ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
عەبدوڵڵا پەشێو بەرەو زەردەپەڕ
٤٣. نەخێر، هەرگیز باوەڕ ناکەم ٢
من پێش تۆ هاتمە دنیا...
تا گیانی خۆم تەیار کەم
بۆ گۆڤەندی ژوانی تۆ

تا بێتۆیی بچێژم،
هەر ساتێکی بینینت...
بۆ من ببێتە پەرجۆ

من پێش تۆ هاتمە دنیا
تا عومری گوڵ درێژتر،
گڕی ئاگر پەتیتر،
تەمی خەم تەنکتر کەم

تا فێر بم بەئاسانی
لەسەر سنگت سەوز بم،
تۆ لە خۆمدا بزرکەم!

من پێش تۆ هاتمە دنیا
تا وا بکەم کارمامز
چیدی نەسەنگرێنەوە لە ئاوایی و دەراوان
تا وا بکەم تەیروتوار
جێی چینەیان ناولەپ بێ و
نەکەونە تەپکە و داوان

من پێش تۆ هاتمە دنیا
تا بتوانم، ئازیزم،
هەر کاتێ ئارەزوو کەی،
ئەستێران وەک مۆم پێ کەم،
لە تووکی نەرمی مەلان
جێژوانێکت بۆ چێ کەم

من پێش تۆ هاتمە دنیا
تا چاوی خۆم ڕابێنم،
لە تۆفانی ڕەنگاندا ئادگارت هاوێر بکا
تا گوێچکەی خۆم فێر بکەم،
لە باهۆزی دەنگاندا سرتەت گوڵبژێر بکا

من پێش تۆ هاتمە دنیا
تا بۆ نۆتەی لەشی تۆ
مووبەمووم هەمووی ژێ بێ
تا شایانی ئەوە بم،
کلیلی تەخت و تاجی
خۆشەویستیی تۆم پێ بێ!

فەرهەنگۆک:
گۆڤەند: شایی
پەرجۆ: موعجیزە،
دەراو: ئاوی دەرەوەی ئاوایی
تەپکە: دامە، جۆرە داوێکە بۆ ڕاوە مەل
هاوێرکردنەوە: لێکجووداکردنەوە
(١٩٩٦/١٠/٢٩ - هێلنسکی)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit