ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
وڵاتانی تێری جیهان
دەفتەرێکی سووریان هەیە
بۆ ئەو مەل و گیاندارانەی
کە کوشتنیان قەدەغەیە

تکا دەکەم لە یۆنیسکۆ
لە دەفتەرە سوورەکەیدا
ناوی منیش تۆمار بکا
لە ڕاوکەر و بازرگانان
کەوڵ١ و پێستم ڕزگار بکا

ئەمن چبکەم!
نە خزۆکم٢، خشپەیەک هات
بۆ زەندۆڵێک٣ تێتەقێنم
وەک با تەی کەم خەرەند٤ و هەڵدێر و تەلان
نە دەعباشم٥
بە کەڵبە بێچوو هەڵگرم
کونەشاخێک بکەم بە لان!

ئەمن چبکەم!
نە باڵندەم، عەرد دەرم کا
دەرگەی ئاسمان ڤەکەم بە باڵ
نە ماسیشم، گەرداو هەڵکا
ناخی دەریا پەنام بدا و
پەی پێم نەبا چاوی خەیاڵ...

من هەم و نیم دووپێیەکم
کەچی ئەوا زەردەواڵەی دووپێ دەمخۆن
تێم ئاڵاون
لە ڕاست و چەپ، لە خوار و ژوور
سەرتاپام هەمووی برینە
پەنام بدە
دەخیلت بم، دەفتەری سوور!

١. کەوڵ: پێستی گیراوەی هێندێ گیاندار
٢. خزۆک: خشۆک، ئەو گیانەوەرەی بە خشین دەڕو
٣. زەندۆڵ: قڵێش و درزی زەوی
٤. خەرەند: هەڵدێر یا زەندۆڵ و قەڵشێکی قووڵ و ڕک و هەرا و لە زەویدا (وەک هی ڕەواندز)
٥. دەعبا: بریتییە لە گیاندارێک کە ناوی نەزانرێ
(٢/٦/١٩٨٠ - مۆسکۆ)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit