ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
نیازم وایە
شەو و ڕۆژێکم تەنیا هی تۆ بێ
بڕیارم داوە
سەفەرەکانی سەرم ڕاگرم،
شەپۆلان سڕ کەم.
تەنیا ورینگەی تۆی تیابێ ماڵم،
دەرگە و پەنجەرە و
بابوێر کونبڕ کەم!

خانومانەکەم!
تۆش، تەنیا جارێ،
خۆت تاقی کەوە...
با شەو و ڕۆژێک،
هەمووت هی من بێ!
هەرچی نەریتە، با دەقی بشکێ،
هەرچی یاسایە، با سەروبن بێ!

خۆت لە دەوروبەر،
لە کەس و کار و ئاشنا بدزەوە،
لە ئەستێرە و مانگ...
لە هەور و ساماڵ...
لە بێنەوبەرە و خەمیژگەی دنیا
خۆت ڕاپسکێنە،
تەماشای میلی کاتژمێر مەکە،
وەک ڕۆژانی تر،
خۆت مەخەمڵێنە:

خۆ پیرەدنیا ژێر و ژوور نابێ،
تەنیا هەر جارێک،
بۆ شەو و ڕۆژێک،
نیوەژن بکوژە و ژنێکی ژن بە!
من شەو و ڕۆژێک،
دەبم بە هی تۆ،
تۆش شەو و ڕۆژێک،
تەنیا هی من بــە!

فەرهەنگۆک
کۆنتراکت: قۆنتەرات
ورینگە: زەمزەمە، گۆرانیی سەبرۆکەی لەبەرخۆوە
بابوێر: کونەبا، لۆنکە، بادرز، دەرزێک بای لێوە بێ
کونبڕکردن: نەفەسبڕکردنی دەرودیوار، گرتنی کون و کەلەبەری جێیەک
نەریت: شتێکە کە تازە داهێنرابێ کرابێ بە باو و تۆ حەزی لێ نەکەیت
ساماڵ: سایەقە
خەمیژگە: سووکەخەم، وردەخەم، تەنکەخەم
(٢٠٠٠/٥/١٨ - هێلسنکی)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit