ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
نیوەشەوێ
لەبن ڕێژنەی
هەوای تەزوو و برووسکەدا ژوانم هەیە.

کە دەیگەمێ؛
لەپی دەستێک بۆ ناو تۆفان گەمیەم دەبێ،
بەژنێک شیعر و تریفە و بۆن تێم دەئاڵێ
کۆشێک داڵدەی هەنیەم دەبێ.

بۆ دوودڵم؟
ئەگەر نەچم،
کێ دەزانێ،
لەم عومرە کورتەی کە ماوە،
کەنگی دیسان ژوانم دەبێ؟ !
کێ دەزانێ
کەی شێتی باڵم پێ دەگرێ و
جارێکی تر دەرفەتی سووتانم دەبێ؟ !
(‌١٩٩٣/١٠/١٣ - مۆسکۆ)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit