ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
عەبدوڵڵا پەشێو دیوانی پرێسکەی عاشقێکی زگماک
٢٥. هەولێر لە یەکی شوباتا ٣
دەبا هەر پێت بڵێن پایتەخت!
تۆ بۆ من جگەرگۆشەیت و
هەر بەو ناوەش بانگت دەکەم.
ئەرێ بەڕاست، تۆ پایتەختی؟

ئەدی بۆچی
قەت پاشایەک،
شازادەیەک،
کەیبانوویەک،
سەرکردەیەک،
سکرتێرێک... یا سوڵتانێ
خاک و خۆڵت بە شایانی کەوشەکانی و
بنئەستێرەت بە شایانی
تەخت و تاجی خۆی نازانێ؟ !

ئەرێ بەڕاست، جگەرگۆشەم، تۆ پایتەختی؟
چما پایتەختی بێ تەخت و
شانشینی بێ تاج هەیه؟
گەر هەبێ تۆی
تۆی:
ئەو پایتەختەی
تاریک و ڕوونی بەیانیت بە شەڕەمنارە و
پاشیوت بە تەنەکەلێدان و
دێموکراسیت بە سەنگەری ناو شیراتۆن و
دیپلۆماسیت
بە هێنانی PMF١ دەس پێ دەکا؛

ئەی ئەو پایتەختەی
بازاڕی ئازادت بە ئاڕئاڕی بێخمە و
سۆشیالیزمت
بە مەزرەعەی فیرعەونە دۆخینبەدەستەکان و
ئازادی ڕادەربڕینت
بە خوتبەی ڕشکنی کفنپۆشان و
کۆمەڵگەی مەدەنیت
بە تیزابڕێژکردنی پێ و بەلەکی پیرۆزی
خانزادەکانی سۆران دەست پێ دەکا.

***
ئەی پایتەختی خەمی دنیا،
ئەی بازاڕی
نانی لەنگە و ئاوی لەنگە و
هەوای لەنگ و شیعری لەنگە و حیزبی لەنگە:

من نازانم،
چ لەو هەموو مەرەکەب و
میکرۆفۆن و شاشە و منارانە بکەم،
کە بە دۆلار ئاوس بن و دەم واز نەکەن؟
چ لە داری سایەداری دارستان و پارکت بکەم،
کە دوو دڵدار،
دوو کارمامز،
لە بنا ڕاز و نیاز نەکەن؟
***

دە پێم بڵێ، جگەرگۆشەم،
چیت بۆ بکەم،
تا نەهێڵم بتکەن بە گەراجی
ئۆتۆمبێلێکی چەپرەکی دووسوکانی بێ شۆفێر؟

چیت بۆ بکەم،
تا نەهێڵم بتکەن بە ئاخوڕی
وڵاغێکی قۆتڕی دووهەوساری بێ سوار؟

چیت بۆ بکەم
تا نەهێڵم
نابیناکان تاریکاییت بخوێننەوە؟
تێرنەخۆرە پارووی دەمت کۆنترۆڵ بکەن،
مێردەزمە٢
خەونەکانت داگیرسێنن و بکوژێننەوە؟

دە پێم بڵی،
جگەرگۆشەم،
چیت بۆ بکەم، تا نەهێڵم
چیتر کەوا و بنکراسی مێژووت ڕەش بێ؟
چیت بۆ بکەم
تا نەهێڵم
هەر ڕۆژێکی ساڵەکانت سی و یەکی ئاب،
هەر ساڵێکی سەدەکانت شەست و شەش بێ؟ !

١. pmf: هێزێکی سەربازیی تورکیا بوو، لە کاتی شەڕی کوردکوژیدا، حیزبەکان بانگهێشتی باشووری کوردستانیان کرد بۆ ناوبژیکردن.
٢. مێردەزمە: مۆتە، مێردەزمووکە، دێوەزمە، مۆتەکە، کابووس
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit