ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
عەبدوڵڵا پەشێو بەرەو زەردەپەڕ
٤٢. نەخێر، هەرگیز باوەڕ ناکەم
نەخێر، هەرگیز باوەڕ ناکەم
چرکەیەک بێ تۆ ژیابم
ڕێی تێ ناچێ،
بێ کووژەکەی دلۆڤانیت،
بە دۆزەخی ئەم عومرەدا
ڕەت بووبم و هێشتا مابم!

کە منداڵ بووم،
گەر تۆ دەستت نەگرتبام،
چۆن دەمتوانی پێڕەوکە بم؟

درەنگتریش،
بۆ تۆ نەبا،
من کەپرۆکەم بۆ کێ دەکرد لە چیلکەدار؟
بۆ وەک نۆما،
بە پێی پەتی،
دەشتم تەی دەکرد سەروخوار؟

ئەگەر شیعریش
ئادگاری وەک تۆ نەبایە
وەک تۆ نەبایە کتومت،
چون ئەو هەموو باڵدارانە
دادەبارینە سەر زمان؟
چۆن یەکەم دێڕ شیعرم دەگوت؟ !

نەخێر، هەرگیز باوەڕ ناکەم
چرکەیەک بێ تۆ ژیابم،

دەتناسمەوە،
لە تۆفانی شەستوسێدا
تۆ بووی... شەوێک
بەرەو شاخ بووی بە ڕێنمام...

تۆ بووی لەناو ئەڵقەی گڕدا
شیعرەکانت چەپاڵە دام
تۆ بووی خەونت بۆ زین کردم،
ڕەشمەی برووسکەت لە مست نام

دەتناسمەوە،
هەر جارێکی کەوشەنێکم پەڕاندبێ،
لەگەڵما بووی هەنگاو هەنگاو
تۆ بووی مۆتەی ترست دەکوشت،
دنەت دەدام بۆ ناو ئاگر،
بۆ ناو گەرداو

دەتناسمەوە،
لە هەر جێیەک گرماندبم،
تۆ چەخماخە و گەواڵە بووی لە سەرمدا
ئەتۆ کاڵای ئاودامانی
گوللەبەند بووی لە بەرمدا

نەخێر، هەرگیز باوەڕ ناکەم
چرکەیەک بێ تۆ ژیابم
ڕێی تێ ناچێ،
بێ کووژەکەی دلۆڤانیت،
بە دۆزەخی ئەم عومرەدا
ڕەت بووبم و هێشتا مابم!

کووژەکه: مووروویەکی شینە بۆ چاوەزار
پێڕەوکە: منداڵێک تازە پێی گرتبێ
نۆما: جوانووی دووساڵە، جوانە هەسپ و ماینی دووساڵە
ئادگار: سیما، چەهرە
چەپاڵەدان: پەنادان، داڵدەدان
ڕەشمە: هەوسار
کەوشەن: سنوور
مۆتە: مۆتەکە، میردەزمە، کابووس
گەرداو: گەڕاڤ، گەرداڤ، ڕەشەبای دەریا
(١٩٩٦/١٠/٢٩ - هێلسنکی)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit