ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
ئێوارەوەختە،
تا چاو بڕ دەکا دەورم ڕووتە
لەم دنیایەدا
من تەنیا خەونی ژوانی تۆم ماوە...

خەونی ژوانی تۆ
بۆ من سەرابی شینکە و قۆپەنە،
گڵۆڵەتیشکی سەربەرەوخوارە،
بەری ئاوداری بڕکی تەمەنە

لێ گەڕێ، گیانە!
دەبا ئەم خەونە
هەر بجریوێنێ و بچریسکێتەوە
دەستی لێ مەدە، مەیشڵەقێنە،
با هەر درێژ بێ،
با هەر درێژ بێ و قەت نەبڕێتەوە
***

مەرگی ئەم خەونە
ڕەنگان ناهێڵێ و
دنیا پڕ لوورە و شەختە و
ڕم دەکا
خۆر لە گۆی زەوی دەشارێتەوە،
ئەستێران نوقمی تەپونم دەکا
***

ئەدرەسی خۆمت دەدەمێ
بەڵام ڕچە قەت نەشکێنیت
ڕێگەی جێژوان گوڵڕێژ دەکەم
بەڵام نەکەی بێیتە ژوانم
بەیداخی سپی هەڵدەکەم!

دڵت بەرد بێ!
گوێ نەدەیتە چۆکدادانم
گرمەم دێ و چەخماخە دەدەم
خۆت نەبان کە...
لە ڕهێڵەم...
لە زریانم
ئەگەر زۆر زۆر بیرت کردم،
جار جار وەرە بن ساباتی خەونەکانم!
(١٩٩٦/١٠/١٤ - هێلسنکی)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit