ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار چێشتی مجێور
٧٩. یادێکی پیرەمێرد و فایەق بێکەس
ئێستاش هەر بە داخەوەم کە نەیانهێشت «پیرەمێرد» و «فایق بێکەس» ببینم. دەیانگوت فایق سەرخۆشی زمانشڕە و ڕاستت لێ دەڵێ. پیرەمێردیش خۆ دیارە جاسووسە!

پیرەمێرد ڕۆژنامەی ژینی دەنووسی. بۆ یەکەم جار لە دنیادا و بۆ ئاخر جاریش ڕۆژنامەیەک لە ڕۆژگارێکدا چوار ژمارەی لێ چاپ دەکرا. چونکە ئیعلانی چوار ئێدارانی بڵاو دەکردەوە. نە کەس دەیکڕی، نە کەس دەیوێرا بیفرۆشێ. گوناهیشی هەر ئەوە بوو کە دەیگوت با بە دڵ کورد بین و کومۆنیست نەبین. جێژنی نەورۆزیشی دەگرت کە بە لای کومۆنیستانەوە کفر بوو.

فایق بێکەسی شاعیر زەلامێکی ورگن بوو؛ ملی نەبوو. شەوانە نەیدەتوانی بە ڕاکشانەوە بخەوێ. هەر تاکە لێفەیەکیشیان هەبوو. یان دەبوو فایق لە سەر کورسی دانیشێ و بە شانیدا بدا، یان دەبوو ژن و منداڵی پێ بخەون. هەموو شەو چەند لاوێکی ڕێکوپێک دەچوونە بەر ماڵی فایق تا گوێ لە شەڕەجنێوی فایق و ژنەکەی بگرن لە یەر لێفە...

جارێک شێخ لەتیف دەگەڵ خوێدا بردمیە گوندێک بە ناوێ «چوارتاق». ئاویان بە کوندە لە عەرەبەتەوە دەهێنا بۆ خواردنەوە و مەشکە. حیسابم کردبوو کاروانەئاوێک لە سەعاتێکی پتر دەخەیاند. شێخ هەڵیپێچان کە سەد دینار پووشانەم بدەنێ. هەر چەند ژن گریان و پیاو هاواریان کرد کە نە پووڵمان بۆ هەڵدەسووڕێ، نە پووشانەکەس ئەوەندە دەکا، قامچی نەکەران وەکار کەوت و سەد دینار کۆ کرایەوە و شەو گۆشتی مەڕی برژاو خورا و هاتینەوە.

- یا شێخ ئەو سەد دینارەت چۆن وا بە پەلە و بۆچی ئەستاند؟
- کاکە! عەلی کەماڵ بەگی بەغدایی هاتۆتە سولەیمانی و دەعوەتی دەکەم!

زۆر کەسی دەگەڵ عەلی کەماڵ بانگ کردبوو. فایق بێکەس هات، هەر لە درگا بوو گوتیان ئەو سەگبابە مەجلیسەکە پیس دەکا. من لە پشت درگاوە لە مەجلیسەکەم دەڕوانی کە نەبینرێم. داوای شیعریان لە فایق کرد. لایلایەکەی خۆی خوێندەوە. لەپڕ دەگەڵ ڕەفیق چالاک کێشەیان لێ پەیدا بوو؛ ملیان لە شەڕەجوێن نا. ئەو هەموو مامۆستا و ئەفەندیە ماقووڵانە لە سەر چالاکیان دەکردەوە، کە جلکی جوانتر و بە دیمەن ڕێکوپێکتر بوو. نۆکەران فایقیان بە پاڵەپەستۆ وەدەر نا. وەک دەشزانین لە مەرگی فایق بێکەسدا هەر ئەوانەی دەستیان نەدەچووە گیرفانیان کە لێفەیەکی بۆ بکڕن، بە هەزاران دیناریان لە سەرەخۆشیەکەیدا خەرج کرد. پیرەمێردیش هەروەتر. ئێستاش هەر بۆی دەنووسن: «پیرەمێردی نەمر».

جارێک لە مەجەللەی «هەولێر»دا مەقالێکم نووسی کە: لە دوکانێکی بەغدا چەقەڵێکی موومیایی کراوم دیت؛ لە بنی نووسرابوو نرخی بیست و پێنج دینارە. مات مام: خوایە دەبێ ئەو چەقەڵە شاعیر بووبێ یان خزمەتی دەگەڵ شاعیر هەبێ؟ ! پەنجا چەقەڵ بە زیندوویی کەس بە فلسێکی ناکڕێ، بە مردوویی نرخی بیست و پێنج هەزار فلسە! مرادیشم هەر شاعیرانی کوردستان، وەک مەلا مارف و قانیع و فایق و پیرەمێرد و جگە لەوان بوو.

پیرەمێرد چاپخانەی خۆی هەبوو؛ لە ماڵی دنیاش ناساز نەبوو. هەموو ساڵان جێژنی نەورۆزی لە گردی مامەیارە دەگرت و لاوی کۆ دەکردنەوە و شیعر و وتاری تێدا دەگوترا و داوەتی جێژنە دەگیرا. کە کومۆنیستی پرەی ساند نەیانهێشت نەورۆز بگرێ. مەقالێکی زۆر جوانی نووسیبوو؛ ئەوەم لە بیر ماوە کە لە پاش باسێکی جوانی نەورۆز نووسیبووی: بەڵام ئەمساڵ لە سایێ حیزبی حیزبانەوە نەورۆزەکەمان لێ تاڵ بوو!

پەراوێز edit