ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار چێشتی مجێور
٨٣. گارسۆنی ڕستوورانی خەییام
شەوێک برادەرێک هات و گوتی: حیزبی پارتی ڕایسپاردووم، کارێکم لە ڕستوورانێک بۆ دیتوویەوە؛ مانگی بە چوار دینار و نان و پێخۆر. ئای لەو خۆشییە! ڕستوورانێکی زۆر گەورە بە ناوی «خەییام»، دوو کورد بە ناوی «ئەحمەد خواجا» و «ڕوشدی بەگ» دەگەڵ عەرەبێکدا کردبوویانەوە. ئەحمەد خواجا لە هەواڵانی شێخ مەحموود بووە؛ مێژوویەکی بە ناوی «چیم دی؟» نووسیوە. ڕوشدی کوردێکی حەڵەبی بوو. کاری من ئەوە بوو قاپی بەتاڵ لەبەر خەڵک هەڵگرمەوە؛ وڵات بماڵم و کاشی بستڕمەوە؛ یاریدەی قاپشۆر بکەم. ئێوارانە بیست و دوو مێز و هەشتا و هەشت کورسی ئاسن بەرمە سەربان؛ سەعات یەکی پاش نیوەشەو بیانهێنمەوە خوار. سەعات دووی پاش نیوەشەو لە سەربان خۆ درێژ کەم و سەری سەعات پێنچ دیسان مل لێ نێمەوە. لە سەعات دوازدەی نیوەڕۆ بۆ سەعات و نیوێک وچان و ئیستراحەت بێ. چەند کەسێکی تری هاوکاری تێدابوو کە یەکیان کوردێکی سابڵاغی بە ناوی «محەممەدی ڕەشادی» بوو کە ئێستا زێڕینگەرێکی زۆر دەوڵەمەندە. چەند کوڕێکی خەڵکی سولەیمانیش هەبوون؛ کەباب و شەربەتی مێوژیان دروست دەکرد. ئارەقیش لەوێ دەفرۆشرا.

ڕۆژانە تێکڕا بیست سەعات پتر ماندوو دەبووم و سەری خۆم پێ نەدەخورا. نیوەڕۆ و شەو نەفرۆشراویان دەداینێ. بەیانیان سەموونێکی ڕەقهەڵاتووی لە کەڵکی خوران کەوتوویان بە چایەکەوە - کە بە حەبی سوکەرین [ساکارین] شیرن دەکرا - جیرەمان بوو. ئەو دەم سێ دەسک کەرەوز بە فلسێک بوو. ڕۆژێک دەستم برد دەسکە کەرەوزێکم هێنا کە بیخەمە ناو سەموونەکەم، دوژمنی ڕای ئیمانت بێ، خاوەن ڕستووران لە دەستیان دەرهێنام و فەزیحەتی سەگیان پێ کرردم. شەڵوارێکی زۆر ئەستووری پینەکراو، کراسێکی شڕ و بێ قۆڵ، جل و بەرگم بوو. پێخواس بووم. لە گەرمای هاوینی بەغدا لەشمان هەمیشە لە بەر ئارەقە جڵقەی دەهات؛ تەنانەت نەیاندەهێشت نیوەڕۆیان لە بەر دووشی ئاودەستخانەش ئاو بە خۆدا کەین؛ نەیاندەهێشت لە بەر سێبەر خۆ درێژ کەین.

لە بیرمە ڕۆژێک ناردیانمە شوێنێکی دوور کە قاڵبە سەهۆڵیان بۆ بێنم. پێخواس بووم؛ عەرزی خەیابان لاقی دەسووتاندم. لە تاوان هەر غارم دەدا کە نەمدەوێرا زۆر پێم وەعەرز کەوێ؛ زوو هاتمەوە. خاوەن ڕستووران گوتی: ئافەریم زوو هاتیوە؛ ئەوجار هەر تۆ دەنێرم!

سەر لە هەوەڵەوە لەو شاگرد گارسۆنییە زۆر بە خۆمدا دەشکامەوە؛ بە شەرمەوە ئامان و دەفرم لە پێش موشتەری لادەبرد؛ بەزەشم بە خۆمدا دەهات. بەیتێکی مستەفابەگی کوردیم هاتەوە بیر کە دەڵێ:

سەبا! یارانی مەجلیس گەر دەپرسن حاڵی زارم لێت
بڵێ کێشایە مەیخانە دوو چاوی بێچووە عەییارێک


بێچووە عەییاری ئەو شاعیرە، بەچکە ئاغایەکی لووسکەڵە بوو. بێچووە عەییاری من، کوردستان و چەندین ملیۆن کوردی لێ قەوماوە؛ بۆشی بچمە سووچی مەیخانە و لەوەش ڕەزیلتر بم جێی شانازیمە. ئیتر بە ڕاستی ئەم بەیتە شیعرە، شەرم و تەقیەی لابردم و زۆر بە ڕاشکاوی کاری خۆم دەکرد.

شەوێک میوانی بووکهێنان بوو؛ زۆر شلووغ بوو. ئەحمەد خواجا گوتی: دەزانی بنووسی؟
- بەڵێ.
- ورە لە بەر سندووق ڕاوەستە! هەر شێوێک دەچێتە دەر بینووسە!

کابرای خاوەن میوانیش دەینووسی. کە هاتینە حیساب کردن، حیسابی کابرا لە هی من پتر بوو. ئەحمەد خواجا دەیگوت هی ئەو ڕاستە؛ لە من تووڕە بوو کە سەهوم کردووە. چەققە پەیدا بوو. کاتێ لە ئەشپەزیان پرسی حیسابی من ڕاست بوو. خاوەن میوانی نیو دیناری بە خەڵات دامێ؛ ئەحمەد خواجا دە دەستم نووسا، لێی ساندم!

ڕۆژنامە بە دە فلس بوو؛ نەمدەتوانی بیکڕم. جارجارە لە خەڵک بەجێ دەما، دەمبرد و تماشام دەکرد. ڕۆژێک دوو پۆلیس بە باوشە کتێبەوە هاتن، بە کابرای خاوەن ڕستوورانیان گوت یەکیان بکڕە. هەر چەند زیقاندی کە ناکڕم، چارەگە دینارێکیان لێ ساند و کتێبێکیان بۆ دانا و ڕۆیشتن. کابرا لە کتێب نەوی و تا هێزی تێدابوو فڕێی دا و چەند جوێنێکی حەواڵەی دەوڵەت کرد. چووم کتێبم لە ناو خۆڵ هەڵگرتەوە؛ داستانێک بوو بە عارەبی جڵفەی ناو بەغدا نووسرابوو. کەیف پێ هات کە زۆر وشەی بەغداییانەم فێر دەکا. ڕەنگە بیست جارم خوێندبێتەوە.

ڕۆژێک کابرایەکی زۆر بە سەر و سیما هاتە ڕستووران. من کە چووم قاپە بەتاڵەکانی بەردەمی هەڵگرم، بە بێ ئەوە چاو لە من کا بە سرتەوە گوتی: تۆ هەژاری؟
- بەڵێ.
- من ئەمین ڕەواندزی ئەفسەری مەشهوورم. ویستم حەولت بۆ بدەم لە سەحرا سەعەمەلەییت بدەنێ؛ بەڵام لام وا باشە بچیوە ئێران. دەڵێن عافواتی شا دەرچووە.
- قوربان! هیچ زەحمەت مەکێشە! ناچمەوە ئێران؛ ناشچمە سەحرات. لێرە هیچ نەبێ سێبەر هەیە؛ نانیش هەیە. زۆر سوپاست دەکەم.

ڕۆژنامە نووسیبووی: مستەفا خۆشناو»، «محەممەد مەحموود قودسی»، «خەیروڵڵا» و «عیززەت عەبدولعەزیز» - کە ئەفسەر بوون و چوونە یاریدەی بارزانی - حوکمی ئیعدامیان دراوە. ئیتر ڕستووران هەر جمەی دەهات. کوردی بەغدا و سولەیمانی بۆ نەجاتیان تێدەکۆشین و لەوێ کۆ دبوونەوە. لە پەناوە گوێم هەڵدەخست کە بزانم خەبەر چییە؟ ئاخری ئیعدام هەر کران و لاشەکانیان بردەوە شوێنی لە دایک بوونیان. منیش هەر ئەوەندە بوو لە پەنایەکەوە چەند فرمێسکێکم هەڵوەراند.

جاری وا بوو خواردنم لە ڕستوورانەوە دەبردە توتێلان. جارێک کەبابم برد بۆ شێخ عەرەبێک ناوی عەبدوڵڵا یاسین بوو؛ لە شێخە هەرە زلەکانی نێوان کووت و عەمارە. کەبابی سولەیمانی زۆر لێ خۆش هات. ڕۆژی دواییش داوای کردبوو؛ بۆم برد. هێشتا لە بەر دەمیم دانەنابوو، قاچم تێک هاڵا و کەوتم و قاپ شکا و کەباب پەرژ و بڵاو بوونەوە. لە ترسان و لە حیرسان فرمێسکم پەڕیە چاو. گوتی: گوێ مەدەیە. تەلەفۆنی کرد کە من قاپەکەم شکاند. دوو دیناری بۆ ناردن؛ نیو دیناریشی بەخشش دا بە خۆم. گوتی: ئەگەر دەبیە خزمەتکارم و دەتوانی لە سەحرا بژی، ژنت بۆ دێنم، ڕەشماڵت دەدەمێ، مانگێ دە دیناریش حقووق.

- چۆن نایەم؟ دەستیشت ماچ دەکەم؛ ژنیشم ناوێ. خوا ڕاوەستاوت کا.
- دەجا سبەی سەعات شەش وەرە بەر ئوتێل.

شەو لە خۆشیان نەمزانی خەو چییە. شڕە و پەتووم پێچایەوە. لە جەنگەی گەسکدانی بەیانیدا، کۆڵەپشت لە سەر شان، لە بەر دەرکی ئوتێل «شط العرب» وێستام و نیو سەعات هەڵلەرزیم تا شێخ تەشریفی هاتە دەر تێلەکەیان لە سەر ماشێن دابەست.

- خۆ دەزانی کەبابم بۆ دروست کەی؟
- نا بە داخەوە، بەڵام هەموو کارێک دەکەم.
- شڕەی بۆ فڕێ دەنەوە! وەمزانی کەبابی سولەیمانی دەزانی.

بە هەناسەساردی هاتمەوە جەهەننەمەکەی خۆم و نەمدەزانی جوابی پرسیارکەران چی بدەمەوە.

ماڵی مام حوسێن لە ڕستوورانەوە چارەگە سەعاتێک ڕێ بوو. نیوەڕۆیان ناچار دەچوومەوە ئەوێ ئاوم بە خۆدا دەکرد و بڕێک ڕادەکشام. ڕۆژێک لەم ڕێگەیەدا تووشی مغازەیەکی کتێبفرۆشی بووم کە هەموو کتێبەکان باسی ئایینی خاچپەرستی بوو. تابلۆیەک بە پەنجەرەکەوە درابوو: «ڕۆژنامە خوێندنەوە بە خۆڕایی». بە خوا باشە! با بچم. کابرایەکی پیر، هەشتا نەوەد ساڵە، لووت کورتی سوور، گوێ پان، لە سەر کورسییەک قووت ببۆوە، جێگەی نیشاندام. دوولاوی عارەبیشی لێ بوو. پڕم بە ڕۆژنامەدا گرت و بە خۆشیەوە لێم دەڕوانی. گوتم ئیستراحەتی نیوەڕۆم لێرە دەگوزەرێنم. چەند تابلۆیەک بە دیوارەوە بوو، نووسرابوون: «ئەگەر مجادەلەی دینی دەکەم هەرگیز تووڕە مەبن! بە زمانی نەرم و خۆش یەکتر بدوێنن». کابرا کە بۆ بەخێراتن دواندمی گوتی: بە لەهجەتدا وادیارە عەرەب نیت. وتم کوردم.

بە کوردی گوتی: زۆر باشتر، من سی ساڵ لە سابڵاغ و دە ساڵ لە تەورێز ژیاوم. تەبلیغاتی دینی مەسیحیم کردووە. ئێستاش ئەوا تەرجەمەی کتێبێکم بە دەستەوەیە کە بە فارسی بڵاوم کردۆتەوە و دەیکەم بە عارەبی. خۆ فارسیش دەزانی؟
- بۆچی، کەم تا کورتێک.
- با بڕێکت بۆ بخوێنمەوە.
- بە خوا من هاتووم ڕۆژنامە بخوێنمەوە.
- نا، دەبێ هەر گوێم لێ بگرێ، زۆر بە فایدەیە.
ملێکم لار کردەوە:
- بەڵێ بفەرموو!
- ڕۆژێک لە ڕۆژانی بەهار کەربەلایی زینەلعابدین و یووسفی هاواکیان چووبوونە سەیران لە شاگوڵی. یووسف خەریکی چا لێنان بوو؛ کەربەلایی نوێژێ دەکرد. لە دەمی نان خواردنا یووسف پرسی:
- چەند ساڵە نوێژ دەکەی؟
- چل و پێنج ساڵ.
- چەند نوێژت کردووە؟ چەند ڕکاتی تێدا بووە؟
- نازانم.
- من حیسابم کردووە، دەکاتە ئەوەندە هەزار ڕکات. ئەو هەموو موسوڵمانە لە دنیادا لە هەموو ڕکاتێکدا لە بەر خودا پاڕاونەوە: بمانخەنە سەر ڕێگەی ڕاست، ئەدی خودا کەی دوعایان لێ قبووڵ دەکا؟!

گوتم: بەسمە، تگەیشتم. جەناب! فاتیحا قسەی خودایە. فەرمانی داوە موسوڵمان لە ڕکاتە نوێژدا بیڵێن، وەک ئەوەیە کە ئێواران سەربازان فێر کراون بڵێن بژی مەلیک. فەرمانە؛ دوعا نییە. ڕەنگە تۆ قورعان بە قسەی خودا نەزانی؟
- شتی وا مەڵێ! قورعان زۆر گەورەیە. لە چەند جی بە ئاشکرا باسی مەسیحی تێدایە کە لە فووی خودایە.
- بەه بەه ! چەند مبارەکە! لات وایە هیچ قسەی پێغەمبەری تێدا نییە؟
- بەڵێ، ئەوانە «قول»یان تێدایە، واتا: «بڵێ» بێ شک فەرمایشتی خودایە.
- کە وابێ محەممەد «قول»ەکانی بۆ خۆی لێ زیاد کردووە کە قورعان دەڵێ: «هەر کەس جگە لە ئیسلام دینێکی دیکە هەڵبژێرێ لێی قبووڵ ناکرێ» قسەی خودا نییە؟!
- من ئەوە ناڵێم...
- تۆ بڵێ! شەرم و تەقیەی پێ ناوێ. وەرە هەردووکمان بڵێین محەممەد بە ناوی خوداوە ئایەتی خستوونە ناو قورعان و دزی کردووە. کەسێک دز و بوختانکەر بێ بۆ پێغەمبەر نابێ. ئەوسا وەرە پێم بسەلمێنە کە مریەم لە فووی خودا ئاوس بووە و ئەو کچە جوولەکە جوانە کەس لاقەی نەکردووە!
- کوڕە تۆ دەڵێی چی؟! قورعان ئاشکرا دەڵێ.
- گوتمان قورعان بڕوای پێ ناکرێ چونکە خاوەنەکەی بە زمانی خواوە هەڵیبەستووە.
- جا دەڵێی چی؟
- دەڵێم ئەو هەموو موسوڵمانە دەربارەی پاکی مریەم و عیساوە بە هۆی قورعانەوە دەمیان بەستراوە. ئیوە حەول بدەن قورعان زۆر چاۆ بکەن با موسوڵمان هەموو بزانن کە مەسیح زۆڵ نەبووە. چارتان هەر ئەوەیە.
- تۆ ناوت چییە؟
- عەزیز.
- عەزیز هەستە بڕۆ! جارێکی دیکە نەیەوە ئەم دوکانە!

کلک لە گەڵۆزدا دەرکەوتم و پەکی ڕۆژنامەی بە خۆڕاییم کەوت. حوزنیم وە بیر هاتەوە کە لە سەر شافیعی تێهەڵدانی خواردبوو!

دوو مانگ لەوپەڕی چەوسانەوە کارم کرد. مانگی یەکەم گوتیان دوایە حقووقت دەدەینێ؛ مانگی دووهەم گوتیان نیمانە و نایدەین! حەمەی ڕەشادیش وەک من هەشت دیناری دوو مانگەیان نەدایە. گوتی با شکایەت بکەین؛ گوتم من نایکەم. ئەو چوو دوو پۆلیس و دەرەجەدارێکی لەگەڵ خۆی هێنا. گوتیان: حەقی ئەو فەقیرە بۆ نادەن. خاوەن ڕستووران گوتی: جارێ فەرموون ئیستراحەتێک بکەن! بوتڵێ ئارەق و کەبابیان بۆ بردن. تێریان خوارد و حەمەیان وەبەر شەق و زللە دا: نامەردی لات! ئەو پیاوە نەجیبانە چۆن هەقی تۆ دەخۆن؟!

من هەر ئەوەندەم بۆ کرا حەسیر و پەبووەکەم لە سەر شان دانێم و بێمەوە لای مام حوسێن.

لە ڕستوورانەکەدا مامەم بۆ کڕێکارەکان دەنووسی ئەوانیش تیغی ڕیشتاشین و سابوونیان دۆ دابین دەکردم: پەکم لە سەر ئەو دوانە نەدەکەوت. ڕۆژێک کرێکارێک کە چەند جار نامەم بۆ نووسیبوو گوتی: وەرە لە سەر حیسابی من بچۆ لای قەحبەیەک!
گوتم: چەدی تێ دەچێ؟
گوتی: نیو دینار
گوتم: کاکە چارەگە دینارێکم دەیە و ناچم.
گوتی: سا بە خوا نەچی فلسێکت نادەمێ!
پێم سەیر بوو؛ چۆنە بۆ کاری خراپە وا دڵاوان و بۆ خێرێک وا دڵکوێرن؟! زۆربەی خەڵکی تریشم وا دیوە. نازانم سوڕ چییە؟

پەراوێز edit