ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
خانمۆڵەکەم!
دە پێم بڵێ:
لەکوێ فێر بووی،
هۆنراوە بکەیتە پەخشان؟
لەکوێ فێر بووی،
دەریای یاخی
ئارام بکەی وەکوو ئاسمان؟

خۆ تۆ شلکەنەمامێکی١، گیانی گیانان،
چۆن دەتوانی
سندم٢ لە پێی گڕکان٣ بکەی،
لغاو٤ بکەی دەمی زریان؟

چۆن بە ساتێک
ئاوا ژینم دەڕەنگێنی،
بە ساتێکیش
بەستەڵەکی تیا دەکەیتە سەرچۆپیکێش؟
چۆن بە ساتێک
وەکوو ئاگر هەڵمدەکەی،
بە ساتێکیش ئاوا دەمکەی بە خۆڵەمێش؟ ...

١. شلک: ناسک، نەرموشل
٢. سند: پێوەندی ئاسن
٣. گڕکان: بورکان، ئاگرپژێن، ئاگری
٤. لغاو: جڵەوگرتن
(١٩٨٠/٣/١٥ - مۆسکۆ)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit