ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
ئێمە درەختی زڕ و بێبەر نین،
تا لە چوار لاوە بمانبڕنەوە.
ئێمە تووتن نین،
چەرچی و بازرگان
بمانفرۆشن و بمانکڕنەوە.
ئێمە بە هەنیەی١ دنیاوە تف نین،
بە سووکەدەستێک بمانسڕنەوە.
ئەو دڵە پاکەی گوانەنەوتێکی داگیرکەرانە
سبەی ملیۆنان ڕمی باڵدارە.
ئەو نیشتمانەی بەردەبازێکی بەرپێی هەمووانە
سبەی ملیۆنا سەنگەری سوارە.

***

هەستن، هەڵۆی شاخان، هەستن!
لە هەستاندا ئێوە یەکن:
یەک بیر، یەک ڕێ، یەک مەبەستن.

هەستن، هەڵۆی شاخان، هەستن!
لە هەستاندا ئێوە زۆرن:
چل ملیۆن چاو، چل ملیۆن قاچ،
چل ملیۆن مەچەک و دەستن.
هەستن، هەڵۆی شاخان، هەستن!

١. هەنیە: ئەنی، هەنی، ناوچاوان، تەوێڵ
(١٩٨٠/٤/٢٢ - مۆسکۆ - وارشۆ)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit