ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
'ناونیشانی کۆمەڵێک هەڵوێستی 'عەبدوڵڵا پەشێو'ە لە بابەت شیعرەوە کە لە قاڵبی نامەیەکدا بۆ برادەرێکی نووسیوە. '
هێند دەربڕینی برووسکاوێژی تێدایە حەیفە تۆی شەیدای پەشێویش نەیبیستی...

هاوڕێم!
دیوانە شیعرەکەتم بە دەست گەیشت. خوێندنەوەی چەشنە بێگارێک بوو.
تا من جارێک ئەوم تەواو کرد،
ئەو هەزار جار منی تەواو کرد.

هاوڕێم گوێم لێ بگرە، هەر لەگەڵ تۆم نییە، لەگەڵ زۆربەی هەرە زۆرتانمە:
شیعری 'تازە'ی کوردی لەسەر دەستی خواستراوی ئێوە خەریکە دەدۆڕێ.
لە ڕیشەی خۆی پچڕاوە، نامەیەکە ئەدرێسەکەی ناخوێندرێتەوە، ناگاتە دەست خاوەنی خۆی.

ئەوەی ئێوە ناوی دەنێن شیعر، تەنکە ئاوێکی لێڵە، ئێوەش بۆقئاسا هەم لێی دەخۆنەوە، هەم تێیدا دەڕشێنەوە!

شیعر؛ یا قینێکی زۆر ئەستوورە،
یا خۆشەویستییەکی زۆر تەنکە!

بە شیعری ئێوە نە ئاگری قینم کڵپە دەستێنێ،
نە ئەستێرەی خۆشەویستی دادەڕژێنە ژوورەکەم.

هاوڕێم!
هەر لەگەڵ تۆم نییە،
لەگەڵ زۆربەی هەرە زۆرتانمە:
بە من بێ، حوجرەیەکتان بۆ دەکەمەوە هەمووتان داوێمە بەر خوێندن، بۆ ئەوەی لە بەیانییەوە تا ئێوارێ شیعری بەردەشانی و جزیری و خانی و حاجی و نالی و مەحوی و مەولەوی و گۆران و پیرەمێرد و هەردیتان بۆ بخوێنرێتەوە.

ئێوارانیش، کۆمەڵێک هەقایەتخوان و لاوکبێژ و حەیرانبێژ و زوڕناژەن و دۆڵەنگێوتان بەگژەوە دەنێم تا تاریک و ڕوونی بەیانیان لە بنگوێتان بخوێنن و 'میزاجی کوردەواریتان' ببووژێتەوە.

هاوڕێم، هەر لەگەڵ تۆم نییە،
لەگەڵ زۆربەی هەرە زۆرتانمە:
شیعر؛ کۆترێکی ماڵییە. حەز لە خوێندنی ناو حەوشە و بەر پەنجەرەی ماڵان دەکا، باڵی مەکەن!

شیعر؛ ئەسپێکی شێیە، هاوڕێی دێرینمانە: چوار پەلی لە مس مەگرن!

شیعر، مناڵێکی سادیستە، باوکی خۆی یا ئازار دەدا یا دەیکوژێ.
ئەگەر زۆر دەربەستیی تەمەنی درێژن، باشترە وەجاخکوێر بن!

'شیعر خەنجەرە'؛
ئەوەی نایوەشێنێ، با هەڵینەکێشێ!

ئیمزا: برات عەبدوڵڵا پەشێو

(تەمووزی ١٩٧٨ پۆتسدام)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit