنیا کەسێک کە بۆ مەرگی گریابێ من بووم.

حوزنی کە بە جاسووس و هەمەکارەی ئینگلیسیان دەزانی، زۆر بە فەقیری مرد. جگە لە کتێبخانەکەی، هەموو ناماڵی، یەک دوو بەڕە و چوار نیمکەتی دار بوو. مناڵی نەبوو. ژنەکەی کوردی توکیە بوو. «گیو» کتێبەکانی برد؛ ناوماڵ بۆ ژن ما و کارەکەری ماڵانی دەکرد.

لە کاتی شەڕدا ئینگلیسیان ڕادیۆیەکیان لە شاری «حێفا» خستبووە کار کە «مامۆستا گۆران»، «ڕەفیق چالاک» و «شێخ حەسە» ناوێک، ڕۆژانە دوو سەعات بەرنامەی کوردییان لەوێوە بەڕێوە دەبرد. لە بیرمە بۆ یەکم جار لە «گەردیلان» گوێم لێ گرت. ڕەفیق چالاک وتارێکی لەسەر چارەڕەشی کورد خوێندەوە؛ کوڵ هەڵیگرتم و تێر گریام. ئەویش دوای شەڕ هەڵگیرا.

تووشی هەر کوردێکی سەرناس بام، داوای کارم لێ دەکرد. دوکتو جەعفەر حەولی دا ببمە فەڕاشی مەدرەسەی فەیلی؛ نەکرام. مامۆستا قادر قەزازێک هەوو زۆری کار بە دەست بوو؛ دەشیناسیم کێم. لە باتی کار، پەنجا فلسییەکی بۆ ڕاداشتم! بێدەنگ بە جێم هێشت.

پەراوێز edit