ئاڵەکۆک

ناسیح ڕەحیمی add_a_photo
ناسیح ڕەحیمی دیوانی شیعر
٣٢. گریانە کاری هەر شەوم
پێم بێژە بۆچی بێ خەوم؟ گریانە کاری هەر شەوم؟
تا کوێر ئەوێ هەر دوو چەوم گریانە کاری هەر شەوم!

پێم وت مەڕۆ دانیشە لام، جارێ بڵێ یەک دوو کەلام
ڕۆیشت و چاومی کردە جام، گریانە کاری هەر شەوم

نم نم ئەوارێ هەوری دڵ، گیانی سپاردە قەوری دڵ
باسی نەماوە دەوری دڵ، گریانە کاری هەر شەوم

من پێم ئەوت خۆشم ئەوێ، ئەو پێمی وت من نامەوێ
تا مردنم پێشی کەوێ، گریانە کاری هەر شەوم

ئەم شارە بۆم وێرانەیە، جێی مەردمی بێگانەیە
دڵتەنگی من یەک وانەیە: گریانە کاری هەر شەوم

خەم بانگی کرد سەردانی کەم گیان و دڵم قوربانی کەم
تاکوو نەیەت زیندانی کەم گریانە کاری هەر شەوم

ناسیح بە دڵ بێزار ئەوێ زاری ئەکا و بێ زار ئەوێ
تا خەم بوێ خەمخار ئەوێ، گریانە کاری هەر شەوم
نووسین: ناسیح ڕەحیمی

پەراوێز edit