ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
عەبدوڵڵا پەشێو بەرەو زەردەپەڕ
٤٤. لەوەتی هەم خەو دەبینم
لەوەتی هەم خەو دەبینم،
خەونی مەخمەریی خاسەڕەنگ!
خەونی بڵند وەک ئەستێرە،
خەونی تیژڕەو وەک تیشک و دەنگ

لەوەتی هەم خەو دەڕوێنم،
ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، ساڵ لە دوای ساڵ،
خەو دەڕوێنم.
کەوشەن بە کەوشەن، ماڵەوماڵ
خەو دەڕوێنم.

***

هەندێ جاران، کە دەنووسم،
پەیڤێک لێرە، یەکێک لەوێ، یاخی دەبن.
من پیادەم و ئەوان سوار
من بێباڵ و ئەوان باڵدار.
هەر چەند دەکەم نایانگەمێ
هێندە سرک و دوورەدەستن.
کە دەڕازێم
سەرم دەکەن بە پلوورە و شانەی شیعر هەڵدەبەستن.

***

جار هەیە سمۆرەیەکی سرک و قیتەڵ،
ئەم چڵ، ئەو چڵ، لێم ڕادەکا.
هەرکە خەوم لێ دەکەوێ
بە پێی خۆی دێ،
لەسەر لەپم سەما دەکا.

***

جار هەیە جەنگی ئەستێران،
تشێڕنۆبل، هەڵەبجەی وێران،
دەمامکەکەی مایکڵ جاکسن،
لە شووشەدا مرۆڤچاندن،
ئینتەرنێت و کونتێبوونی چینی ئۆزۆن
ڕاوم دەنێن... دەمتۆقێنن...
کە دەڕازێم؟

گەردوون بەهەشتی سەرمۆرە:
ئەستێرەکان
یەکەم شەوە تاریکایی دەترووکێنن؛
یەکەم وەرزە، وەکوو بەهێ،
بە پەلوپۆی ئاسمانەوە دەجریوێنن!

***

کە بێدارم دەبینم
چەند تنۆکەئاوێکی
زەندەقچووی بەرهەتاوین.
کە دەڕازێم دەبینم
تیشکی خۆر دەخۆینەوە،
خوڕەمان دێ، شەتاوین.

***

لەوەتی هەم خەو دەبینم:
ساتێک ئازیزەکەی ئەوێم
(کیژە ئەسمەرەکەی هەولێر)
لە فڕگەدا چاوەڕێمە
(هەر خۆی و باقەیەک کنێر)

پێش ئەوەی ماچبارانی کەم،
یا توند لە ئامێزی بگرم،
لێم دەپرسێ،
چۆن بەسەرچوو کۆڕی شیعری دیاربەکرم!
ساتێکی تر لەو خەوەدا
لە مەهاباد نەرمەشیعر دەخوێنمەوە،
قامیشلی بۆم لە قرمژنی چەپڵە دەدا.

***

من هەر وا بووم،
ئێستاش هەر وام:
لەوەتی هەم خەو دەبینم.
لەوەتی هەم خەو دەڕوێنم:
ساتەوەختێک،
بە دەستێکم شواری کێوی حەمرین دەگرم،
دەستەکەی دیم شانەیەک،
وردە پێلی (گۆلی وان)ی پێ دادێنم.

ساتێکی تر،
پێیەکەم لە هەورامانە،
ئەوی ترم...
بەرەو عەفرین سووک هەڵدێنم،
تا دەستماڵی سیاچەمانە
لە گەردنی کێلی لاوک بئاڵێنم.

***

لەوەتی هەم خەو دەبینم
لەوەتی هەم خەو دەڕوێنم:
ساتێک... لەوێ...
لە پۆستەخانەی بایەزید،
دەبینم... حەزرەتی خانی
خەرمانەی نوور دەوری داوە.

لێی دەچمە پێش،
سام دەمگرێ...
سەرنج دەدەم، ئەویش وەک من شڵەژاوە.
من لە شەرمی گەورەیی ئەو،
ئەویش تا بە ئێکسپرێس کەوش و کاڵەک١
بۆ فەقێیە کۆییەکەی خۆی
ڕەوان بکا بەرەو باڵەک!

***

لەوەتی هەم خەو دەبینم.
لەوەتی هەم خەو دەڕوێنم:
نیوەشەوێک لە خەومدا
برووسکە لێی دام و مردم.
هاوڕێیانم لە سێبەری دارەبەنێک،
لەسەر تاتەشۆرێکی ئاڵ،
تەرمەکەیان درێژ کردم.

ئاوەچۆڕەی دەوروبەرم،
پەیتا پەیتا، بوو بە جۆگە،
پاشان بە چەم!
قازوقورینگ قەتاریان بەست،
ئاوێتە بوون، پڕیشکی ئاو
و تیشک و تەم!

لەو ناوەدا
بێشکەی دنیای ڕادەژەنی
شنەبایەکی یەزدانی.
یاسەمەن خوناوکەی دەکرد،
ئاسمان پڕ بوو
لە ئەستێرەی ڕەنگ قەزوانی

کە کفنیشیان کردە بەرم،
لەپڕ کفنەکەم خۆی هەڵخست،
بەرز بۆوە،
ڕەنگی گۆڕا،
بووە پەلکەزێڕینەیەک
نەرم و شلک، ئاڵوواڵا...

زۆری نەبرد،
هەڵیکردە کزەبایەک،
بینیم... پەلکەزێڕینەکە
شەکایەوە و بوو بە ئاڵا!

لەوەتی هەم خەو دەبینم
خەونی مەخمەریی خاسەڕەنگ.
خەونی بڵند وەک ئەستێرە،
خەونی تیژڕەو وەک تیشک و دەنگ!

فەرهەنگۆک:
مەخمەری: مەخمەڵی
سرک: سڵ، ڕەوەک
قیتەڵ: گیانداری بچکۆلانەی قنج و وریا
دەڕازێم: دەخەوم،
(ڕازان): نووستن، خەوتن
پلوورە: کوورەی هەنگ، کەندووی مێشەهەنگ
زەندەقچوو: ترساو، تۆقیو
تاتەشۆر: ئەو بەردە پانەی مردووی لەسەر دەشۆن

١. ئاماژەیە بۆ بەیتێکی شاعیر حاجی قادری کۆیی:
وەبیرت دێ زەمانی چووینە باڵەک
بە پێخاوسی، نە کەوشم بوو نە کاڵەک
(١٩٩٧/٤/٣٠ - هێلسنکی)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit