ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
چاوم تاریکە، دڵم بێخولیا
لێم گەڕێن بۆ خۆم تەنیا بم، تەنیا
وەکوو بیرێکی فەرامۆشکراو
کە یەک پشکەئاو نەبێ لە بنیا.

نیشتمانی من شانیشتمان بوو،
ئاخ، سەدەی پیتڕۆڵ
ئاخ، گاز و کیمیا!
ئاخ چییان لێ کرد:
تەرەسی عۆجە و
گای بنەی خۆیی و
گەوادی دنیا!

ترووسکەگڕێک هێشتا هەر ماوە
لە ئاگردانی گیانی پڕ بریا...
هەر فووی لێ دەکەم،
بەڵکوو ڕۆژێک بێ
بەربێتە سەدەی گێبڵز و بێریا!

وا تەپەی پێ دێ،
گوێ هەڵخە، دڵە
ئەی بزنەکێویی چاوماری وریا!

کێیە؟ ـــ کوردستان!
توونی گەرماوی
مافی مرۆڤ و پڕۆلیتاریا

وەرە ژوورەوە!
ئەی ئەو چاوانەی
لەگەڵ گریانیان کەسێک نەگریا؛
ئەی ئەو ماسییەی دەریاش ڕاوکەرتە،
ئەی ئایەتەکەی لە قورئان ڕەمیا؛
وەرە ژوورەوە،
خۆشەویستەکەم!
وەرە بن باڵم، بنوو دڵنیا
ئەوەی دەیدوورم یەکێ لە دووانە:
'کفن یا ئاڵای ترۆپکی چیا'

فەرهەنگۆک:
تەرەس: بێنرخ، پەست
تەرسی عۆجە: عۆجە، گوندێک لە شاری تکریت، زێدی سەددام
گای بنە: مەبەست کەسێک کە دەستی لە کارێکدا دیار بێ.
جۆزێف گێبڵز: یەکێک بووە لە ناسراوترین کەسایەتییەکانی سەردەمی حکوومەتی هیتلەر
بێریا: لاورێنتی بێریا، ئەندامی ئەمنییەتی و سەربازی سەردەمی ئستالین لە شۆڕەوی بووە و دەساڵاتێکی گەورەی بەدەستەوە بووە
پڕۆلیتاریا: چینی کرێکار
(مارتی ١٩٩٠ - تەرابلوس)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit