ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
تۆ، لە سەردەمی کورتەباڵایان
باڵای بەرزی خۆت لە کوێ هێناوە؟
تۆ، لە سەردەمی قاتی و نەهاتا
وەرزی سەوزی خۆت لە کوێ هێناوە؟

لەبەر خرینگەی
شیر و... . زرینگەی
ئاڵتوونی قورەیش
چۆن گوێت لە ناڵە و نرکەی عەلی بوو؟

چۆن لەبەر ژاوەی ئایشە و حەفسان
گوێت لە سکاڵای ماریەی قیبتی بوو؟

خۆ سەدەکانی ئێمە هەموویان
لکی درەختی چاخی جاهیلین:
کڵێسە و مزگەوت
شوورا و پەرلەمان
بارەگا و دیوان
هەموو بازاڕی گەرمی عوکازن...

نابیغەکانیش هەمان نابیغەن:
خودایان ورگە... نەوەی بەرازن،
لەملا بەرزگی شای غەساسینە باوەشێن دەکەن
لەولا بۆ بنپێی شای مەنازیرە وەک بەردەبازن.

لە ڕۆژهەڵاتی ڕۆژ لەبن پێدا،
لە ڕۆژهەڵاتی
دەستنوێژ هەڵگرتن بە خوێن و پێترۆل،
لە ڕۆژهەڵاتی
مارەبەجاش و ڕشک و ئەسپێدا،
لەو ڕۆژهەڵاتەی
نامووس فیرارە و
پەنابەرێکە لەناو دەرپێدا:

سەرم سوڕماوە
چۆن توانیت گەورەم!
بێدەنگی قانگ دەی؟
تۆ چۆن زاتت کرد
ئەو کوولەکەیە بدەی به عەردا و
پڕ بە دەنگ بانگ دەی!

ئەی ڕۆژهەڵاتی کورتەباڵایان،
ئەم باڵا بەرزەت سەدجار پیرۆز بێ.
ئەی چاخی قاتی و ساڵانی نەهات،
ئەم وەرزە سەوزەت سەدجار پیرۆز بێ!

فەرهەنگۆک:
هادی عەلەوی: بیرمەندێکی عیراقییە و یەکێکە لەو نووسەرە دەگمەنانەی عەرەب، کە لە هەژمەتی شەهیدکردنی هەڵەبجە حاشای لە ناسنامەی عەرەبایەتیی خۆی کرد و سەربەخۆیی کوردستانی بە ڕەوا زانی.
ئایشە: کچی ئەبوبەکر، خێزانی پێغەمبەر (د). حەفسە: کچی عومەری خەتتاب، خێزانی پێغەمبەر (د).
مارییەی قیبتی: کچێکی کۆیلە بوو، لە میسرەوە بە دیاری بۆ پێغەمبەر هات و کردییە هاوسەری خۆی.
عوکاز: بازاڕێکی عەرەبان بوو، سەکۆیەکیش بوو بۆ پێشبڕکێی شاعیران.
نابیغەی زوبیانی: شاعیرێکی عەرەبی سەردەمی جاهیلی بوو، کێ زێتری دابا، بەویدا هەڵدەگوت.
لە نێوان شای مەنازیرە و شای غەساسینەدا، کە دوژمن بوون، لە هاتووچۆدا بوو. ڕەمزی شاعیری خوێڕی و فرە ئاخوڕە.
(١٩٩٠/١٢/٢ - مۆسکۆ - ستارەمینسکایا)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit