ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
هەر جارێک بوو،
نیگاکانمان
لێک گیربوون وەک چنگی بازان.
هەر تاوێک بوو
پشتمان تێک کرد،
ڕێگەکانمان لێک ترازان.

لەو ڕۆژەوە
بە دار مێوی خەیاڵمەوە ئاوێزانی وەک جوانترین هێشوەترێ.
پەیتا پەیتا...
تەرزی بیرم تێت دەئاڵێ و لە دەورت دەبێتە گرێ.

***

ماوەیەکە
ڕێی جارانی خۆم گۆڕیوە،
نەوەک ڕۆژێک...
تووشت بێم و شێوەم نەکەی؛
نەوەک ئێستا...
لە گێژەنی یادی تۆدا
ونتر بم لە بەردی بن گۆم؛
ئاخ! دەترسم ئێوارەیەک
بە زریانی نیگای ساردت
هەڵوەرینی گۆپکە و چرۆم؛
لەو بەهەشتەم وەدەر بنێی
کە دەزانم هی من نییە،
بەڵام کردوومە بە هی خۆم!
(١٩٩١/١٢/٢٧ - مۆسکۆ)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit