ئاڵەکۆک

ناسیح ڕەحیمی add_a_photo
ناسیح ڕەحیمی دیوانی شیعر
٥. بەزمی چەپڵە
ئەمجار ئەنووسم شێعری تەڕ تا پێم نەڵێی شێعرت خەمە
شێعرم خەیاڵێ پڕ لە تۆ، گیانم ئەسووتێ وەک شەمە

باران ببارێ بۆ دڵم هەر تۆی شکۆفەی سەر چڵم
عاشق ژوانی تەک گوڵم تا کەی بنووسم ئەم تەمە

تاکەی حەشاری هەست بدەم؟ تاکەی نەڵێم خۆشم ئەوێی؟
هەرچەن بڵێم خۆشم ئەوێی دیسانەوە بۆ تۆ کەمە

ئەم دەنگە دەنگی بێکەسی یان سیاچەمانەی خەم نییە؟
ئەم بەزمە بەزمی چەپڵەیە پێچاوە ناو ئەم عالەمە

تۆ پێم بڵێ خۆشم ئەوێی تا ڕێی قەزاکەت گیان بدەم
هەرچەن لە ناخی دڵ نەبێ یەک دەم بڵێ بۆ تەقیەمە

بولبول غەزەڵخوانی ئەکا تا ئەو زەمانەی گوڵ ببێ
من ئەو پەڵەنگم ڕەم ئەکەم ئاخر ئەوین ئەو مانگەمە

تاکەی نەنیشین دوو بە دوو باسی چەمانی یەک نەکەین؟
دەریا بنێم ناوی چەمت، تۆ پێم بڵێی چاوت چەمە

شاعیر بە ناو هەڵکەوتووە زەجری لە ڕەجز هەڵگرتووە
سەیری بکە سەرکەتووە چەن بەرزە ناو ئەم سەردەمە

قەوڵ و قەراری مەحشەرم نا نامەوێ تاقەی دڵم
جێگەی گوڵان ناوی بەهەشت ماڵی 'بلوور' جەهەننەمە!
نووسین: ناسیح ڕەحیمی

پەراوێز edit