ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
کازێوەیە
سەرینی تۆ باسکی منە،
سەری منیش لەسەر باڵی کڕێوەیە

کازێوەیه
پۆلێک پرسیار بەڕێ دەکەم،
پۆلێکی تر بەڕێوەیە

کازێوەیە
گا ئازیزێک، کە زیندووە،
لەناو تابووت ڕاکشاوە و
شەڵاڵی زەردەچێوەیە
گا هاوڕێیەک، کە نێژراوە
چاوی زەق زەق تێم بڕیوە و
بەپێوەیە!
***

هەنووکانە چاو لێک دەنێم...
ئەو دەلاقەیە دادەخەم
کە ڕابردووی لێوە دیارە،
شاباڵی ئەو بازەش دەکەم
کە لە فەزای ئایندەدا
سەرگەرمی ڕاو و شکارە
***

من تێدەگەم
ئەوەی ڕابرد، وەگیر نایێ،
ئەوەی دادێ، هەر مردنە...
هێندەم بەسە، کە تۆ... ئێستا...
سەرت لەسەر باسکی منە
***

دەڵێم،
گەر دایەحەوا گوێڕایەڵی خودا با،
بەری حەرامی دیبا و...
قەپاڵی لێ نەدابا...
کوا، کێ دەڵێ من و تۆ
لەوێش من و تۆ دەبووین؟

کێ دەڵێ گەمیەی بازووم
سەرتی لەسەر پێلی شەو ڕادەژەنی هەنووکە؟

کێ دەڵێ لەو بەهەشتا
بەهشتۆکەیەک دەبوو،
هەر من و تۆی تێدا بێ،
وەک ئەم لانە بچووکە؟ !
(١٩٩٣/١٠/٨ - مۆسکۆ)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit