ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
ئەم دنیایە لە هوندوڕی١ جەنگەڵ دەکا
شێی نەفەسبڕ
ڕەگی بوونم گەندەڵ دەکا

بگرەوبەردەی نابڕێتەوە
هەر تەنیایی
چرای هزر و خۆبینینم بۆ هەڵدەکا

بەڵام بریا، خاتوونەکەم، تۆ دەتزانی
هەندێ شەوان تەنیایی چیم لەگەڵ دەکا

دێ، دەتەنێ دەشتی ڕۆحم بە هۆبەی٢ خەم
بەهاریش بێ، شینکەم٣ نوقمی خەزەڵ٤ دەکا

هەر ئەو دەمبا بۆ خەڵوەتگە
هەر ئەویش دێ
لە پڕێکا میحرابەکەم چەپەڵ دەکا

وات چەش کردووم بە تاموبۆی سفرەی لەشت
جارجار نەفسم لە گورکێکی زیتەڵ دەکا

تا بەیانی دەلوورێنێ و مانگ ڕاو دەنێ
ئەلهای٥ کەزی و شلکەی ڕان و کەفەڵ دەکا

پەریی شیعر، ئەوەی کچی تەنیاییمە
تۆم لا نەبێ، لە تارمایی و کۆتەڵ٦ دەکا

هەر ئیکسیری باوەشی تۆ
هەردوو بەهەشت
گۆشەگیری و گەرمیی بەدەن، تێکەڵ دەکا

گوناهت کرد کە نەهاتی
تووڕەش نابم
کچ نەمامە
پێش گڕگرتن دووکەڵ دەکا!

١. هوندوڕ: ناو، نێو، ژوورەوە
٢. هۆبە: ئۆبە، هۆب، کۆمار، کۆمەڵەڕەشماڵ
٣. شینکە: چیمەن، سەوزەڵان، گیاجاڕ، شینایی
٤. خەزەڵ: گەڵای زەردی پایزان
٥. ئەلها: تاسە، تامەزرۆیی
٦. کۆتەڵ: کۆتڵ، هەسپێکە لە کاتی شیندا بە ئەسبابی مردووەوە دەیگێڕن
(١٩٨٠/٥/١٠ - پۆتسدام)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit