ئاڵەکۆک

مەلا مارف کۆکەیی add_a_photo
مەلا مارف کۆکەیی دیوانی مەلا مارف کۆکەیی
٣. یادی مامۆستا عه‌لائه‌ددین سه‌ججادی به پێنووسی مامۆستا هه‌ژار
«ڕۆژێک سەیری دووکانێکی بەغدام ده‌کرد، چەقەڵێکی مۆمیاویی کراوی لێ دانرابوو، لە ژێر قاچیەوە نووسرابوو «بیست و پێنج دیناری تەواو». من سەری زمانی خۆم گەست، هات بە دڵما. هەیاران! ئەم مام چەقەڵە موحتەرەمە ئاخۆ دەبێ بە زیندوویی سه‌ر شاعیر، نووسەر و هونەرمەندێکی کورد بووبێ، لە ژیانیدا لە برسان و لە ترسان شۆقرەی نەبووبێ و ئێستاکێ لاشەی مۆدکی بەم دەرد و مەخسەرە چووبێ؟ کێ ئەزانێ؟ هەزار دانە بە زیندوویی فلسێ ناژین کەچی یەکێک بە مردوویی بایی بیست و پێنج دینارە! بەخوا سەیرە! لە درێژایی مێژووی پڕ نەگبەتی کورددا، هەر شاعیر، هەر هونەرمەندێک لە ناو کورددا هەڵکەوتبێ و هونەرەکەی بە زمانەکەی خۆی ڕانابێ و شیعری بە کوردیی دانابێ، هیچ کەس ئاوڕی وێ نەداوە، بە سووك تەماشای کراوە...
... نامەوێ مەلای جزیری و خانی و نالی و حاجی و مەولەوی و زۆری تر لەو کەسانەی ئێستا مایەی شانازیی کوردەکانی کوردستان و کوردناسانن بۆ نموونە بهێنمەوە. لازم ناکا مێژووی کۆنتان بۆ بخوێنمەوە. ئەمەوێ هەر سەرچڵی و مەویژ نموونەی کەویژێک ئەوانە وەبیر بێنمەوە کە هاوچەرخی خۆمان بوون و دەمانناسین.
«مەلا مارفی کۆکەیی» ئەگەر بێژم لە برسا مرد ڕەنگە باوەڕم پێ نەکەن، چونکە ئەو دەم نانی وشک زۆر هەرزان بوو.
«مەلا ئەمجەد» ئەو هونەرمەندە بێوێنەی کە نازناوی شیعریی (کاک) بوو، ئاغای لێ ببووە ڕمووزن و لە چەند جێ دێبەدەریان کرد.
«قانیع» تا مرد نان و دۆی خۆی ڕۆژێک لە پەنا یەک نەدیت.
«حاجیی تۆفیق پیرەمێرد» کە حاڵی ماڵیشی خۆش بوو، هەر چونکە کمۆنیست نەبوو، کەس ڕۆژنامەکەی نەدەکڕی، دەیانگوت دەستندەخۆری ئینگلیستانە.
«فایەق بێکەس» کە چریکەی گوێی دوژمنانی کەڕ دەکرد، دوو لێفەی لە ماڵدا نەبوو کە خۆی و منداڵەکانی پێ داپۆشێ. بە قەرزداری جوولەکەی ئارەق بەقەرزدەر مرد.
«گۆران» ئەو ئەستێرە گەشەی ئاسمانی ئەدەبیاتی کورد، بۆ دابین بوونی بژێوی دەگاتە یافای فەلەستین تا وتاربێژی ڕادیۆی «شەرقی ئەدنا» بێ.
«جگەرخوێن»پەنجا ساڵ پتر بۆ شیعر و چیرۆکی کوردی چەوسایەوە، لەجیاتی نان، خوێنی جگەری خۆی دەخوارد. چەندە لە کوردستان ژیا و من دەمناسی گەسک لێدەری کۆڵانان لەو تێرتر بوون، کەس ئێرەیی پێ نەدەبرد..
خودا ویستوویە ئامیانی ژیانمان بمێنێ، چەند کەسی وا بخوڵقێنێ، زۆر گوێ نەدەنە نان و ئاو، بێ بەرگ و پێڵاو ڕابوێرن، لە گۆشت و پڵاو وازبێنن. دڵ دان بە کیژی دنیایی، ئەوینی پاکی خودایی، خۆشەویستی زێد و خزمان، هانیان بدا هەستی ناو دڵ و هەناوان، بە زوانەکەی دای و باوان بدرکێنن، ڕووپەڕانی پێ بڕەنگێنن. ڕەنگە لەبەرخۆ گوتبێتیان: خۆمانە بێ و دۆمانە بێ، نەک بە زوانی بێگانە بێ...
گۆڤاری سروه‌، ژماره دوو، هاوینی ١٣٦٤ی هه‌تاوی، لاپه‌ڕه ٢١-٢٤.
مێژووی ئه‌ده‌بی کوردی، عه‌لائه‌ددین سه‌ججادی، پێداچوونه‌وه‌ی سه‌عید که‌ره‌می، چاپی یه‌که‌م ١٣٩١ی هه‌تاوی، بڵاوکه‌ره‌وه‌ی کوردستان – سنه، لاپه‌ڕه ٦٦٥-٦٦٧.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit