ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
عەبدوڵڵا پەشێو دیوانی پرێسکەی عاشقێکی زگماک
٢٤. هەولێر لە یەکی شوباتا ٢
نا، هیچ نەما
لەو ساتەدا
لەسەر شاشەی ناوچەوانت بەدی نەکەم

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا
ئەمڕۆکە دێم،
ئاوێزانی بەژنت دەبم
نەرمە نەرمە
دەست بە قژی خوێناویتا دەهێنم و
بە هەنیسکی گریانەوە
کەعبەی نێوان هەر دوو چاوت ماچ دەکەم و
بەئاستەم دەسرتێنمە گوێت:
جگەرگۆشەم!
* * *
لە بەدگومانیم ببوورە،
بەڵام هەرگیز باوەڕ ناکەم
ئەربائیللۆ ناوی تۆ بێت
نەخێر نابێ،
نەخێر ناشێ
تۆ بارەگای نووری عەرشی چوار خودا بیت
کەی ئەو هەموو برینانە،
جگەرگۆشەی شیرینی من!
بۆ بەدەنی شارێک دەشێن
کە چوار خودا چاودێری بن؟ !

نا، سەدجار، نا!
ئەوەندەی من
بە منارەی مێژووی تۆدا هەڵدەڕوانم،
ئەوەندەی من
کتێبی زەرد و پەڕپووتی حوجرەکانت
دەخوێنمەوە،
دەبینم تۆ، لەوەتی هەی، یەک خوات هەبووە
خوایەک و بەس

ئەو خودایەش
بەر لە ئەوەی شوورەی بەرلین
لە دێگەڵە هەڵبچنرێ،
بەر لە ئەوەی
لەسەر کەپکی حەمەداغا
زینا لەگەڵ خاکدا بکرێ،
ئەو خودایە،
هەموو ساڵێک،
فریشتەیەکی ڕادەسپارد
دابەزێت و
شەوان ئێشکی تیتلەوبیبلەکانت بگرێ

هەموو ساڵێک،
لەگەڵ یەکەم هەورەتریشقەی بەهاریدا،
لەپڕ ئاسمان دادەقڵیشا،
فریشتەیەک،
وەک پارچەیەک نووری پەتی،
دادەپەڕییە سەر منارەکەی خانەقا و
دنیای هەموو
لە گەرمایی و ڕەنگ و سەدا هەڵدەکێشا

جاروباریش،
کە تارماییی نسکۆیەکی بەدی دەکرد،
کە پێشبینیی سیل و سن و بەعس و تاعوون
یا لاڕەشە و ئەنفالێکی تازەی دەکرد،
هەرکە پەی بە هەڵکشانی بیابان و
داکشانی زۆزان دەبرد،
لە هەژمەتان
هەندێ جاران جەزبەی دەگرت،
هەندێ جاریش،
کڕ و بێدەنگ، سەری لە بن باڵی دەنا و
عەیامێک خەڵوەتی دەکێشا

یا بە قیتی، لەسەر قاچێک
لە حوزووری باری تەعالا دەوەستا
لە ساڵانی قاتوقڕی و نەهاتیشدا،
بە دەنووکە درێژکۆڵە نوورانییەکەی
گەواڵ گەواڵ،
ڕانەهەوری
بەرەو دەشتە بەدەن شەقارشەقارەکان
لێدەخوڕی

لە قاپی خوا دەپاڕاوە
سەری پیرمەم قەت بێ بەفر و
کەندێناوە
بێ بارانی سەربەکڵاوە و گوپن نەبێ
ئەو فریشتە نوورانییە، جگەرگۆشەم،
بۆ هەر جێیەک بچووبایە
ئاخیرەکەی بەرەو هەوار دەهاتەوە

هەرگیز ڕێگەی ون نەدەکرد
بێ خانەقا
بێ سەدای بانگ
بێ جریوەی مناڵانت
دەژاکا، دەبنێسا، دەمرد
تا ڕۆژێکیان
هەر ئەوانەی لە دێگەڵە
شوورەی بەرلینیان هەڵدەچنی
هەر ئەوانەی لەسەر کەپکی حەمەداغا
زینایان لەگەڵ خاک دەکرد،
تامی بەری حەرامترین داریان دەڕنی

هەر ئەوانە، جگەرگۆشەم!
لە ساتێکی کەڕ و کوێرا
ئەو فریشتە لەسەر یەک پێ وەستاوەیان
وەک مانگ پێکا
پێکایان و هەڵیاندێرا

لەوساکەوە، جگەرگۆشەم
کەسێک نییە
هەڵکشانی بیابان و
داکشانی زۆزانەکان سۆسە بکا
کەسێک نییە
لە پێدزەی لمی سەحرا بەئاگا بێ
لەوساکەوە
کەس بارانی سەربەکڵاوە دەنگ نادات و
کەس ئێشکچیی تیتیلەوبیبلەکانت نابێ
* * *

فەرهەنگۆک:
پەڕپووت: شڕ و شپڕێو، چرمسی و زەردهەڵگەڕاو
زۆزان: کوێستان، لەیلاخ
هەژمەت: سوێ، داخ، حەسرەت
سەربەکڵاوە: سەربەقەپووچکه، بارانی پشک درشت
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit