ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
دەستم گوتیە پەنجەکانم:
'با لە مەیدان بتانبڕن
بەڵام هەرگیز نەتانکڕن! '

دەمیشم گوتیە زمانم:
'من بە درێژیی تۆ دەخوڕم،
مەپرینگێوە، بئەنگێوە!
سەروبەر بکەی دەتبڕم. '

***

گەڕام، سووڕام بە دنیادا...
چەند شار ویستیان،
کچ ئاسایی، بێنە دەستم
بەڵام بووکی دیلی ئاسیا
نەیهێشت شایی لەگەڵ هیچیان داببەستم!

‌***

ڕۆژباش، پەنجەکانم، ڕۆژباش!
سوپاس، پەنجەکانم، سوپاس!
هەتا ئەمڕۆ
ئێوە چەند جار چوونە مەیدان،
درانە بەر شیر و تیران،
بریندار بوون، گلانە خوار،
بەڵام بە دیل قەت نەگیران!

ڕۆژباش، زمانەکەم، ڕۆژباش!
سوپاس، زمانەکەم، سوپاس!

تا ئێستا چەند جارت بەزاند
کەوشەنی پاوانی گەوران!
چەند جار بە ناو کێردەڵانا ڕچەت شکاند،
کەوتیتە کەمینی تەوران!
چەند جار دەرزیئاژن کرای،
لە خاچی ڕاست و چەپ درای!

بەڵام... سوپاس...
سوپاس کە تۆ هەر زمانی و
دەستت نەدا کارێکی تر
هەر کلیلی سەری خۆمی و
نەچوویتە ناو زارێکی تر

سوپاس کە تۆ،
لەناو سەنگەری دەممدا،
چەکی 'نا'ت هەر لەسەرپێیە
لە کاتێکدا دەست بۆ چەپڵە و
دەمیش تەنیا بۆ 'بەڵێ'یە!

خوڕین: شانازی کردن
ئەنگاوتن: هنگافتن، پێکان
بئەنگێوە: بپێکە
کێردەڵان: زەویی چەقۆڕێژ، عەردێ بە کێرد و چەقۆ داچێندراو(بیخەڵان، بەردەڵان، قامیشەڵان و... )
ڕچە: باریکەڕێ، ڕێچکە، بزنەڕێ
دەرزیئاژن: دەرزی کوت، بە دەرزی کون کون
(١٩٩٢/٥/١٠ - هەولێر)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit