ئاڵەکۆک

ناسیح ڕەحیمی add_a_photo
ناسیح ڕەحیمی دیوانی شیعر
٣٨. دەردی کاری
بێخەبەر لەو دەردی دڵمەی، با بڵێم پێت: کارییە
کاری تۆ بوو کاری بوونی، بۆیە کارم زارییە

من ئەڵێم خۆشم ئەوێی تۆ پێکەنە و پێم بێژە گیان
مەحشەریش هەڵسێ عەزیزم، ڕستەکەم هەر جارییە

لەو بەهارە وا بە دەستی دووری تۆوە، هەڵوەڕی
خوێن لە چاوی خۆشەویستی، قەترە قەترە بارییە

ئەی دڵی بێڕەحمی شەوگار، چیت لە دڵتەنگیم ئەوێ؟
دڵ کە داوای خۆشی ناکا، چاوەڕێی ئەو یارییە

تۆ ئەزانی مەرگ سەفایە، کاتێ پێم ئێژی بڕۆ
خۆشەویستی دەردی ئەمڕۆس، زندگی بێچارییە

پڕ لە فرمێسک شێعر ئەنووسێ، ناسحی دڵتەنگی تۆ
خۆزگە ژین جەبری ببایە، خۆ نەبوون موختارییە

من ئەڕۆم و پێت ئەڵێم خۆشم ئەوێی ئەی، گیانەکەم
بەس بە گاڵتەش بێ بڵێ پێم، دووری لێت ناچارییە... !
نووسین: ناسیح ڕەحیمی

پەراوێز edit