ئاڵەکۆک

مەلا عەبدوڵڵا ئەفزاری add_a_photo
ئەفزاری دیوانی شیعر
٢. هەتا مابم له دونیا سوێند به دەنگی حەزرەتی داود
هەتا مابم له دونیا سوێند به دەنگی حەزرەتی داود
ئەسیری بسکی تاتاتم دەناڵێنم له نێو داوت

سەدان شێخ و مەلا و سۆفی فریوی جوانی توێان خوارد
هەزار عاشق دەبەن کڕنۆش له حاندی دوو برۆ و چاوت

پسا بەندی دڵی شاعیر، موداوای هەر به تۆ دەکرێ
بده پێم تاڵێ له زولفی وەکوو ئاوریشمی خاوت

عەزیزم کوشتەی تیغی دوو ئەبرۆت نایەنه ئەژمار
کەچی پێکای دڵ و جەرگی منیش تیری له ناکاوت

نەمامی عەرعەری باڵات تەنافی پەلکتی پێوه
دەخنکێنی ئەوی جارێ به چاوان دیتبی چاوت

له چاوی پیس به دوور بی ئەی نموونەی جوانی پیرانشار
خوداوند خوێ بپارێزێ له ئافەت ئەو قەدی لاوت

دوو لێوت هەر وەکوو خونچەی بەهاری تازه پشکووتون
نەکەی مانعی حافزی بی له ماچی تۆ سەری باوت

نەبوو پەروا له بەخشینی دل و گیانم به خەندێکت
کەچی نەمدی ئەتۆ ڕەحمێک بکەی بەو دیلی داماوت

له من گەر خۆ بپارێزی دەبی دەینم وه مل بگری
بەزێکت بی به دڵداری هەژار و کوێر و فەوتاوت

بەڕەحمەت بێ نەما هێمن بنووسی وەسفی بالاکەت
منی کوێر کەی شیاوی وەم بکەم باسی دەم و چاوت

له خاڵی لێو و کوڵمانت به کوێری چۆن بکەم تاریف
ئەوه هەر کاری هێمن بوو نەکەوته داو و بەر ڕاوت

ئەگەر خەڵکی بڵێن ئەفزار ئەدی چۆنه ئەتۆ ماوی
دەڵێم نەمدیتووه باڵات فەقەت گوێم لێ بووه ناوت

ئەوین و زەوقی دانشفەر١ منی هان دا بڵێم شێعرێ
بەوەسفی خاڵ و ڕوخسار و قەدی ڕێکی خوداداوت

١. دانشفەر: مەبەستی حەسەن دانشفەر، شاعیر، نووسەر و وەرگێڕی پیرانشارییە ئێستا لە هەولێر دادەنیشی.
پیرانشار شەوی ١٣٦٩/٨/٣
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit