شاعیر لە مەهاباد زۆر بە هەژاری و نەداری ژیانی بردۆتە سەر. ئەم نەداری و دەستەنگییەی وێڕای بارودۆخی کۆمەڵگا، ژیانی لادێیی و هەست پێکردن بە بندەستیی چینی ڕەعییەت و زوڵم و زۆری خانەکان، ئاوارەیی و عەوداڵ بوونی خۆی، بێ دەرەتانی و دەردی نەخوێندەواری نەتەوەکەی، لە شیعرەکانیدا ڕەنگیان داوەتەوە. لە قەسیدەیەک بە ناوی 'سێڵاوی مەهاباد'شاعیر ئەو گیروگرفتانە بە وردی باس دەکا و دەڵێ:
موددەتێکە نەفسی بهد حوکمی خراوم لێدەکا
هەر بە قەهر و کینە دەڕوانێت و چاوم لێدەکا
جار بە جار دەگری و دەناڵێنێ وەکوو هەوری بەهار
گا بە خەندە و پێکەنین دێت و سڵاوم لێدەکا
یەک سەعات و یەک دەقیقە دەست لە من هەڵناگرێ
ڕوو لە هەر لایەک دەکەم هەر قاوە قاوم لێدەکا
بۆ خەراباتی موغان و مەسجید و دەیر و کەنیشت
دەمڕفێنێ ئەم سەگە سەت گورگەڕاوم پێدەکا
هەرچی تەفرەی لێدەدەم، وەعدە و وەعیدی پێ دەدەم
ناسرەوێ تەکلیفی قۆڕ و بندڕاوم لێدەکا
ڕۆژی شیرینم نەماوە عەهدی ترش و تاڵییە
وەک مناڵ دەگریت و داوای شەکری خاوم لێدەکا
من لە بەر عهجز و پەرێشانی کە هیچ نوتقم نییە
ئیددیعای ئەشعار و بەیت و بەند و باوم لێدەکا
من بە ناری دڵ دەبرژێنم کەبابی جەرگی خۆم
ئهو بهوهش ڕازی نییە داوای پڵاوم لێدەکا
هەرچی فکری لێدەکەم ڕێگای خەڵاسیم بۆ نییە
بەم چلەی زستانە داوای تاووساوم لێدەکا
دەچمەوه ماڵ، ماڵ و منداڵ دێن و دەورەم لێدەدەن
یەک تەمەننای قەند و چا، یەک نان و ئاوم لێدەکا
دهچمه مزگهوتێ لهوێش شهیتانی مهڵعوون حازره
ئیددیعای ئیسلام و ئیمانی نهماوم لێدهکا
ڕوو لە بازاڕیش دەکەم ئەمجارە ئەربابی تەڵەب
هەرکەسێ تووشم دەبێ داوای دراوم لێدەکا
دەچمە سەرچۆم و خهیابان یەک نەفەس ئاسوودە بم
شارەبانی حازرە داوای کڵاوم لێدەکا
دەردی بەدتر لەم هەمووە دەردانە تیغی پیرییە
جەرگی لەت لەت کردووم و داوای هەناوم لێدەکا
یەک لە ئەشخاسی ئەدیب و دۆستانی موحتەڕەم
ئیددیعای یەک گەوهەری کون ناکراوم لێدەکا
چوومە لای غەوواسی بەحری فکر و بۆم هێنایەدەر
گەوهەری ناسوفتە، داوای باج و خاوم لێدەکا
سەیری خۆشتر من کە «مەعرووفم» لە نێو ئەم شارەدا
تازە «ئیحسائیە» داوای ئیسم و ناوم لێدەکا
هێندە گریاوم لە نێو چاوم نەما فرمێسک و خوێن
زاڵمە، بێ ڕەحمە داوای خوێنی چاوم لێدەکا