ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
جاران... شیعر،
بە تەماشای کەپکەشاخێک،
وەکوو کانی، لە پەنجەکانم دەردەبوو!

جاران... شیعر،
کە داغ دەکرام،
وەکوو زیڕەی کۆرپەڵەیەک
لە بێدەنگی شەو بەردەبوو!

جاران... شیعر،
دوای ماچێکی کۆڵانی تار،
وەکوو گزنگ،
بە هەموو دنیا وەردەبوو.

ئێستا شیعر
شنەشنی بە ئاستەمی
ترووسکەی ئەولای تونێلە.

ئێستا شیعر
لایەلایەی خەواندنی
بڵێسە و برووسکە و پێلە.
هەلاجێکە،
ژین و مەرگ پەڕە دەکا:
هەم بۆ بێشکە دەسرازەیە،
هەم قانەگیای دەوری کێلە!
(١٩٩٢/١١/١٧ - مۆسکۆ)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit