ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار چێشتی مجێور
٧٨. چەند ئاشنای ئەو سەردەمە
لەو ڕۆژگارەدا باو باوی «خولەپیزە» بوو. ئازایەتیەکەی ببوە دڵخۆشکەرەی داخ لە دڵان و بێچاران. لە ترسی سەربازی ڕایکردبوو؛ لە دەوڵەتی عێراق یاغی بوو. خەڵکی شارباژێر بە دزیەوە یاریدەیان دەدا. عەلیاغا ناوێک هەبوو لە گوندی «ئەحمەداوا» زۆر زمانلووس و بە چاپ و گوپ؛ دەشیگوت دێبۆکریم. لە سولەیمانی پێنجسەد دیناری لە ئەستاندار ئەستاندبوو کە خولەپیزەی بۆ بکوژێ. عەلیاغا بە شات و شووت ئەو قسەی درکاندبوو. بەیانیەک خەبەریان هێنا کە شەو لە جێدا سەری ئاغا بڕاوە و کەس تا بەیانی درەنگ نەیزانیوە. خولەپیزە لەو یاخی بوونەیدا دووسەدوهەشتا پۆلیس و پتر لە سەد جاشی دەوڵەتی کوشت. لە ئاخریدا بە دەستی هاوکارێکی خۆفرۆش لە خەودا کوژرا. ئێستاش باسی ئازایەتی ئەو، چیرۆکی شەوانەی شارباژێریانە و بۆتە زاپاتایەک.

لەگەڵ شێخ هاتینەوە شار و ئاشناکانمان بە سەر کردنەوە و زۆریش دۆست و ئاشنای تازەمان بۆ پەیدا بوون. جگە لە میرزاوڕەحمان، ئەو کەسانەی ببوونە ناسیاومان و شیاوی باسن ئەمانەن:

١- ڕەفیق چالاک:
ڕەفیق چالاک موعەللیم، ئاهەنگساز، دەنگخۆش، ئەدیب، هەنەرپیشە و نومایشنامەنووس بوو. زۆر خۆمان دەگەڵ ڕادەبوارد. لە ئاخریدا لە حیزبی کومۆنیست پلەی بەرز بۆوە و کرا بە ڕەئیسی حیزب و گیرا و بوو بە جاسووسی دەوڵەت و لە شۆرشی بارزانیدا هاتە شۆرش و لە ڕادیۆ کاری دەکرد و بە نەخۆشی دڵ مرد.

٢- مەحموود ئەحمەد:
مەحموود ئەحمەد موعەللیم و هەمەکارەی شێخ لەتیف و خۆشەویستی شێخ مەحموود بوو. لە لایەن شێخ لەتیفەوە ناردرابووە باکۆیە؛ هاتبووە سابڵاغ. دەگەڵ حەمەحوسێن خان قسەی تێک گیرابوو؛ دەرکرابو. هاتبۆوە سولەیمانی و گیرابوو. دایکی شێخ لەتیف (ئایشەخان)

چووبووە تکایە کە بەری دەن و سوێندی خواردبوو کە مەحموود لە عێراق دەرنەکەوتووە و لە سەر موڵکی ئێمە بووە. ئەستاندار گوتبووی: خانم فەرمایشتت لە سەر سەران؛ بەڵام مەحموود دوو شاهدی وا عادڵی دەگەڵ خۆی هێناوە کە ڕەد ناکرێتەوە.

- ئەیڕۆ شایەتی چی؟ بە خوا درۆ دەکەن.

جووتێک چەکمەی لبادی فشوفۆڵی ساڵداتی ڕووسان و کڵاوێکی کەوڵە بەرفی بە ئەستێرەی سوورەوە هێنابووە بەردەمی کە: بابە! ئەگەر ئەوە نیشانەی چوونە ڕووسیا نەبن لە کوێ دەس دەکەون؟ ! بەو حاڵەش بەریان دابوو.

٣- قانیع:
هەر لە بۆکان بووم کە قانیع هاتبووە موکریان و بۆ یەکەم جار لە «قەرەگوێز» چاوم پێی کەوت. ماوەیەک پێکەوە بووین؛ گەڕاوە عێراق. لە زەمانی دەسەڵاتی کۆمەڵەدا هاتەوە سابڵاغ و دەگەڵ عەبدولقادر دەباغی ژووریکیان لە کاروانسەرای سەید عەلی گرتبوو. حەولی کاری دەدا و جوابیان دەکردەوە.

چوومە لای پێشەوا، داوای کارم بۆ قانیع کرد. فەرمووی: دەڵێن جاسووسی ئینگلیسە.
گوتم: ئەم کابرایە پتر لە شێست ساڵی عومرە، کەس نەیبیستووە تێری زگی نانی خواردبێ. ئاخر ئەو بەخششی جاسووسییە بۆ کەنگێیە؟ ! بابە! من دەبمە زامن. ئەگەر خەیانەتی کرد من ئیعدام کەن.
پێشەوا فەرمووی تۆ ڕاست دەکەی؛ بەڵام ها بخوێنەوە: پتر لە سەد گوزارشی عێراقییەکانی ناو شۆرش هاتبوو کە قانیع پیاو خراپە! فەرمووی: خۆیان پێکەوە خراپن...
ڕۆژێک نامەیەکی شاندام کە بۆ «عەلی مەدهۆش» ناوێکی، هەم خەیات و هەم شاعیری نوسیبوو: کاکە! ئێرە زۆر خۆشە، لایەکی ڕیشت لە سولەیمانی تاشیبێ لایەکی بێنە سابڵاغ. چاوەڕێتم.
- قانیع ئەوە یانی چی؟
- ئەو حیزبانە هاتە بن کڵیشەوەمەوە، وتی بۆ بچۆ؛ ئەگەر خۆشت لێگوزەرا خەبەر بنێرە منیش دێم. دەمەوێ ئەویش ڕە دەردی من بچێ و کاری دەس نەکەوێ!
ئێوارەیەک دەگەڵ قانیع چوومە مەنزڵەکەی. لە دوورەوە بانگی کرد:
- عەولقادر ژوورەکە چاکەت دە.
- یانی چی؟
- گزکمان نییە بە چاکەت ئەیماڵین!

قانیع کرا بە موعەللیم لە «باڵانیش»؛ پاشان لە «کەلبەڕەزاخان». کە لێیان دەپرسی چ کارەی؟ دەیگوت: هام لە «سەگی پێشەوا»! ئەم گوندە ناوی کەلبەڕەزاخان بووە، «کەلب» سەگە و ڕەزاخانیش نەماوە.

ماڵ و منداڵیشی هێنا و ماوەیەک لە بۆکان ژیا. لەگەڵ تێکچوونی شۆرش بەرەو عێراق ڕایکردبوو. کوڕێکی لە ڕێگە لێ ون ببوو، پاش ماوەیەک بۆیان هێنابۆوە.

لەم بەینەدا کە لە ئێران بوو، دیوانی شیعری - کە ناوی ڕاستی «دایکی کتێب» و ناوی ڕواڵەتی «باڵەکۆلارە» بوو - لای من دانابوو؛ کە مردووە لە فەقێیەتییەوە هێناویانەتەوە لە جێگەی باوکیان داناوە کە هیچ زەوقی لە سەر نەبووە. شەوانە، شێخانە زیکر و تالیلەی بۆ مریدان دامەزراندووە و هەر کە چاویان نووقاندووە بێ هەست بە جێی هێشتوون و چۆتەوە ماڵ و بە ئەقڵی دەروێشەکانی پێکەنیوە. دەروێش بەمەیان زانیوە و دەریانکردووە. لەکار گەڕاوە، بۆتە پۆلیس، بۆتە جەنگەڵبان، کراوەتە موعەللیمی دیانەت. زەمانێک لەماڵی شێخ مەحموود ژیاوە و کاربەدەست بووە. هەرگیز لە عومریدا نان و دۆی نەگەیونە یەک و هەمیشە شڕ و وڕ ژیاوە. بەڵام ئەوەندەی ئەو گاڵتەی بە خەڵک کردووە و ئەوەندەی ئەو لە عومری خۆیدا پێکەوەنیوە، بەڵام ئەوەندەی ئەو گاڵتەی بە خەڵک کردووە و ئەوەندەی ئەو لە عومری خۆیدا پێکەنیوە، باوەڕ ناکەم بۆ هیچ شازادەیەکی بێکار ئەوە لوابێ. مەجلیسی لە شیعری خۆشتر بوو. شیعریشی - زۆر بە زمانێکی سادە و شارەزووریانە بوو - یەکجاری کاری کردبووە سەر چینی نەخوێندەوار و پتر لە هەر شاعیرێک کوردایەتی بڵاو کردۆتەوە. شیعرەکانی زۆربەیان خەمبارانە و داخ و ئاخ بۆ حاڵی بندەستی و پەرێشانی کوردستانە؛ بەڵام قسەکانی ئەوەندە قدیلکەدار بوون مردوویان دەخستە پێکەنین. شێخ و مەلا، ئاغا و خان، دەسەڵاتدار و دەولەمەند لای ئەو گاڵتەجاڕ بوون و زمانەکەی لێ ببوە بەڵا و لە هیچ کوێ دانەدەمەزرا. نەویستانی بە کافریان دەزانی و بەم تۆمەتەش پێکەنینی دەهات.

چەند نوکتەیەک لە قانیع دەگێڕمەوە کە دەزانم لە دیوانەکەی چاپ ناکرێن:

* شێخ مەحموود لە سیتەک میوانی شێخ لەتیفە. زۆر کەس بە بەغدا و شارەکانی ترەوە هاتوونە لای. شەو دەبێ بە فڕان - فڕانی لێفە و زۆردار لە دەست بێ زۆری دەڕفێنێ. ئەفەندیەکی زۆر بە شەرم و حەیا کە لای شێخ دانیشتووە و دەبینێ قانیع هەڵدەسووڕێ، بە سرتە دەڵێ:

- شێخ قانیع دەستم دامانت. منت لە بیر نەچێ.
- ئەفەندی ڕازیت تۆش وەک خۆم بی؟
- زۆرت مەمنوونم.
شەو درەنگێک لە کەلێنی درگاوە بە قامک ئیشارەتی بۆ دەکا. دەچنە بەر هەیوانی مزگەوت.
دوو حەسیری بوریای درێژی لێیە، قانیع لە سەر یەکیان ڕادەکشێ.
- دەی ئەفەندی لوولم دە!
ئەفەندی لوولی دەدا تا ئەو سەر، لاق و ملی بە دەرەوە و حەسیر دە زگ پێچراوە.
- تۆش ڕاوەستە بەڵکو یەکێک بێتە میز کردن، بێژە لوولت بدات!

* جەنگەڵ بانە؛ گوتوویانە هەر کەس گوێ بەرازێک بەرێ بۆ دەوڵەت دووسەد فلسی دەدەنێ. قانیع شەش بەراز دەکوژێ، دوازدە گوێ دەباتە ئیدارەی فەرمانداری لە چوارتا.
- قوربان بفەرموو دوو دینار و چوارسەد فلسم بەنێ.
- کاورا هەروا گۆترەیە؟ بە چیت کوشتوون؟ کوا پاسی تفەنگەکەت؟ فیشەکت لە کوێ هێنا؟
- قوران! مودیربەگ! کوشتی چی و تفەنگی چی و پاسی چی؟ من مەلادێم و ئەم گوێ بەرازانەیان بە زەکات و سەرفیترە داومەتێ. خوا خێریان بنووسێ!
پۆلیسێک بە سەرا دێت و دەڵێ: شێخ قانیع ماندوو نەبی.
مودیر دەڵێ: تۆ کە قانیعی بۆ دەنگ ناکەی؟
- جەنابی مودیر خەریک بووی گوێبەرازەکانم بخۆی!

* کاورایەک هاوار بۆ شێخ مەحموود دێنێ: قوربان! مار وە کوڕمیەوە داوە؛ نان بجاوە با خاسی کاتەوە.
قانیع هەڵدەداتێ: باوەحیز! نوشتەی ماری ئەوێ و نانی خۆشی نەهاوردووە شێخ بۆی بجاوێ؛ ئەشێ لە نانی خۆی کەم کاتەوە!

* ڕۆژێک شێخ مەحموود لای ئاغاوەتی میوانی باسی تاژیەک دەکا کە نازانم دەشگاتە کەروێشک، بۆچی نایگرێ. قانیع دەڵێ: قوربان! ئەمر بکە کەروێشکێکی ساغت بۆ بێنن. نانێکی لە پشت بەستە؛ ئەو تاژیەی بەردە. بە هەوای نان دەیگرێ و ئیتر هەر کەروێشکێکی دیت وادەزانێ نانی بە سەر پشتەوەیە و ڕزگاری ناکا! شێخ لە سەر ئەوە دەریدەکا.

* قانیع و فەقێیەک لە مزگەوتی دێیەکن. حاجییەک تۆپێک خام بۆ بەرماڵی مزگەوت دەکڕێ. قانیع دەرفەت دێنێ و بە فەقێ دەڵێ: ئەم مزگەوتە چەند ساڵە بنیات نراوە؟

- سەد ساڵ.
- چەند ساڵە ڕووخاوە و بە مردوو حەساوە؟
- چووزانم، پەنجا ساڵە.
- خاسە، پازدە ساڵ مناڵ و ناباڵغ بووە، ئەمێنێتەوە سی و پەنج ساڵ، خۆ ئێسقاتی بۆ نەکراوە!
بەرماڵ دەپێچێتەوە و سی و پێنج جار دەڵێ: ئەم بەرماڵەم دا بە تۆ لە کفارەتی ئەو تڕ و تسانە و درۆیانەی لادێی لەم مزگەوتەدا کەندوویانە و کردوویانە. بڵێ قبووڵم کرد و دامەوە بە خۆت! بەرماڵ لەت دەکەن و دەیکەنە کراس و دەرپێ. لە سەر ئەمەش لە دێ دەری دەکەن.

* مامۆستای دینە لە گوندێک، بە مناڵان دەڵێ: کوڕم، ئەگەر بازڕەس هات و باسی دروست بوونی خەڵکی سەرزەوی پرسی، بڵێن ئادەم لە قوڕ دروست کراوە، دارە سیواکێکی لە کوونگی خراوە تا کونەکەی وێک نەکەوێتەوە. کاتێ وشک بۆتەوە داریان ڕاکێشاوە، دار گیر نەبووە چۆتە لای خودا بۆ شکایەت: خوایە بۆ کردووتمە گاڵتەجاڕی داران؟ خوا فەرموویە: خەم مەخۆ، وا دەکەم موسلمانان ڕۆژی پێنج جار بتخەنە دەمیانەوە! بازڕەس کە گوێی لەم جوابە دەبێ دەڵێ:
- ئەوە لە کام کتێب دایە؟
قانیع دەڵێ: قوربان «قصص الانبیاء» نووسیویە.
- کە وابێ گاڵتە بە دەوڵەت دەکەی؛ یاڵڵا بۆ دەرەوە!

* کە لە سابڵاغ گەڕابۆوە؛ کابرایەک نیوە ئاشێکی دابوویە؛ ببوە ئاشەوان. لە سەر جادەی گشتی تابلۆی نوسیبوو: بۆ ئاشی قانیع. تابلۆی بە داری دەوری ئاشدا چەسپاندبوو: ئاشێر لێرە دادەنیشن؟ کەرەکان لەم بن دارە مۆڵ دەخۆن. شێخ حەمەدەمینی خاوەن ئاش ڕۆژێک دەچێتە سەردانی قانیع و چاوەنۆڕە بیبینێ. قانیع لە ئاش دێتە دەر و لە قاقا دەدا.
- بۆ پێدەکەنی؟
- یا شێخ خۆ تۆ خوێندەواری، لە جێی کەران مۆڵت خواردووە!
- بە خوا کەسێک هەواڵی قانیع بێ هەر مۆڵگەی کەری ڕەوایە!
نیوەئاشی لێ سێندرایەوە!

* شۆرشی کوردی عێراق دەستی پێ کردبوو. ڕۆژێک قانیع دەچێتە سەری خۆپیشاندانێکی گەورە لە سولەیمانی. وتاربێژێک دەنەڕێنێ:
- با شانازییەوە ئەم شۆرشە لە سەر شانی ڕانندە و کۆمەگ ڕانندە پێک هاتووە.
قانیع دەست بڵیند دەکا:
- مامۆستا کە وا بێ مەکتەبی سیاسی ها لە گاراجی عەبدە!
لە سەر ئەوە برایم ئەحمەد لە عێراقی دەرکرد و لە مەریوان گرتیان و بردیانە تاران و تا درەنگ نەهاتەوە عێراق.

پەراوێز edit