ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
عەبدوڵڵا پەشێو بەرەو زەردەپەڕ
٦٠. هۆنراوەیەکی ناتەواو
هەر بە وشە
نیگارێکی ئازیزەکەی خۆم کێشاوە.
سەیری دەکەم:
دەق خۆیەتی!
هەر بۆ گوێیە تەنکەکانی
گوارە ماوە.

* * *
فەرهەنگەکان
با بە خۆیان هەر بنازن،
با بڕسکێن،
با بخەمڵێن بە هەزاران وشەی بەدەو.
بە چی دەچن،
کە پەیڤێکیان تێدا نەبێ،
بشێ ببێ بە گوارەی ئەو!

* * *
من ئەییووبم
بەئاسانی پشتی ئومێدم ناچەمێ.
وشەیەکە و عەوداڵیمە،
زوو یا درەنگ هەر دەیگەمێ ــ
لەسەر باڵی سیمرخیش بێت،
ئاسمان بست بست دەپشکنم.

بە زەویشدا بچێتە خوار،
بنزەویگەڕ هەبێ منم.
وشەیەکە و دەیدۆزمەوە،
ئەگەر بنپێی خەیاڵیشم
شەقشەق و پارەپارە بێ!

گەر هەر نەبوو،
دایدەتاشم!
ناهێڵم گوێی ئازیزەکەم
بێ گوارە بێ!

خەمڵاندن: ڕازاندنەوە، جوانکردن
بنزەویگەڕ: ئەوەی لەبن عەرد بە دوای شتێکدا دەگەڕێ
(‌٢٠؍١٢؍١٩٩٩ - یوتوبوری)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit