ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
بۆ عه‌زیز محه‌ممه‌د

ئه‌وەی هه‌ور پە‌ڕه دەکا و
دەیتارێنێ
قۆناغ قۆناغ، ئاقار ئاقار:
هه‌ر خۆمانین!

ئه‌وەی که‌وە و که‌و ڕاو دەنێ
ڕەوەز ڕەوەز، زنار زنار:
هه‌ر خۆمانین!

هه‌ر تابووتێک بۆمان دەکرێ
ته‌خته و چه‌کوچ،
مێخ و بزمار:
هه‌ر خۆمانین

هه‌ر شارێکمان
دوگمه‌ی یه‌خه‌ی دەترازێنرێ
دەسته‌دز و پاشه‌دز و
حه‌سحه‌سی شار:
هه‌ر خۆمانین!

له هه‌ر باخێک
گڕ له باڵی دارێک به‌ربێ،
له هه‌ر شاخێک
تاشه‌به‌ردێک بڕمێته خوار:
هه‌ر خۆمانین!

هه‌ر ڕۆژێکمان،
هه‌ر مانگێکمان،
هه‌ر ساڵێکمان هه‌ڵدەواسرێ،
سێداره و په‌ت: هه‌ر خۆمانین!

دوو له‌ت بین و
چوار له‌ت بین و
هه‌زار له‌ت بین
تیخی نه‌فرەت: هه‌ر خۆمانین!

پشت و قامچی، باڵدار و داو:
هه‌ر خۆمانین
پێ و به‌رپێنه، ئاگر و ئاو:
هه‌ر خۆمانین!

با که‌س چیدی تف هه‌ڵناوێ
بۆ ئه‌وانه‌ی مێژووی مردوون،
با که‌س چیدی سووچ نه‌خاته
ئه‌ستۆی دەریا و
قیسمه‌تی خوا و
که‌چ گه‌ڕانی چه‌رخی گه‌ردوون.
گشت سه‌حراکان... بنارێکیان پێ ناگیرێ،
ئێمه خۆمان لووتکه‌کانمان پێشکه‌ش کردوون!

فەرهەنگۆک:
په‌راوێز: حاشیه، زێوار، گه‌ڤه‌ر، که‌نارە
ئاقار: دەورووبه‌ر، عاستی شت
زنار: به‌ردی گه‌ورە
حه‌سحه‌س: که‌سێکه به شه‌و ئێشکی ئاوایی بگرێ
(١٩٩٨/٣/١٨ - هێلسنکی)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit