ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
دوێنێ کۆنگرە بوو...
کۆنگرەی شووشان بوو
هەر وڵاتێک و شووشەیەکی نارد
هەر شووشەیەک و
بەسەرهاتی خۆی پوختە گێڕاوە:

چەند قاوەخانە و چەند ماڵ گەڕاوە،
لەسەر چەند مێزان تاج لەسەر بووە،
چەند دەمی دیوە و چی تێ کراوە!

پێش ئەوەی کۆنگرە کۆتایی پێ بێ
بوتڵێکی ڕەشی
لە سپێدەوە کڕ و کپ و مۆن
قوت بۆوە و هاتە بەردەم میکرۆفۆن:

'خوشکان، برایان!
من وەکوو ئێوە سەربردەم نییە،
نە مێزم دیوە، نە کۆڕی یاران
نە گەشتی لادێ، نە باڕی شاران

ڕاستیتان دەوێ؟ !
ئەو ڕێیە دوورەم بۆیە بڕیوە
تا پێتان بڵێم:
من شووشەی بەعسم
لە پاش و پێشی مرۆڤ بترازێ،
هیچم نەدیوە! '

(١٩٨٦/١/٣٠ - تەرابلوس)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit