ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
ئەی گوایه بۆ دڵخۆش نەبین؟
ئەی گوایە بۆ هەڵنەپەڕین؟
چیمان کەمە؟ !
وا کەشتیمان ڕوو لە کەنار،
پشت لە بایە،
خێروبێری کۆمپانیای خوێن
شەپۆل داوێ، بنی نایە،
سەرمان بەرزە وەک ئاڵامان
هاوڕێی هەور و لووتکە چیایه!

ئەی گوایە بۆ دڵخۆش نەبین؟
ئەی گوایە بۆ هەڵنەپەڕین؟
چیمان کەمە؟ !
شەلین؟ کۆرین؟ لاڵین؟ کەڕین؟
چیمان کەمە؟ !

کەی بۆ کەزی و بسکی دایکان
وەکوو ئێستا، هەش زۆر بووە؟
کەی لە سایەی
تەیمانی هێسک و پرووسکا
گوڵی ئاوا گەش زۆر بووە؟

کەی گۆڕستان وا بە هەڕمێن و پڕ بووە؟
کوانێ، لە کوێ
بێدەنگی وا جاڕدراوە و
مناڵیشی پێ کڕ بووە؟ !

ئەی گوایە بۆ دڵخۆش نەبین؟
ئەی گوایە بۆ هەڵنەپەڕین؟
سەرفرازین
وەک ڕانەمەڕ
لەناو گەلەگورگی چاوتەنگا
تێرین وەکوو وردەماسی
لەناو هەناوی نەهەنگا!

ئەی گوایە بۆ دڵخۆش نەبین؟
ئەی گوایە بۆ هەڵنەپەڕین؟
شوانی گورگزادە خۆش بن
ئازادترین ڕانەمەڕین!

فەرهەنگۆک:
هەش: خم، خوم
هەشبەسەر: بەدبەخت، کڵۆڵ
تەیمان: چەپەر، پەرژین، تانۆک، چیلە
هەڕمێن: ڕمێن، برەو، ڕەواج
(١٩٨٤/٩/١٢ - مۆسکۆ)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit