ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار چێشتی مجێور
٧٦. لە «بیبیجەک»
بۆ شوێنەونی ناردرامە گوندێک بە ناوی «بیبیجەک»» ماڵی «مەحموود بەگ» ناوێک کە پیاوی شێخ لەتیف بوو. زۆری نەبرد «عەبدولقادر ئەحمەد» و «باقی بامەڕنی» هاتنە ئەوێ و یەکترمان ناسیەوە. باقی ناوی «مام غەفوور» و عەبدولقادر «کاخدر» بوو؛ تا نەناسرێن.

مەلامستەفا لە شنۆوە ناردبوونیە عێراق؛ نامەیان بۆ چەند کەسێک هێنابوو. کە دەگەڕانەوە، گوتم: منیش دێمە لای مەلامستەفا. گوتیان تا پرسی پێ نەکەین ناتوانین بتبەین. نامەم بۆ بارزانی نووسی، نامەم بۆ ماڵی خۆمان نووسی کە ساغم و حەق و حیسابی قەرز و قۆڵەم بۆ ڕوون کردنەوە. مام غەفوور هاتەوە و خەبەری دا کە کاخدر لە دەوری شنۆ لە بەفردا گیری کردووە و لە برسان کەوتووە و خۆی داوەتە دەست دەوڵەت و بەرەو تارانیان بردووە. مەلامستەفاش ڕووی کردۆتە وڵاتی ڕووس و لەو ناوە نەماوە. ئەویش لە ناچاری هاتۆتەوە عێراق. جوابی ماڵەوەشی بۆ هێنابوومەوە: کاکە ڕەحمان گوتبووی دەمانچەکەی ئەویان لێ ساندم. قاسماغا -کە نوسیبووم سێسەد و پەنجا تمەنی لایە- تووڕە ببوو: حەددی چییە قەرزی لای من بێ؟ ! مەلاعەوڵا گوتبووی: سێ هەزار تمەنم لا نییە؛ سوێند دەخۆم. دیار بوو پیاو هەرچی بێ، تا لەبەر چاوانە لەبەر دڵانە. تەنیا برایەک کە لە بیری نەچووبووم کاک هێمن بوو؛ لە جەنگەی سەرباز و عەشایر ڕژانە ناو شاردا، ماڵ و منداڵەکەمی بردبووە گوندی شیلاناوێ و لە خەتەر پاراستبوونی. کە دوای ئێمە ئاغایانی کوردیان بردبوونە تاران، شا پرسیبووی: ئەو هەژارەکە چی لێهات؟ حاجی بایزاغا گوتبووی: قوربان! ئێمە کوشتمان...

دوای هەڵاتنەکەم لە بۆکان، عەوڵاغای مەحمووداغا جنێوی بە کوێخاکەی دابوو کە: دڵی پێنج قڕانی فیشەکێکتان نەهات هەژار بکوژن...

چوبوومە سولەیمانی لە وەتاغێکی تاریکی دیوەخاندا دەژیام؛ بۆ ئەوە کەس پێم نەزانێ. کە مام غەفوور هاتەوە و بوو بە ئاودەنگیم، ڕۆژێک درگا کرایەوە، «عوسمان دانیش» کە لە سابڵاغ دەمانناسی و دەرسی کوردی بە منداڵان دەگوت، وە ژوور کەوت؛ کە ئەویش تازە گەڕابۆوە.

- کاک عوسمان ماندوو نەبی.

- عەفوو بکەن من ناوم مەلا کەریمە، عوسمان نیم. ها! من ئێوە دەناسم: تۆ باقی! تۆ هەژاری! باقی گوتی: ئاخر عوسمان گامووش! مانگێکە یەکترمان نەدیوە؛ بۆ تۆ دەمانناسی و ئێمە ناتناسین؟ !

ڕۆژێک دیتم کابرایەکی ملپانی، پاڵتۆیەکی بەرگنە وشتری هەشتەڕۆیانە لە بەردا و کەوشێکی پاش پانیەدرێژی قەتارەچیانە دە پێدا هاتە ژوور. پاش تاوێک ناسیمەوە حەسەن قزڵجینە و ماوەیەک لە بیارە سۆفی بووە و ئێستا هاتووە. پێک شاد و شوکور بووین. ناو بە ناو کاک هەمزەی کۆنە شەریکم و مەلا عەوڵای حەساریش بوونە پەنابەر.

ڕۆژێکی تر سەر لە بەیانی، کەشیدە بە سەرێک -کە دەتگوت زەردەچێوی پێدا ڕژاوە- هاتە لای شێخ کە چارێک بکا. حاجی عەلیم دەناسی لە بۆکان، ئەرزیابی تووتن بوو. ژنێکی شۆخی خەلیفەی هەبوو. زۆر دەوڵەمەند و وەجاخکوێر بوون ماڵیان چووبۆوە سەقز.

- حاجی گیان! تۆ و ئێرە چی؟

- ئای قوروان! حەقایەت من دوورە: خانم هەڵیپێچام، وتی هەوەڵ؛ مامۆستا و ئاخر شام. ئێمە کە حەشرمان لە شام ئەکریە، بۆ ئێسە نەچین؟ گش ماڵەکەمان فرۆشت؛ فەڕشمان هێشتەوە و بارمان کرد و چووینە قەسر شیرین. قاڵیەکانمان دا وە قاچاخچی، کە خۆشمان و فەرشەکانیش بەرنە ئەودیو. قەرار دریا سەعات دوانزەی نیمەشەو بیانبینم. قوروان خۆت ئەزانی ئەسڵەحەی موسوڵمان چییە؟ دەستنوێژە! دەسنوێژم گرت. چوومە سەر کۆڵان هاوارم کرد: عەبدولقادر! تومەز کاورایەکی پۆلیسی شەو ناوی عەبدولقادرە! بە غار هات و منی دیت و کەلەمچەی کردە دەستمەوە. وە هەزار نارعەلی، وە سەد تمەن بەری دام. بێ ئەدەبییە لەخزمەتتا، قاڵیەکانیش لە خانەقین گیران و گومرگیان لێ ساندین. گەیینە بەغدا وتم لای عەبدولقادر گیان دائەبەزم. فەرش و خانم و من لە بن دیواری غەوس لە پەنا جادە ماینەوە. لە زوان کەس تێنەدەگەیشتین. ئێوارە وەختە، کاورایەک وە کوردی وتی: ئێوە چین و بۆ لێرەن؟ کە تێگەیشت، بانگ حەماڵی کرد و قاڵی و ئێمەی بردە ماڵ خۆی. وتی: لە ئێرانەوە قاچاغ هاتگن؛ نایەژم ئەو ئەیوت: «حەشری چە و مەشری چە؟» تۆبە ئەستەخفیڕوڵڵا! لە سەر قسەی ئەو گەڕاینەوە سولەیمانی و ئێستا هاتگمە لای شێخ فکرێ بکاتەوە چی بکەم.

ئەو بەینە زۆر بە تاسە بووم «شێخ مەحموود» ببینم؛ بەڵام تا داوام دەکرد، شێخ لەتیف بەهانەیێکی ئەدۆزیەوە و دەیگوت جارێ!

شێخ لەتیف بۆ خۆی شاعیر بوو؛ بەڵام باوەڕ ناکەم شیعری کەسی خوێندبێتەوە. تەنانەت ئەو کاغەزانەی لێقەوماوان بۆیان دەنووسی، قەت یەکی نەدەخوێندەوە و وە بن دۆشەگی بن قوونی دەدان. کە لە «بیبیجەک» بووم، سوارێک بە غار هات و نامەی شێخ لەتیفی دامێ کە: زۆرم تاریفی تۆ لای شێخ مەحموود کردووە؛ پێی خۆشە نموونەی شیعرت ببینێ. تکایە شیعرێک بووسە با بۆی بخوێنمەوە. من کە دەمزانی حاڵی چۆنە، کاغەزێکی سپیم خستە ناو پاکەتەوە و ناردم. کە شێخ لەتیفم دیتەوە گوتم: ها؟ شیعرەکەم چۆن بوو؟ فەرمووی: زۆر خۆش بوو؛ شێخ مەحموودیش زۆری پەسند کرد!

پەراوێز edit