ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
ساردیت دەمکوژێ. دنیا پایزە و
بەدەنی منیش ڕووتترین خاکە

هاوینی تینوو لە ناخمدایە،
نمەی خوناوکە لێوم تەڕ ناکا.

دە بتریشقێنە، هەوری شاقەلشۆڕ!
دە ببرووسکێنە... . ببارە... . داکە.

هێڵی سنووری نێوان من و تۆ
تراویلکەیە، وەهمی تریاکە

گوارە و گەردانە فڕێدە لاوە،
بسکت بەردە، کەزیت ڕەها کە

ئەوەی گرێیە بیکەرەوە بۆم،
بە دوڕگەی ئەودیو تەمم ئاشنا کە

سنگت بەندەن و دشتی مەفتەنە،
ڕێی ڕەوەئاسکی پەنجەم واڵا کە.

لەشێک دەماری گڕی تیا نەبێ
کۆتەرەدارە... داوەڵە... . لاکە

گەمارۆی ناوێ، پەلامارم دە!
سەنگەر و قەڵام تەفروتونا کە

ڕنۆکت گیر کە لە شان و باسکم،
ئێسقان و پێستم هەلاهەلا کە.

لێوم کافرە، خوێنی حەڵاڵە،
گۆی مەمک و لێوت فێری غەزا کە.

لە ئاسوودەیی بەهەشت تۆقیوم
هەناسەت گڕ دە، دۆزەخ ئاوا کە

بێدەنگی بەزمی گۆڕنشینانە،
دنیا پڕ نرکە و زیڕە و زەنا کە

هەڵبە، گڕ بگرە، نێڵە و لرفەت بێ،
تەزوو بچێنە، شۆڕش بەرپا کە

گیا بە ـــ بشنێوە، دەریا بە ــ پێل دە،
چاو لە بوولەرزە، لە ڕەشەبا کە.

پایزی لەشە و هاوینی ڕۆحە،
لە ترسی خەزان دڵم خەمناکە.

دابارە سەرم! هەوری شاقەلشۆڕ،
نمەی خوناوکە لێوم تەڕ ناکا!

فەرهەنگۆک:
خوناوکە: نەرمەبارانی پشک ورد
شاقەل: داوێن، دامەن، پەراوێزی خوارەوەی کراس و کەوا و شتی تر
شاقەلشۆڕ: داوێنشۆڕ
مەفتەن: زێد، نیشتمان
کۆتەرە: کۆلکەدار، قەدی دارێکی بڕاوە
داوەڵ: داهۆڵ
ڕنۆک: چنگوڕک، چنگی دڕندە و باڵندە
پێل: شەپۆل
(‌٨؍١؍٢٠٠٠ هێلسنکی)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit