ئاڵەکۆک

مەلا مارف کۆکەیی add_a_photo
مەلا مارف کۆکەیی دیوانی مەلا مارف کۆکەیی
٢. مه‌لا مارفی کۆکه‌یی ده‌ چێشتی مجێوری مامۆستا هه‌ژاردا
«نیزامی» کە خودای شیعرە، بە حاکمی وەخت دەڵێ: من سەگێکی دەرکی تۆم؛ چاوم لە ئێسکێکە بۆم باوێژی. «فیردەوسی» خاوەنی شانامە، وەها خۆی لە بەرانبەر «مەحمود غەزنەوی»دا بە سواڵکەر نیشان دەدا، پیاو بەزەیی پێدا دێت. زۆربەیان، لەو شاعیرە گەورانە، بە سواڵکەری ژیاون. ئەوانەی خۆم دیتمن و زۆر لە خۆم شاعیر تر بوون، وەک مەلا مارفی کۆکەیی، قەسیدەیەکی سەد بەیتی بۆ تاجرێک دەنووسی، دەیگەیاندە تەشقی عاسمان؛ نیوکیلۆ گۆشتی دووتمەن بایی بۆ دەنارد.
چێشتی مجێور، مامۆستا هه‌ژار، چاپی دووهه‌م ٢٠٠٧ز، ناوه‌ندی چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی میهره‌گان، لاپەڕه ٢.

... لە پاییزی ساڵی (١٣٠٠)ی شەمسی، لەشکری (سمایلاغای سمکۆ) بۆ شەڕی عەجەم، سابڵاغی داگیر کردووە و شکاک ڕژاونەتە شار و ملیان لە تاڵانی کوردان ناوە. وا دیارە سمایلاغا هەر وەک ویستوویە لە چنگ عەجەم رزگارمان کا، ویستوویە لەو ماڵەش کە دەبەر پێی عەجەمدا پەیدا کراوە، رزگارمان کا! جا ئەگەر خەڵکی شار کەم تا کورتێک ماڵی خۆیان شاردبێتەوە و لە تاڵانیان پاراستبێ، باوکی من بەو هومێدە کە کاک هەمزەی برای قەرەنیاغای مامەش برادەریەتی و ڕاوێژکەری سمایلاغاشە، ناهێڵێ تاڵان بکرێ، دەستی لە هیچ ئاشتەبایەک نەداوە. بۆ نەگبەتی برادەر نەهاتووە، شکاک ڕژاونە ماڵ، هەرچی بووە بردوویانە. تەنانەت دەسرازە و پەڕۆ و پاڵی لانکی منیشیان بردووە و منیان لەسەر خۆڵەمێش بە ڕووت و قووتی فڕێ داوە. بابم دڵخۆشی دایکمی داوه‌ته‌وه که خه‌م مه‌خۆ! ماڵی دنیا په‌یدا ده‌بێته‌وه‌. دایکم زریکاندوویە: «من خەمی هیچم نییە، تەنیا خەمی ئەوەمە کوڕەکەم رووتە، چی تێوە پێچم؟ !».
ئەو تاڵانی شکاکانەش بۆتە چیرۆکی سەیر لە ناو خەڵکی سابڵاغدا: ژنیان ڕووت کردوون بەڵام ڕوویان وەرگێڕاوە و گوتوویانە: «خویشکا من! دەرپێ خۆ بدە من، ئەز ل تە نانهێڕم؛ خودێ قەبوول ناکە!». جگە لەوە هەموو کەس و هەموو ماڵیان تاڵان کردووە، پیاوەکانی خەڵکی شاریشیان بە بێگار گرتووە، ماڵی تاڵانی بۆ بنکە ڕاگوێزن. (مه‌لا مارف)ی شاعیر له‌و باسه‌دا ده‌ڵێ:
«ئاواڵکراسی کیژ و کچ و خانمی وەتەن
دایانڕنین ئەوان دەسەبابانی قوون تڕۆڵ
قازی و مەلا، تاجر و ئەسناف و ئەهلی شار
گیران بە سۆغرە، کەوتنە ژێر باری دار و کۆڵ»
شکاک کوردی سابڵاغییان هه‌ر تاڵان کردووه و نه‌یانکوشتوون.
چێشتی مجێور، مامۆستا هه‌ژار، چاپی دووهه‌م ٢٠٠٧ز، ناوه‌ندی چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی میهره‌گان، لاپەڕه ١٢و١٣.

... له هاوینی ئه‌و ساڵه (١٣١٥ی هه‌تاوی)دا گوتیان سێڵاو هاتووه و شاری سابڵاغی به‌جارێک وێران کردووه... به‌ هه‌ڵه‌داوان هاتمه‌وه‌ شاری سابڵاغ. به‌ڕاستی به‌ڵایه‌کی گه‌وره‌ی به‌سه‌ر هاتبوو. مه‌لا مارفی کۆکی به قه‌سیده‌یه‌ک، زۆر پڕ به پێست، باسی کردووه، ده‌وێدا ده‌ڵێ:
له تاریخی هه‌زار و سێسه‌د و پازده‌ی شه‌مسیدا
ڕۆژی جومعه، دوازده‌ی جیمی ئه‌ووه‌ل، نۆیی موردادا
یانی من ته‌مه‌نم پازده‌ ساڵ بوو...
چێشتی مجێور، مامۆستا هه‌ژار، چاپی دووهه‌م ٢٠٠٧ز، ناوه‌ندی چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی میهره‌گان، لاپەڕه ٢٢.

بابم تەبعی مەوزوون بوو دەیتوانی شیعر بڵێ؛ بەڵام زۆری ڕق لە شاعیری هەڵدەستا و لای وابوو هەرکەس
لە کوردەواریدا دەبێتە شاعیر، خودا نان و دۆی دەبڕێ و بە سواڵکەری دەژی و بە سواڵکەری دەمرێ. میسالیشی بە حەریق و مەلا مارفی کۆکی دەهێنایەوە کە ئەم دووانەی لە نزیکەوە ناسیبوون. حەریق کە مردووە نانی شەوی نەبووە. مەلا مارفیش هەتا مرد سواڵنامەی بۆ هەرە پیاوی خوێڕیش دەنووسی و ئی وا هەبوو پارەی دە نانی بۆ نەدەنارد.
چێشتی مجێور، مامۆستا هه‌ژار، چاپی دووهه‌م ٢٠٠٧ز، ناوه‌ندی چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی میهره‌گان، لاپەڕه ٤١.

«... ڕۆژێک لە سابڵاغ لەسەر تاتەکانی مزگەوتی (شادەروێش) لەلای (مەلا مارفی کۆکەیی) دانیشتبووم و داوای شیعری تازەییم دەکرد کە لەبەری کەم، چونکە هەموو شیعرەکانیم لەبەر بوو. وەک دابی عەرەبی پێشوو من ببوومە ڕاویەی مەلا مارف. بە مینگە و سەرخوراندنەوە گوتم: مامۆستا! من شیعرێکم گوتووە؛ بۆتی دەخوێنمەوە. تکایە لەبەر خاتری من مەفەرموو باشە. ئەگەر پێت باش نەبوو پێم بڵێ.
پێکەنی، گوتی: شیعریش، ئەو سنعاتە ڕەزیلە، خاتر و ماتری دەوێ؟ ! دەی بزانم!
شیعرە هەرەباشەکەم، کە جوابنامەیەک بوو- بۆ خوێندەوە. کە لێی بوومەوە گوتی:
ـ ڕۆڵەم! ئەمە میعریش نەبوو، زۆر منداڵانەیە. هەر ئێستا بیدڕێنە و خۆتی لێ نامۆ کە.
شیعرم دڕاند و فڕێم دا. پاش تاوێک گوتی: ڕاستی بڵێ! هەمووی هی خۆت بوون یا لە خەڵکیشت دزیبوو؟ گوتم: هەمووی هی خۆم بوون.
گوتی: ئەگەر ڕاست بکەی، دوو بەیتیان شاعیرانە و ڕێکوپێک بوون. ئەگەر وەک ئەوانەی بڵێی، بە هومێدم ڕۆژێک وەک خۆم لە برسان بمری!
جا ئەگەر خانم ئاوا بێ، قەرەواش چۆن سەگێک بن؟ ئەوە شاکارەکەمە دەبێ بیدڕێنم، گووکارییەکانم چۆن؟ ! بێ سێ و دوو کردن دەفتەرەکانی دیوانە جوانەکەم ئاگر تێبەردان و خۆم لە شیعر و شاعیریی تەرە کرد و ببڕای ـ ببڕای ئاوڕم وەسەر نەدایەوە.
چێشتی مجێور، مامۆستا هه‌ژار، چاپی دووهه‌م ٢٠٠٧ز، ناوه‌ندی چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی میهره‌گان، لاپەڕه ٤٢و٤٣.

«جارێک له‌ مه‌جه‌لله‌ی (هه‌ولێر)دا، مه‌قالێکم نووسی که: لە دوکانێکی بەغدا، چەقەڵێکی موومیایی کراوم دیت؛ لە بنی نووسرا بوو نرخی بیست و پێنج دیناره‌. مات مام: خوایە دەبێ ئەو چەقەڵە شاعیر بووبێ یان خزمایه‌تی ده‌گه‌ڵ شاعیر هه‌بێ؟ ! پەنجا چەقەڵ بە زیندوویی کەس بە فلسێکی ناکڕێ، بە مردوویی نرخی بیست و پێنج هه‌زار فلسە! مرادیشم هەر شاعیرانی کوردستان، وەک مەلا مارف و قانیع و فایق و پیرەمێرد و جگه‌ له‌وان بوو.
چێشتی مجێور، مامۆستا هه‌ژار، چاپی دووهه‌م ٢٠٠٧ز، ناوه‌ندی چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی میهره‌گان، لاپەڕه ١٠٠.

نووسراوه‌ی بڵاونه‌کراوه‌ی مامۆستا هێمن سه‌باره‌ت به مه‌لا مارف:
... به‌ڵێ من پیاو بووم که مه‌لا مارف کۆکه‌یی به کوێری، له برسان و له خه‌مان عه‌مری خودای به‌جێ هێنا، دیبووم ده‌مزانی چه‌ند زانا و خوێنده‌واره‌، چه‌ند کۆمه‌ڵناسه...
به‌ڵێ مه‌لا مارف ئه‌و که‌سه بوو که به‌و هه‌موو زانست هونه‌ره‌وه‌ به زگێک تێر و به دوو زگانی برسی بوو. دوایه‌ش که مرد وه‌ک حه‌ریق له گۆرستانی مه‌لا جامی نێژرا و گۆڕی ئه‌ویش وه‌ک گۆڕی هه‌زاران مه‌لا و سه‌ید و پیاوچاک به‌ده‌ستی «وه‌ره‌هرام» ته‌خت کرا...
گزیدۀ اشعار ملا معروف کوکه‌ای، تحقیق و نگارش: مهپاره لاهیجانی، ناشر: رهرو – مهاباد، تاریخ نشر: ١٣٨٧ هـ. ش، ص ١٩٠-١٩٢.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit