ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار چێشتی مجێور
٧٧. لە «سیتەک»
بەرەبەری نەورۆز قزڵجی و مام غەفوور و من و هەمزە چووینە گوندی «سیتەک»؛ لە ژوورێک دایانکەردین. لایەکی چەپەرێکی شەق و شڕ، کە دیتمان تاژیەک لەوێوە خۆی کرد بە ژوورا. دنیا تەڕی و قوڕی بوو. خۆمان بە قوڕی حەوشە، چەپەرمان کونبڕ کرد. داری تەڕی سۆپەمان بە بەرەوە هەڵچنی. ڕایەخمان لباد و پڕ لە ئەسپێ بوو؛ هێندەمان «دێ.دێ.تێ» پێوە کرد، پێت لێدەنا تۆز هەڵدەستا. پاش دوو ڕۆژ میرزا ڕەحمان یەک باری کوتەکی کتێبی بۆ ناردین کە وەڕەز نەبین. کتێبی چۆن؟ هەر لە تالیفاتی مارکس و ئینگلسەوە تا «خەباتی من»ی هێتلەر، لە حەدیس و شەرعەوە تا تەرجەمەی کتێبی بێ شەرمانەی بازاڕی «سان دۆنی» پاریسی، تا کەراماتی شێخ حیسامەدین! خولاسە ئەوەندەی دژ لێک کۆ کردبۆوە کە باسی نەکرێ.

ڕۆژانە من و هەمزە بە تفەنگێکی تاپڕی شێخەوە دەچووینە ڕاو، سوێسکە و کۆتر و کەومان ڕاو دەکرد. قزڵجی لە ماڵەوە کتێبی دەخوێندەوە. شەو حاسڵی ڕاومان دەخوارد و گوێمان لە قزڵجی دەگرت کە وەک حیکایەتخوانی لە زەبر، چی خوێندبۆوە دەیگێڕاوە.

شەوێک قزڵجی لە مەلا عەوڵای پرسی:
- ئەگەر کەرێک زۆریش تێر بێ، وێنجەی تەڕی بۆ بەرن نایخوا؟
- جا ئەوە پرسیاری دەوێ؟
- دە بڕوانە لەم کتێبانەدا دەڵێ: شێخ حیسامەدین چوبووە باغێک، کەرێک لەوێ بەسترابۆوە. فەرمووی ئەو کەرە دەڵێ برسیمە. وێنجەیان بۆ برد خواردی!
گوتی: چ سەگبابێک نووسیویە؟
- خەلیفە مەحموود.
- جنێو بە خەلیفە نادەم، بەڵام قسێکی بێتامە!
ڕۆژێک دەگەڵ هەمزە لە سەر گردێکەوە بەرازێکمان لە قامیشەڵانێکدا بەدی کرد. تاپڕمان پێ بوو. وتم: با بۆی بچین!
- بەراز خەتەرە!
- نەخێر، دەیکوژین.

پاش مقۆمقۆیەکی زۆر، پێک هاتین. هەمزە بە قریوە و هەرا و من بە تاپڕ ڕیسکمان کرد و پەلامارمان برد. کەچی بەراز بە کۆلکە سووتاوێک دەرچوو!

ڕۆژێک کە نەدەچووینە ڕاو، لە سەربانی مزگەوت ڕاوێچکەمان دەکرد و گوێمان لە خەڵکی گوند دەگرت. «کوێخا تەوفیق» عاقڵمەندی دێ بوو؛ چەکداری عوسمانی کردبوو؛ لە شەڕی «بەسرا» بەشدار ببوو. ڕێی بە نوون دەگوت. باسی شەڕی دەگێڕاوە کە بە سەرنێزە کراوە، دەیگوت: سوڵتان عەبدولحەمید! خوا غەنیقی نەحمەتت کا! تۆ ئەگەن بەغدات هەبوو، بەسنات بۆچبوو؟ ئەو هەموو گەنجەت بە سونگی تاق بە کوشتن دا!

جارێک قاو داکەوت خەلیفەی شێخ حەسەنی قەرەچێوانی بەڕێوەیە. لای وێڵەدەر ڕێویەک بەرەوپیری هاتووە، دەورێش خرێک بوون بۆی بچن بیگرن، خەلیفە فەرموویە لێیگەڕێن. ڕێوی ئاوزەنگی خەلیفەی ماچ کردووە و سەری پێدا ساویوە! خەلیفە دەستی بە سەریدا هێناوە و فەرموویە: «ئەوا کردمی بە خەلیفەی ڕێوی ئەو ناوە، تۆ تۆبەیان دادە!» و بەرەڵای کردووە. بوو بە قریوە: ئای لەو پیاوە ممبارەکە! ئای خۆزگە بەو ڕێویە بەهەشتییە! زۆر گەرم داهاتبوون و کوێخا تەوفیق لە گشتیان زیاتر. «حاجی قادری کۆیی» دەڵێ:
سۆفی وەک تەشنە بوو لە زیکری هەتاو
هەموو دینی دەدا بە کاسێک ئاو
شیعە وەک تەشنە بوو لە سینە زەدەن
بە دوو قەترەی دەدا حوسێن و حەسەن


خەڵکی سیتەک هەموو بژیوی ساڵیان لە سەر دار فرۆشتن و ڕاوە ڕێوی بوو. لە تەنیشت مام کوێخاوە دانیشتم:
- خەبەر چییە؟
چۆن تۆ باسی خەلیفە و خەلیفە ڕێوی نابیسی؟ بە خوا ئەبێ خۆمان ساز کەین خزمەتێکی باشی ئەم خەلیفە و دەروێشانە بکەین.
- کوێخا گیان! تا ئێستا خەلیفە ڕێوی هەموو ڕێویەکانی شارباژێری کردۆتە دەروێش. بە خوا هەرچی ڕێوی بکوژێ، ئەچێتە جەحەندەم. بەم خەڵکە بفەرموو لە ڕاوە ڕێوی دەس هەڵگرن.
کوێخا تاسێکی بردەوە، بانگی کرد:
- کوڕە وەرن، هەی بکەم بە کنگی باوە خەلیفەوە! خۆ نابێ ڕاوەڕێوی بکەین!
- دیسان غەڵبە غەڵب دامەزرایەوە. بە کۆمەڵ دوای خۆم دان بۆ لای شێخ لەتیف کە ئەوسا لە سیتەک بوو:
- یا شێخ! خۆت دەزانی ئەم شارباژێرە پاوانی تەریقەتی کاک ئەحمەدی شێخە. خەلیفەی گەرمیانی حەقی چییە ئاسۆگ بپەڕێنێ و مرید لە ئێوە داگیر کرا؟
شێخ گەرم داهات:
- دادەی سوار! سوار بن ئەم باوەحیزە بەرەو شارەزوور بڕەتێنن!

مەلا شێخ نووری - کەباسی کرا - تیتووڵە شاڵێکی سەدانەی بە دەوری وەرگیدا هێنابوو؛ دەتگوت کەمبەری دەوری دەهۆڵە. لاقی کورت، سەر درێژۆکە، لیچشۆڕ، هەر مشەی دەهات. ژنێکی زۆر لەبار و قەدباریک و بەناز و نووزی - مارە بە جاش - لە خۆی مارە کردبوو؛ تەڵاقی نەدابۆوە. ژن شارستانی و خوێندەوار و تووشی ببوو بەو عەلامەتەوە و لە سیتەک دەژیا. خواخوای بوو مەلای تووڕە کا و تەڵاق بدرێ. خەڵکی دێ کە دەیانگوت بڵح و سووکە، مەلا دەیفەرموو: قوربان! ئەم ژنەی منە خۆنگەوارەیە! قورعان لە سینگەیە! چونکە مەلا بوو، تێی نیشانەی مێوینەی عارەبی دەخستە سەر وشەی کوردیش!

ڕۆژێک زۆر بە شپرزەیی هات و گوتی:
- مەلا محەممەد، مەلاژن نەخۆشە و تۆی دەوێ کە دەرمانی کەی!
- مامۆستا من حەکیم نیم.
- بە خوا ئەڵێ ئەبێ هەر بێ.

مەلاژن لە سەر جێگە کەوتبوو؛ سنگ بەرەڵا. دەستی گرتم و لەسەر مەمکی دانا. زانیم داوە و بۆ منی ناوەتەوە. هاتمەوە و دوو بنێشتی ڕەوانیم بۆ نارد. مەلاژن لە سایەی من ساغ بۆوە و ناوم لە دێدا بە حەکیم زڕا. جا وەرە و سوێند بخۆ کە حەکیم نیم. «ئەی بۆچی مەلاژنت چا کردەوە؟» تا خۆم لە مەلاژن و سیتەکیان ڕزگار کرد، شەیتان گوتی چەق!

جارێ شێخ لەتیف هەڵیپێچا کە ئەم ژنە تەڵاق بدا؛ بۆ ئەو نابێ. لە وەراما دەیگوت: قوربان! من تەڵاقی بەم و بچێ شوو بە نامەحرەمێ بکا؟ ئەمە چۆن ئەبێ؟!

پێم گوت: مامۆستا ئەو ورگ و گیپاڵەی تۆ بۆ خەلیفەتی دەناڵێ.
گوتی: خۆ ئە. گەوادیەشم کردووە! شەش مانگ خەلیفەی سەید بووم. من شەشسەد تمەنم بۆ کۆ کردنەوە؛ ئەو سێ تمەنی دامێ، وازم لێ هێنا!
نانمان هەبوو؛ پێخۆرمان کەم بوو؛ ماست هەر دەست نەدەکەوت. ڕۆژێک دەگەڵ قزڵجی لە سەر مانای شیعرێک کێشەمان بوو، قزڵجی گوتی: بە ماست، بە مریشک سوێند ئەخۆم قسەی من ڕاستە!
- یانی چی؟
- ئاخر ئەگەر ئەوانە موقەددەس نین، بۆ کەس نایانخوا؟!

شێخ لەتیف حەفتا گوندی دەخوارد؛ بەڵام هەمیشە قەرزدار، نێو ماڵ ڕووت و بێ فەڕش و لێفە، لە پێخۆردا ناساز، تا خواش حەز دەکا دڵاوا و میوان دۆست، تا خواش حەز بکا بێ سەلیقە و لە کار نەزان. زۆر جار فزوولی دنەی دەدام و لۆمەم دەکرد:

- ئاخر یا شێخ! تۆ ئەو هەموو خەڵکە دەڕووتێنییەوە، هەموو داهاتت چەند نۆکەرێکی شەلاتی دەیدزن. تۆ نابێ پێودانێک بۆ خۆت دانێی؟
دەیگوت: ئێمە بەرەی کاک ئەحمەد پێمانەوە نایە ڕێکوپێک بین؛ ماڵی شێخ مەحموودیش وەک ماڵی من وایە!

زۆر بە ناشکوری ناڵێم، لەم کوردستانەی ئێمەدا گەورەیی بە میراتە نەک بە هونەر و جەوهەر. عەولادی کاک ئەحمەدی شێخ تا دنیا دنیایە لە خەڵکی تر پایەبەرزترن؛ نابێ گوێ بدرێتە زانین و هونەریان. جا چونکە کوڕی گەورەماڵان لەلە و نۆکەر بەخێویان دەکەن، بە ئارەزووی خۆیان ڕایاندێنن کە قازانجی ئەوانی تێدابێ. زۆربەی لەلە و نۆکەرەکانیش لە ئاکاردا پاک نین. زۆر بە دەگمەن هەڵدەکەوێ کوڕی پیاوی گەورە نالەبار هەڵنەکەون. ماڵە سەید تەها، عەولادی شێخی بورهان دوو نموونەن. هونەری شێخ لەتیف هەر ئەوە بوو کوڕی سابڵاغ مەحموودە و بەس!

هەر لە سیتەک، قازی کاکە حەمەی بۆکانیشمان هاتە لا و لە ئێران ڕایکردبوو؛ تەواو پێی حەساینەوە. زۆر زانا، زۆر قسەخۆش و ڕووخۆش، تا خواش حەز کا ترسەنۆک. بەگشتی بەرەی ماڵە قزڵجی هەر سەریان لە هێلکە جووڵایەوە عالمن. هەموویان زیرەکی بێ هاوتان. بەڵام هەموویان ترسەنۆکێک خوڵقاون کە ناوێرن تەنانەت هونەر و جەوهەری خۆیان دەرخەن. «تورجانیزادە»، «محەممەدی قزڵجی»، «قازی کاکە حەمە»، «حەسەنی قزڵجی» نموونەی ئەو ترسەلە ڕادە بەدەرەن. هەر کەسی تر دە یەکی ئەوان زانا با، ناوبانگی دەنگی دەداوە؛ بەڵام ترسی وا بە تەوەژم ڕێگەی خۆدەرخستنی لێ بڕیون. جارێک شێخ لەتیف هاتبووە سەردانمان لە سیتەک. کاتێ سوار ببوو، دەڕۆیشت و ئێمە بەڕێمان دەکرد. «قازی کاکە حەمە» لە ڕیز دەرکەوت و چۆکی دادا و دەستی بە ئەژنۆی ئەسپی شێخ گرت. شێخ لەتیف بە سەرسوڕمانەوە پرسی:

- مامۆستا چیت لێ قەوماوە؟
- یا شێخ دەترسم دوای تۆ سی پۆلیس بێن بمگرن!
- جا بۆ سی؟ بۆ بیست و هەشت یان سی و دوو نەبن؟
- قوربان لێرە دەترسم؛ بمنێرە لای شێخ مەحموود.
قازی بە جێی هێشتین و ئێمە لە خەتەردا ماینەوە!
- قزڵجی و من و لە بیرم نەماوە کێی تریش
- پێم وایە هەمزەی سڵەماناغا بوو - ناوی خۆمان گۆڕی. قزڵجی ناوی «سەعید ڕەحیم» و من «عەزیز قادر»م هەڵبژارد و شێخ لە «چوارتا» پێناسی عێراقی بۆ وەرگرتین و بووینە عێراقی و ترس و لەرزمان لە گرتن بە سەر چوو.

لە سایەی ڕاوی هەموو ڕۆگەوە دەگەڵ هەمزە، ببووینە پیادەیەکی وا قۆچاغ تاژیمان نەدەگەیشتێ. جارێ بە غاری بێ وچان لە سیتەکەوە بە هەورازی «هەرووتە»دا سەرکەوتین. ڕۆژێک سەر لە ئێوارە لە قەدی چیای «کورەکاژاو» حەیوانە کێویەکمان بەدی کرد. دامەزراین کە بیکوژین؛ کەچی مەعلووم بوو کە ئەویش ڕاوکەرێکی کوڵەباڵ لە بەرە و ئێمەی بە حەیوان زانیوە و لێمان دامەزراوە.

دەڵێن جارێک چەند مەلایەک لە دم چوومی «کەڵوێ» چوونە سەر پێشاو کە دەسنوێژ بگرن؛ کابرایەک لای وابووە پۆلە کەڵکن و تفەنگی پێوە ناون. ئێمەش وامان بە سەر هات.

لە بەهارا شێخ بە حەلاوی کارەکەریەوە - بۆ ڕاوە کەو - هاتە سیتەک. کەیفمان ساز بوو. دەگەڵ شێخدا شەو بە کێو لە ڕاو بووین. کاتێ لە بەغدا دەگیام دەگەڵ قزڵجی - کە لە سولەیمانی بوو - دوو پارچە شیعرمان پێک گۆڕیەوە، کە زۆر بە وردی ژیانی ئەو ڕۆژانەی شارباژێریان وێنە دەکیشا. بە داخەوە نەمماون و هەر ئەوەندەم لە بیر ماوە کە نووسیومە.

عەوڵا ناوێک لە سیتەک بوو، جگە لە ناوی ئاغا هیچ عەشتەبای شک نەدەبرد. هەمیشە دەست لە کەلەکەدا و بە فیزەوە دەیگوت: من جگە لەوە کە ئاغام، ڕەعیسولعوزەرای شێخ لەتیفم! نەوسن و چەورەیەک بوو هەر مەپرسە. قادراغا ناوێک بۆی دانابوو:
ئەگەر نایناسن، ئاغا هەرووتە
لە تەقەی کەوگیر گوێی وەک کەر جووتە


ڕۆژێ بە فیزێکەوە دەگەڵ مەحموود بەگەکەی «بیبیجەک» هاتنە لام؛ گوتیان: ئاغا گەورەترە یان بەگ؟ گوتم: نازانم. «محێدین چنارەیی» درێژی لاواز، نۆکەری شێخ دەهات؛ عەوڵاغا بانگی کرد: محە ڕەق! تۆ خۆنگەواری. ئاغا گەورەترە یان بەگ؟
- بە خوا ئەمانە وەک سەگ و تاژی وان، فەرقێکیان ناکەم!
مەحموود بەگ گوتی: ساوەڵڵا دەڵێن تاژی بەگزادەی سەگانە؛ من نەجیبترم!
کابرایەکی وێڵی بێ ماڵی ڕووتەکە هەبوو، پەستەکێکی سەد پینەی درێژی تا سەر ئەژنۆس دەبەردا بوو. سەر و بنی قسەشی«زالیکە» بوو، خۆی بە پێغەمبەر دەزانی؛ شێخ گاڵتەی پێ دەکرد. گوتی: زالیکەی ماکەر! تۆ چۆن پێغەمبەرێکی؟
گوتی: پێغەمبەری کەرانم و خوا ناردوومیەتە سەر ئێوە!

پەراوێز edit