ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
عەبدوڵڵا پەشێو دیوانی پرێسکەی عاشقێکی زگماک
٢٣. هەولێر لە یەکی شوباتا ١
خۆ دەزانم
کەزی و بسکت زۆر لە پەمۆ سپیترە و
لۆچەکانی ڕووی نوورانیت
شیرمژەیی گاتاکانیان هەر لە بیرە.
خۆ دەزانم کە ئاورینگی چاوی زەردەشت تا ئێستاش لێت نابێتەوە
تا هەنووکەش
لە میحراب و نزرگەکان
شەوگاران دەبریسکێتەوە.

خۆ دەزانم کە هەزاران شاری دنیا
بە ڕەوڕەوەی قەڵاکەی تۆ پێڕەوکە بوون.
ئەدی ناڵێم
گەردنبەرزیت هی سەفینە و
بەخشندەییشت هی قەراج؟ !
ئەدی ناڵێم، وەتی تۆ هەی،
هەر تاجبەخشی و
بۆ جارێکیش خۆت نەبوویتە خاوەنی تاج؟ !

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا
ئەمڕۆکە دێم،
ئاوێزانی بەژنت دەبم،
نەرمە نەرمە
دەست بە قژی خوێناویتا دەهێنم و
بە هەنسکی گریانەوە
کەعبەی نێوان هەردوو چاوت ماچ دەکەم و
بەئاستەم دەسرتێنمە گوێت:
جگەرگۆشەکەم!

***
لەبەر چاومە و دەزانم
بە چ دەردەسەرییەک تۆ تەعجیلت فرچک دا.
بە چ شەونخوونییەک
قەیسەریت لە خەم ڕەخساند.

لەبەر چاومە و دەزانم
چۆن شەوێک، دوای خەوزڕان،
شانی منارەی چۆلیت بە ئاستەم ڕاتەکاند و
لە شەکرەخەوت هەڵساند.

پاشانیش، بە ئاسپایی،
بە ترووکەیەکی چاو، هێمات بۆ عەنکاوە کرد.
هەر ئەوەندە و هیچی تر...
ئیدی ئەوا چەند ساڵە، چەند عەیامە لەوساوە
منارە نۆبەرەکەت، بە بەرۆکی واڵاوە،
گاردی خاچ و مەسیحە،
ڕووەو باڕەش وەستاوە.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا
ئەمڕۆکە دێم،
ئاوێزانی بەژنت دەبم
نەرمە نەرمە
دەست بە قژی خوێناویتا دەهێنم و
بە هەنسیکی گریانەوە
کەعبەی نێوان هەردوو چاوت ماچ دەکەم و
بە ئاستەم دەسرتێنمە گوێت:
جگەرگۆشەم!

***
لەو پیاسە دووقۆڵییانەدا،
کە من و تۆ بە ئاقاری ڕۆژگاراندا کردوومانن،
کوا چی ماوە بۆم باس نەکەی؟ !
نازانم لەبیرتە یا نا؟
ئێوارەیەک، لای گردەکەی قالیچاغا،
ڕاتگرتم و دەستت لەسەر شانم دانا...
سەیرم کردی و سام گرتمی.
سەیرم کردی و لەو ساتەدا
هەموو مێژوو لە نیگاتا،
وەک دەریایەک، لەسەر گازی پشت ڕاکشا.

چاوت بڕیە چاوەکانم و
به زمانێک،
پڕ لە بۆنی هەزار ڕەنگی
تووتنی ناو قەلنەکەی مەم،
باسی جەنگی دەستەویەخەی
ئیسکەندەر و دارات بۆم کرد،
باسی خاکێک
چۆن لە لانەی گزنگەوە
بوو بە خانەی کۆیلەیی و خەم...
سەیرم کردی و
لەسەر شاشەی ناوچەوانت
شتێک نەما بەدیی نەکەم:

جێبرینی شیروتیری
عەفلەقە سەر قانگەکانی سەدەی حەفتەم،
ئاین و ئۆینی خۆشکەکانی (إن) و (کان)،
تریاکی موعەللەقات و
بەنگی ئیعرابی (لن) و (لم)،
نا هیچ نەما لەو ساتەدا بەدیی نەکەم:

ئەنفالەکانی هۆلاکۆ،
جێسمی هەسپی تیموورلەنگ،
سەفەربەرلکی سۆڵتان،
چنگۆڕکی سووری شای عەجەم...
چوونە غەزای بێهاتنەوە،
جارێک بۆ ئەو جاڕێک بۆ ئەم...

فەرهەنگۆک:
گاتا: بریتییە لە سروودی زەردەشت، کە بە شیعر دانراوە. گاتاکان بەشکێن لە یەسنا (کە بەشێکی ئاڤێستایە)
ئاورینگ: ئاورنگ، چریسک، پڕیشکی وردی ئاگر.
قانگدان: دەرپەڕاندنی گیاندار بە دووکەڵ
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit