ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
خوایە، بارم سووکتر کە!
پشتم شکا، دەرنابەم...
ئەوەی هەستی پێ دەکەم
بۆ بەندەیەک زۆرە، زۆر:

لە جەرگەی تاریکیدا
گەردی ڕاستی دەبینم
وەک بەفری بەر تیشکی خۆر؛

وەکو پەڕەسێلکەیەک
تا بکرێ نزم دەفڕم
بەر لە باران و تەرزە؛

وەک هەسپێک لەسەر هەستم،
ئارامم لێ هەڵدەگرێ
پێشبینیی بوومەلەرزە.

خوایە، بارم سووکتر کە!
پشتم شکا، دەرنابەم...
یا وا بکە زمانم
لێی تێکچێ کۆدی سەرم،
یا زاتێکم وەبەر نێ،
هەر شیعرێکی کە دەیڵێم
کفنێک بێ پڕ بە بەرم.
(‌١٩٩٤/٥/٨ - مۆسکۆ)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit