ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
سەرەتا بوو
شەبەق گڕی لە شاقەلی ئاسمان بەردا،
کونچەکانی گیانمی پڕ کرد
لە گرفەگرف و نێڵەنێڵ...
بە گزنگی نۆبەرەیدا تۆشەی بۆم نارد،
پەنجەی ڕاداشت
بۆ ڕێیەکی چەوت و چەوێڵ

هەنووکانەش...
ئێوارەیە و ماندووی ڕێگەم،
تیشکی ساردی زەردەی بنێس
خۆی هەڵدەسوێ لە تەوێڵم!
ترپەترپی پێی ئەستێران
دەگاتە گوێم،
نوقمی ئارەقە و بوڵیڵم!

هەورازێکم ماوە و لەودیو
تەمێکی چڕ دایپۆشیوە
دوا کەوێڵم...
هەورازێکە و هەڵگەڕانێک...
نشێوێکە و داگەڕانێک...
لێ... چۆن بڕۆم؟

نە تۆشەکەی شەبەق ماوە،
نە هاڵاو و نێڵەنێڵم
زەویش هەردوو لینگی گرتووم،
دیاریی دەوێ!
خوایە، چبکەم؟
چ بۆ زەوی جێبهێڵم!
(١٩٩٢/٧/١٣ - مۆسکۆ)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit