ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
عەبدوڵڵا پەشێو بەرەو زەردەپەڕ
٥٩. شەفەق لە زەردەپەڕدا
(١)
بە مناڵی
شێتی کچەهاوسێیەک بووم:
ئەگەر ڕۆژێک نەمدیبایە،
کفرم دەکرد،
وام دەزانی
عەرشی ئاسمان بێ‌خودایە.

ئەگەر ڕۆژێک ناوی منی نەهێنایە،
وام دەزانی
چیدی کێشکە چینە ناکەن
لە پەساران،
پەڕەسێلکە ناسریوێنن،
خۆر هەڵنایێ لە جێی جاران.

* * *
بە مناڵی
شێتی کچەهاوسێیەک بووم..
هەرجارێکی وەڕەس دەبووین،
سەری خۆمان هەڵدەگرت و
لە شوێنێک، چەپەک و پەنا،
خانووچکەیەکمان چێ دەکرد،

ماڵیژگەیەکمان دادەنا:
هەرزاڵەیەک بۆ پێخەف و
کەندوولەیەک بۆ ئازووخە و
گۆزەڵەیەک بۆ سەر کانیاو.

هەر جارێکیش برسی دەبووین،
داردەستێکم زین دەکرد و
دەچوومە ڕاو!
تا من لەوسەر دەهاتمەوە،
قوڕ دەکرایە زمانەگا و
دەبرژێنرا لە بەر هەتاو!

* * *
بۆ ئەو کچە دەراوسێیە
سەرتاسەری دنیا گەڕام:
لە وێستگەی شەمەندەفەران،
لە فڕگەکانی هەندەران،
لە مەیخانە و پەرستگاکان،
لە هەموو دەریا و بەندەران... .
چاوم گێڕا،
بێهوودە بوو!
نەمدیتەوە و نەمدیتەوە.
زۆرجار دەهات لە بیری کەم،
کەچی لەپڕ دەیترووسکاند
ژیلەمۆی بن خۆڵەکەوە.

(٢)
هەر ئەو شەوەی
بۆ یەکەم جار
ستێرێکی چاونمایی قوتبی باکوور
بۆمان بووە قیبلەنمای یەکەم دیدار،

بەچرکەیەک مەودا سووتا،
دیوار ڕمان
سەرتاپامان بوو بە نیگا،
موو بە موومان بوو بە زمان.
دیتت چ زوو
هەردوو باڵت لە من ئاڵاند؟

دیتت چ زوو
سەری سپیم
سنگی تۆی کرد بە نیشتمان؟

هەر ئەو ساتە،
هەر ئەو شەوە
گرفەی هات و گڕی هەڵسا
ژیلەمۆی بن خۆڵەکەوە.

هەر ئەو ساتە،
هەر ئەو شەوە،
تێگەیشتم
جووداییی من و هاوسێکەم
درۆیە، مۆتەیە، خەوە:
ڕوو هەمان ڕوو،
دەنگ هەمان دەنگ،
بۆنت هەمان بۆنی ئەوە!

فەرهەنگۆک:
پەسار: پەنا، نوا، ئەنوا
سریواندن: جریواندن، زریواندن، درەوشانەوە، شنەشنکردنی ئەستێرە وچرا و شتی تر، جریواندنی تەیروتوار
چەپەک: جێی پەنا، شوێنێک هاتوچۆی بە سەرەوە نەبێ.
ماڵیژگە: ماڵیکی خنجیلە و بچووک
هەرزاڵە: کەپرێکی نزمە لە ماڵدا دەکرێ بۆ شت لەسەر دانان یان لەسەر نووستن
زمانەگا: جۆرە کولێرەیەکی درێژکۆلەی زمانئاسایە بۆ زارۆیان دەبرژێندرێ.
ترووسکاندن: بریسکانەوە، تەیسین
ستێر: ئەستێرە، هەسارە، ئەختەر
مۆتە: مۆتەکە، مێردەزمە، سرنجک، کابووس
(‌٢٨؍٤؍١٩٩٩ - هێلسنکی)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit