ئاڵەکۆک

ناسیح ڕەحیمی add_a_photo
شێتە گیان شێتانە شێتم من لە دەوری ماڵەکەت
شێتە گیان شێتانە شەیدام بۆ شکاری خاڵەکەت

شێتە گیانم شەو شەوارەی داوە بەر دەم زوڵفەکەت
شێتە گیان من دەس بە دامەن، ئەو گرێیەی شاڵەکەت

شێتە گیان زستان بەهارە، گەر ببینم ڕووی گەشت
شێتە گیانم بەند و زیندانم لە گۆنا چاڵەکەت

شێتە گیانم وا مەزانە عاشقی بۆم ئەستەمە
من خەوی خەونی خەیاڵم، مەستی لێوە ئاڵەکەت

شێتە گیان تا ئەو بەهەشتەی، وادەیی داوە خودا
پێ بە پێ، هەنگاو بە هەنگاو، ئەبمە یاری پاڵەکەت

پێم مەڵێ ناسێح تەواو بوو، کەوتە داوی چاوەکەم
نامرم گەر تاقە جارێ سەر خەمە سەر باڵەکەت

تا نەمردووم دێمە بەر دەم بوونی پاکت، شێتە گیان
وەک عەسەڵ شیرینە بۆ من، چایە تارە تاڵەکەت
نووسین: ناسیح ڕەحیمی

پەراوێز edit