ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
(٣)
تۆ پەلەت بوو،
تۆ هەمیشە پەلەت بوو،
تۆ دەتزانی مەودا کورتە و پێ ڕاناگەی،
بۆیێ حەجمانت نەبوو.
وەک بازێکی زەردەشتی،
شەو و ڕۆژ باڵە بڵێسەکانی خۆت لێک دەدا
دڕت بە ماوە و مەودا دەدا.

بنوو هاوڕێم،
ئۆباڵت بە ئەستۆم...
ئێستا نووستن هەقی خۆتە،
ئارامی شایانی ڕوخساری زەعفەرانیتە.

سەعات سێ، چوار، پێنجی بەیانی...
زەنگی تەلەفۆنەکەم لێی دەدا.
هەر زوو دەمزانی خۆیەتی.
دەمزانی ئەوە!
دیسان نێرییە تخووب بەزێنکەیە،
شوورە شاخەوانەکەیە

مناڵە چاو ڕەشە خەوزڕاوەکەیە.
(پەشێوچیک١
لە پەنجەرەی ژوورەکەمەوە
ڕەوە باڵندەیەکی لانەواز و کەسیرە٢ دەبینم... .
سایەقە و زریان لە پەلوپۆی خستوون...
هاوارە! من دەمەوێ...
هەر ئەمشەو... دەمەوێ... )

ناتوانیت، ڕیبەکەم٣... ناتوانیت
ئەو باڵندە شەکەتانە نووح تووکی لێکردوون.
پڕپۆڵەیان، تا تۆفانێکی تر،
هەر مێشک و دڵی یەکتر دەبێ و کۆ نابنەوە.
نا، ڕیبەکەم، نا!
تا تۆفانێکی تر، کۆ نابنەوە
تۆش، تا ئەوسا پشوو بدە...
بنوو، هاوڕێم!

١. (چیک) باشگرێکە، لە زمانی ڕووسیدا بۆ کەسێکی نێزیک بەکار دێ. ڕەهبەر وای بانگ دەکردم.
٢. کەسیرە: کرژ هەڵاتن لە سەرماندا
٣. ڕیبە: لە ڕووسیدا واتە ماسی. ڕەهبەرم وا بانگ دەکرد.
(١٩٩٨/٤/٤ - هێلسنکی)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit