ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
هەردوو دەستی
وەک پەلی شێر بەند کرابوون
گورگی کەڵبە و چنگ خوێناوی
لە چوارلاوە تێی ئاڵابوون

لە سووچێکدا
زەردشەمامەیەکی گوشراو
تووڕ درابوو
وەک نیشانەی
پرسی بوون و نەبوونی خوا
هەڵکورمابوو

- 'سەرەتایەتی...
هێشتا لە عومری خونچەگوڵدایە
دەسنێژی خۆمە،
هەر کوردستان و خوای لە دڵدایە

فەریکەگەنمی قەندەهارییە،
چۆن ڕێژنەی کوللە داکاتە سەری!
قەتێی چاوڕەشی دەشتی گەرمێنە،
چۆن سیسارک و قەل ببنە چەمبەری! '

ڕووی کردە گورگێک، لە هەمووان بۆرتر،
تنۆکەخوێنی سەر شانەکانی
لەناو ڕەوەدا لە گشتیان زۆرتر:
- 'تکایەکم لەسەر زارە...
ئەگەر بۆمی جێبەجێ کەن،
ڕازی گڕکان دەدرکێنم،
گەر نەمدرکاند، سەرم ژێ کەن'

چەند گورگێکی هار تێی ڕووبوون
پەلکێشیان کرد بۆ دەرەوە
ئێستا دوو بوون
تەنیا خۆی و ئەفسەرەکە
(ورگنە شان سێ پشکەخوێن لەسەرەکە)

+ 'دەی، ئێستاکە هەر من و تۆین...
قارەمان بی یا ترسنۆک،
من نەبم کێ ئاگای لێیە؟
مخابنە تۆش بکوژرێی،
بڵێ! بزانم چیت پێیە! '

- 'بەڵێ، قوربان! '
لە هەر جێیەک سووتمان هەبێ،
دەزانم... کێ... دەستەچیلەکە پێ دەکا
ئاگام لێیە...
کێ ڕەشەبای ژینهەڵوەرێن
بۆ شار و دێ بەڕێ دەکا

بەڵام گەورەم!
هەزار بریا دەتانزانی
خەمەکەی من چ خەمێکە!
ئەم خوشکە ئاگرپارەی من
لەگەڵ چەتان تەبا و ڕێکە
با هەزارجار ئەو خوشک بێ و من برا بم،
ترسێک هەیە و بەرم نادا...
لێ ناگەڕێ خاترجەم و دڵنیا بم...

ناهەقیش نیم...
ژین جارێکە...
گیان هەر گیانە...
من دەزانم... لێم عەیانە...
هەر ئەو ڕۆژەی ڕەها دەکرێم
چزووی تیژی دەردەکێشێ
ئەو دووپشکە بێئامانە...

لەگەڵتاندام
لە ئێستاوە هەتا ماوم
مەرج ئەمەیە:
خوشکم بکوژن لە بەر چاوم'

ئەفسەرەکە
(ورگنە شان سێ پشکەخوێن لەسەرەکە)
چەند چرکەیەک بەجێیهێشت و گەڕایەوە...
هێندەی نەبرد
دەسڕێژێک دەنگی دایەوە
زریکەیەک بازرەقەی بەست لە پڕێکا:
- 'خودا، ئاسمان، شەمامەکەی منیان پێکا! '

لاشەیان هێنا بەردەمی!
قەدی داری بورکان لە بن
بەسەر لکە بڕاوەکەی خۆیدا چەمی،
تەوێڵی زەردی ڕامووسی و هەڵسایەوە!
ڕاست ڕاوەستا،
پێی داچەقاند وەک داربەڕوو؛
شریخاندی:
'ئێستا لە با باڵسووکترم!
دە بمکوژن، تەرەسینە،
قاڵبەکانی ژەنگ و کەڕوو!
با هەر کەسە و هی خۆی ببا
ئێوە خوێن و ئێمە ئابڕوو! '
(١٩٩٠/٣/٢١ - تەرابلوس)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit