ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
ئەوەی تۆ گوشیت دەست نەبوو
ئەژدیهایەکی پێنجسەر بوو

ئەوەی ماچت کرد ڕوو نەبوو
تۆماری قانوونی جەنگەڵ،
شوورەی بەرلین، سمی کەر بوو

ئەوەی پێکەنی دەم نەبوو
گەڵی قەحپە،
بنکلکی سەگ،
کوورەگازێکی هیتلەر بوو

ئەوەی خواردت خۆراک نەبوو
گۆشتی زارۆ،
خوێنی داوێن، کاسەسەر بوو

ئەوەی شەوێ تێیدا ڕازای
پێخەو نەبوو
خۆڵەمێشی وڵاتێکی
لە ئەتڵەسان دەربەدەر بوو

ئەوە چیت کرد؟
دەستیت گوشی؟
بڕۆ، چارەی دەستی خۆت کە هەتا زووە،
دوای تەوقەکە
تووشی گولی و ئاڵۆش بووە!

ئەوە چیت کرد؟
هەناسەی ئەوت هەڵمژی؟
بڕۆ، چارەی سیپەلکت کە هەتا زووە،
دوای ماچەکە
گازی سیانیدی تێ چووە!
(نیسانی ١٩٩١ - مۆسکۆ)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit